جێگری یەكەمی سەرۆكی پارتی پەیامێكی بڵاوكردەوە هەواڵ

نوچە نێت

جێگری یەكەمی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە یادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، پەیامێکی بڵاوكردەوە و دەڵێت، "یەکێتیی ئافره‌تانی کوردستان سەلماندوویه‌تی هاوبەشێکی سەرەکییه‌ لە گەشەپێدانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مه‌ده‌نیدا".

ئەمڕۆ چوارشەممە (11/كانونی یەكەم/2024) نێچیرڤان بارزانی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵیادی (72) ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان لە پەیامێكدا ڕایگەیاندا، "لە ماوەی خه‌باتی دوور و درێژیدا، یەکێتیی ئافره‌تانی کوردستان سەلماندوویه‌تی کە هاوبەشێکی سەرەکییه‌ لە گەشەپێدانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مه‌ده‌نیدا. هەمیشە سەرچاوەی هێز و داهێنان بووه‌ بۆ به‌رگریکردن له‌ مافه‌کان و مسۆگه‌رکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ ئافره‌تانی کوردستان."

 

دەقی پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانی، جێگری یەكەمی سەرۆکی پارتی: 

لە یادی حەفتا و دووەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا، گەرمترین پیرۆزبایی پێشکەش بە یەکێتیی ئافره‌تانی کوردستان دەکەم. رۆڵی گرنگی لە به‌ره‌وپێشبردنی کۆمەڵگه‌ و بەهێزکردنی بەهاکانی یەکسانی و دادپەروەری بەرز دەنرخێنم. یەکێتیی ئافره‌تانی کوردستان، لە دامەزراندنییەوە لە ساڵی 1952، هێمای خەباتی نیشتمانی و کاری بەردەوام بووە بۆ به‌دیهێنانی مافەکانی ئافره‌تان و به‌هێزکردنی پێگەیان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا.

لە ماوەی خه‌باتی دوور و درێژیدا، یەکێتیی ئافره‌تانی کوردستان سەلماندوویه‌تی کە هاوبەشێکی سەرەکییه‌ لە گەشەپێدانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مه‌ده‌نیدا. هەمیشە سەرچاوەی هێز و داهێنان بووه‌ بۆ به‌رگریکردن له‌ مافه‌کان و مسۆگه‌رکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ ئافره‌تانی کوردستان.

لەم یاده‌دا به‌ رێزه‌وه‌ ره‌نج و قوربانیدانی ئافره‌تان و رۆڵی یەکێتیی ئافره‌تانی کوردستان بەبیر ده‌هێنینەوە و پشتگیریی تەواومان بۆ کار و هەوڵەکانی لەپێناو پاراستنی مافەکانی ئافره‌تان و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتووتردا له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری، دووپات دەکەینەوە.

سڵاو له‌ ته‌واوی ئافره‌تان و دایکان و خوشکانی کوردستان که‌ دڵسۆزانه‌ خزمه‌تی گه‌ل و وڵاته‌که‌یان ده‌که‌ن. با ئەم یادە هاندەرێک بێت بۆ بەردەوامبوون لە کارکردن بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی ئافره‌تان و بەدیهێنانی ته‌واوی ماف و خواستەکانیان.

 

نێچیرڤان بارزانی

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین