بەهجەت بنامین: کارێزمایى نێچیرڤان بارزانى بوو ئابلۆقەکانى دواى رێفراندۆمى سەر کوردستانى شکاند میدیا

نوچەنێت:

سەردانییەکەى نێچیرڤان بارزانى بۆ فەرەنسا و پێشوازى لێکردنى لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆنەوە بە شێوازێکى تایبەت و جیاواز، کاردانەوە و شرۆڤەى زۆرى بەدواى خۆییدا هێناو.بەهجەت بنیامین شارەزاى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کوردستانtv لە (30-3-2021)دا، پێیوایە بانگهێشتکردنى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ کۆشکى ئێلیزێ سەردانییەکى ئاسایی نییە، هەروەک خۆشى دەڵێت، ئەوە لەبیر نەکەین فەرەنسا دەوڵەتێکى بچووک نییە و زۆر گەورەیە، لە هێزى ناتۆ و یەکێتى ئەوروپا و کۆمەڵگەى یۆرۆ پێگەى خۆى هەیە، ئەوە فەرەنسابوو لە کاتى شەڕى داعش لەگەڵ دەوڵەتانى هاوپەیمان ڕۆڵەکى گەورەى هەبوو بۆ پاراستنى سەقامیگرى هەرێمى کوردستان. 

 

ــ کاریگەری ئەم سەردانییەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە دۆخێکى وەک ئێستاى هەرێمى کوردستان و عێراق و ناوچەکە چۆن دەبینن؟ 

بەهجەت بنیامین: لە کۆشکى ئێلیزێ دواى چەند خولەکێکى تر چەندین بابەتى گرنگ گفتوگۆى لەسەر دەکرێت، ئەمەیش وا دەکات چاوى کامێراى هەموو جیهانى لەسەر ئەو کۆشکە بێ، بەتایبەتى عێراق و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. پەیامى هەرە سەرەکى و ئاشکرا لەو سەردانییە ئەوەیە، ئەمڕۆ لەم بارودۆخەدا، کە شەڕێ کۆرۆنا هەیە لە هەموو جیهان، بە هۆى شەڕى ئەم نەخۆشییەوە ڕەنگە پەیوەندى لە نێوان دوو مۆڵدا نەبن، بەڵام ئەمڕۆ پەیوەندى لە نێوان هەرێمى کوردستان و فەرەنسا لە ئاستێکى بەرزدایە، کە مەزنترین دەوڵەتە و ئەندامى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەڵەتییە، ئەمڕۆ لە کۆشکێ ئێلیزێ کە کەمتر نییە لە کۆشکى سپى و کرملین، بۆ بڕیاردان سەنگى سیاسى خۆى هەیە لە جیهاندا.

سەرۆکى هەرێمى کوردستان، بە شێوەیەکى فەرمى بانگهێشتکراوە، بۆیە ئەم دیدارە گەلەک پەیام لە خۆ دەگرێت، پەیامى ئەم دیدارە بۆ حکوومەتى عێراقى فیدراڵ ئەوەیە، هەر بابەتێک پەیوەندى بە چارەسەرکردنى عێراقەوە هەیە، کە ئەمڕۆکە لە عێراق کێشە هەیە، کێشەى ئابوورى و بودجە و سەربازى و دەستوەردانى وڵاتانى دراوسێ هەیە، کێشەى ناوخۆیى لایەنە شیعەکان هەیە، سەرەڕاى هەموو ئەوانە ئەمڕۆ فەرەنسا لە کۆشکى ئێلیزێ پەیامێکى بە عێراق دا، بۆ چارەسەرکردنى هەر کێشەیەک لە عێراق دا، سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەستپێشخەرە و ئەو کێشانەش لە ڕێگەى هەرێمى کوردستان دێتە چارەسەرکردن، چونکە هەرێمى کوردستان بناغەیەى خۆى هەیە، بناغەى دیموکراسى و مافى مرۆڤ، بناغەى هەموو نەتەوەیەک دەتوانن تێیدا بژین، ئەو بناغەیەى دایناوە، وایکردووە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش سەنگ و حیسابى خۆى هەبێ، بەڵگەش ئەوەیە ئەمڕۆ جەنابى نێچیرڤان بارزانى لەم کۆشکەدا مێوانە.

لەبیر نەکەین پەیوەندى هەرێمى کوردستان و فەرەنسا پەیوەندییەکى دوورودرێژە، هەر لە ساتەوەختى شۆڕشى کوردییدا لەسەر دەستى بارزانى نەمر، لەسەردەمى جەنەڕاڵ شارڵ دیگۆڵ، بارزانى نەمر کاتێ نامەیەکى بۆ نارد و داواى هەڵوەشاندنەوەى ئەو گرێبەستەى کرد، کە لە نێوان عێراق و فەرەنسا بەسترا بوو بۆ کڕینى فڕۆکە، لە نامەکەدا بارزانى باسى لەوە کردبوو کە ئەم چەکە لە دژى هەندێ مرۆڤ بەکاردەهێندرێت کە پێیاندەڵێن کورد، لە لوتکەى پەیوەندییەکانى عێراق و فەرەنسا ئەو کات پەیوەندەییەکانیان زۆر توندوتۆڵ بوو، ئەم گرێبەستە هەڵوەشاندرایەوە لە سەردەمى جەنەڕاڵ شارل دیگۆل.

پەیوەندییەکانى فەرەنسا لەگەڵ هەرێمى کوردستان، پەیوەندییەکى ستراتیژییە و کاتى نییە.

لە دواى پەیوەندییەکانى شۆڕشى کورد و فەرەنسا، پەیوەندییەکانى هەردوولا پێشکەوتنى زیاترى بە خۆییەوە بینى، ئەویش دواى کۆچکردنە یەک ملیۆنییەکەى کورد لە (1991)دا، کاتێ خەڵکى ئێمە زۆربەیان ئاوارەى ئێران و تورکیا بوون، کە ئەوکات سەردەمى فرانسۆ میتران بوو، دانیال میتران لەڕێگەى ڕێکخراوە خێرخوازییەکان هاتە تورکیا و سەردانى هەموو کەمپەکانى کرد، وە لەڕووى مرۆیی و سیاسییەوەش توانى خزمەتى میللەتى کورد بکات، دواتر لە کاتى بەستنى کۆنفرانسى ئەنستیتیۆى پاریس کە لە فەرەنسا ئەنجامدرا، زیاتر لە (110) وڵات تێیدا بەشدار بوون بۆ ئەوەى کێشەى کورد بە جیهان بناسێنن، بەتایبەت پێشنیارکرا بۆ ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى، کە فەرەنسا تێدا ئەندام بوو و کاریگەرى زۆرى هەبوو لەسەر ئەو ئەنجوومەنە، بەڵگەش لەسەر کاریگەریى فەرەنسا لەسەر ئەنجوومەنى ئاسایش، توانى قەناعەت بە بەریتانیا و ئەمەریکا بکات تا ناوچەى ئارام بۆ کورد دروست بکەن.   

ــ ئەوەى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و فەرەنسا لە زۆربەى پەیوەندییەکانى دیکە جیا دەکاتەوە ئەوەیە، پەیوەندییەکان تەنها لە قۆناغێکى کاتى یان لەسەر ئاستى تاکە سەرۆکەکى وڵات نەماوەتەوە، بەڵکو پەیوەندییەکان درێژخایەنن، لە قۆناغە جیاوازەکانى ڕابردووشدا لە زۆر کاودانى جیاوازدا هەروەک باستکرد، حکوومەتى فەرەنسا بە تەنگ هەرێمى کوردستانەوە هاتووە، لە قۆناغەکانى ڕابردوو تا ئێستا ئەم پەیوەندییانە بەردەوامن و ئیدارەى حکوومەتى فەرەنسا خوازیارى ئەوەیە کە قۆناغ بە قۆناغ پەرە بەم پەیوەندییانە بدات، بە بۆچوونى ئێوە ئەمە بۆچى دەگەڕێتەوە؟

بەهجەت بنیامین: پەیوەندیی هەرێمى کوردستان و فەرەنسا تەنها بۆ سەرۆکێک ناگەڕێتەوە، ئێمە ئاماژەمان پێدا لەسەردەمى فرانسۆ میتران بە نافەرمى سەرۆک بارزانى بینى بۆ پشتیوانیکردنى لە کورد، کە ئەوکات هەرێمى کوردستان دروست نەببوو، دواى فرانسۆ میران و دروستکردنى ناوچەى ئارام و دانانى هێڵى (36) بۆ کوردستان، هەروەها پاراستنى کوردستان لەلایەن فەرەنسا لە بنکەى سەربازى ئەنجەرلیک لە تورکیا تاوەکو (2005)، پاشان لەسەردەمى سەرۆک سارکۆزى یەکەم دیدارى فەرمى جەنابى سەرۆک بارزانى لە کۆشکى ئێلیزێ ئەنجامدرا، کە نیشانیدا ئەم پەیوەندییە پەیوەندییەکى ستراتیژییە نەک پەیوەندیى کاتى، چونکە لەو چوار پێنج سەرۆکەى فەرەنسا، هەر سەرۆکێکى فەرەنسا هاتبێت نە لە حیزبى ئیشتراکى بوونە نە لە حیزبى کۆمارى، هەتاوەکو ئەمڕۆ سەرۆک ماکرۆن-یش ئەندامى ئەو حیزبە نەبووە، کە دواى هەڵبژاردنى (2017) بووە سەرۆکى فەرەنسا، ئەمەیش بۆ پێگەى هەرێمى کوردستان دەگەڕێتەوە، بۆ یەکڕێزى و مەرجعیەتى قیادەى هەرێمى کوردستان دەگەڕێتەوە، بۆ ڕۆڵى سەرۆک بارزانى دەگەڕێتەوە کە ئەمڕۆ ڕۆڵى مەرجەعەک بۆ کورد دەبینى، خەمخۆرى ئەو بۆ ئەو کیانە و عێراق بە گشتى و تایبەت بۆ ئەو هەرێمى کوردستان. 

کاتێ نێچیرڤان پێشنیارکرا بۆ سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان، یەکەم وڵاتى ئەوروپى و زڵهێز پیرۆزبایى لێکرد فەرەنسا بوو، کە لە نامەیەکدا ستایشى کارێزما و کەسایەتیى نێچیرڤان بارزانى کرد.

سەردانییەکەى ئەمڕۆى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەیوەندییە کۆنە، لەبیر نەکەین فەرەنسا دەوڵەتێکى بچووک نییە و زۆر گەورەیە، لە هێزى ناتۆ و یەکێتى ئەوروپا و کۆمەڵگەى یۆرۆ پێگەى خۆى هەیە، فەرەنسا لە کاتى شەڕى داعش لەگەڵ دەوڵەتانى هاوپەیمان ڕۆڵەکى گەورەى هەبوو بۆ پاراستنى سەقامیگرى هەرێمى کوردستان. 

ــ دیمەنەکانى ساتى گەیشتنى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ کۆشکى ئێلیزێیت بینى، ئەمە چە دەلالەت و مانایەک بۆ ئەم سەردانییە دەدات؟

بەهجەت بنیامین: بەڵێ، شێوازى پێشوازیکردنى سەرۆک ماکرۆن، لە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، گەرموگوڕییەکى ئێجگار زۆر گەورە هەبوو، ئەوە نیشانەى گرنگییدانە بە هەرێمى کوردستان، بێجگە لە بە هێزى پێگەى هەرێمى کوردستان، کە جێگاى هەموو نەتەوە و پێکهاتەیەکى تێیدا دەبێتەوە، دواى هاتنى پاپا بۆ کوردستان ڕەنگدانەوەیەکى ئێجگار گەورەى هەبوو لەسەر ئاستى جیهان، کە هەرێمى کوردستان بۆتە شوێنى هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانە.

ئەم شێوازەى سەرۆک ماکرۆن غەریب نییە بەرامبەر نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، کاتێ سەرۆک نێچیرڤان هاتە پێشنیارکردن لەلایەن جەنابى سەرۆک بارزانى بۆ سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان، یەکەم وڵاتى زلهێز و ئەوروپى پیرۆزبایى لە جەنابى نێچیرڤان بارزانى کرد، فەرەنسا بوو، کە ماکرۆن نامەیەکیشى نارد، زۆر ستایشى کارێزما و کەسایەتیى و دەوڵەتمەدار ڕێزدار نێچیرڤان بارزانى کرد، وامان دەبینى کە ئێمە دوو دەوڵەتین، وە ئێمە پەیوەندییەکى دروورودرێژمان پێکەوە هەیە، دۆستى ئێمە بوونە و ئێمەیان لە نیوەى ڕێگە بەجێنەهێشتیە، شێوازى نامەکەى ماکرۆن و شێوازى پێشوازیکردنەکەى ئەمڕۆى، هەست بە دۆستایەتیى هەردوو کەسایەتیى دەکرێت، وە زۆر سەرسامە بە کەسایەتیى نێچیرڤان بارزانى، نێچیرڤان بارزانى ئەو کەسەیە کە توانى ڕۆڵەکى ئێجگار گەورە لە پەیوەندى ناوخۆیى هەرێمى کوردستان و عێراق لەگەڵ وڵاتانى دەوروبەرى کوردستان و یەکێتى ئەوروپا ببینێ.

 کارێزمایەکى وەکو نێچیرڤان بارزانى، کە توانى ڕۆڵەکى گەورە ببینى بەتایبەت لە دواى ئەنجامدانى رێفراندۆمى (25-9-2017)، وە یەکەم وڵات دەرگاى خۆى لەسەر هەرێمى کوردستان کردەوە، یەکەم وڵات بەپیل بانگەوازى هەرێمى کوردستان هات فەرەنسا بوو، کە هەموو دەرگاکانى زەوى و ئاسمان لەسەر هەرێمى کوردستان داخرابوون، تەنانەت بچووکترن کارمەندى حکوومەتى عێراق ئامادەنەبوو وەڵامى پەیوەندییەکى ئێمە بداتەوە، ئەوکات سەرۆک ماکرۆن پێشوازى لە جەنابى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى کرد، سەرۆکى حکوومەتى ئەوکاتى هەرێمى کوردستان، هەروەها لە بن ئاڵاى کوردستان لەکاتى ئەنجامدانى کۆنگرەى ڕۆژنامەوانى، بە کوردى نووسیبیان (شەممە2 مانگى دوازدەى 2017)، ئەمە پەیامێکى گەورە بوو بۆ عێراق و وڵاتانى دەورووبەر.

پێگەى هەرێمى کوردستان لەسەر عێراق و وڵاتانى دەورووبەر بۆتە هۆى ئەوەى گرنگیى بە ئێمە بدرێت، لەبەر ئەوە هیچ کەسێک ناتوانێ فشارمان لەسەر دروست بکات و ئەم قەوارەیە لە ناوببات، پێگەى جوگرافى و سەرکردایەتیى و حکومڕانیێتى ئێمە، لە ماوەى ئەم (30) ساڵەدا بەرامبەر عێراق، کە ئێمە گەلەک مافى خۆمان لەدەستدا بۆ ئەوەى عێراقى فیدراڵ بپارێزن، بەڵام نەک لەگەڵ ئێمە نەبوون سەرەڕاى هەموو ئەوانەش، ئەمڕۆ لە کۆشکى ئێلیزێ جەنابى نێچیرڤان بارزانى نیوەى ئەو بابەتە گەرمانەى قسەى لەسەر دەکرێ، ئەوەیە کە چۆن کێشەى عێراق چارەسەر بکەن، هەروەها فەرەنسا ئەوکاتیش ڕۆڵەکى گەورەى بینى، کاتێ بە دواى عەبادى نارد بۆ ئەوەى پەیوەندى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق ئاسایی ببنەوە، دواتر لە (2018) وەزیرى دەرەوەى فەرەنسا هاتە کوردستان و لەلایەن نێچیرڤان بارزانى پێشوازى لێکرا، کۆتایی بە زۆربەى کێشەکانى نێوان هەرێم و عێراق هێنا.

عێراق وڵاتێکە ئێمە ناتوانین تێیدا بژین، عێراق وڵاتێکە هەموو دەوڵەتانى زلهێز تەماشاى عێراق دەکەن یەک نەخشەى هەیە، یەک میللەت و ئایینى هەیە، تەنها وڵاتى زلهێز دەتوانى چارەنووسى میللەتان دیارى بکەن کە فەرەنسایە، ئەوان دەتوانن ئێمە و عەرەب لێک جیابکاتەوە، بەڵگەش بۆ ئەوە، کاتێ سەرۆک ماکرۆن لە (2020) سەردانى عێراقى کرد، لەگەڵ هەموو سەرکردەکانى عێراق بەیەکەوە کۆبوویەوە، بەڵام لەگەڵ جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بە جودا کۆبوونەوەیەکى دیکەى ئەنجام دا، لێرەدا پەیامێکى گەیاند، کە ڕاستە ئێوە لە یەک وڵاتدان، بەڵام دوو قەوارەى سەربەخۆنە. باشترین چارەسەر بۆ عێراق تاوەکو ئەو کێشانە لە نێوان هەرێمى کوردستان و بەغدا نەمێنن، ئەوەیە کە دان بە ئێمەدا بنیرێت و ئێمە وڵاتى خۆمان بونیادناوە، هەروەها پەیوەندییەکانى ئێمە لەگەڵ عێراق جودایە، وە ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانەکان لە هەموو کاودانەکدا ڕاست و دروست بووینە، ئەمە وایکردووە ئەمڕۆکە ئێمە ببینە جێگەى گرنگیدان.

فەرەنسا لە کۆشکى ئێلیزێ پەیامێکى بە عێراق دا، کە سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ چارەسەرکردنى کێشەیەکانى عێراقیش دەستپێشخەرە، چونکە هەرێمى کوردستان بناغەیەى خۆى هەیە.

فەرەنسا لە دواى ئازادکردنى عێراقیش غائیب بوو، لەوەى ڕۆڵى خۆى ببینى چە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست چە لە عێراق، لە دواى (2003) فەرەنسا پێویست بوو ببێت بە یاریکەرێکى سەرەکى لە گۆڕەپانى ڕۆژهەڵانى ناوەڕاست بەتایبەت لە عێراق و سووریا، بۆ ئەوەى بتوانى پێگەى خۆى لە ڕۆژهەڵات ناوەڕاست و عێراق قائیم بکات و کاریگەرى هەبێ لە رووى ئابوورى یان سەربازی، ئێستاش تاکە دەرگا بۆ فەرەنسا هەرێمى کوردستانە، بۆیە فەرەنسا گرنگییەکى زۆر بە هەرێمى کوردستان دەدات.

ــ وەک ئاماژە پێکرد بەتایبەتى لە دواى گشتپرسى (2017)، کە هەرێمى کوردستان رووبەڕووى بارودۆخێکى ناهەموار بووییەوە، دیسان سەرۆک کۆمارى فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن بانگهێشتى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى ئەوکاتى حکوومەتى هەرێمى کوردستانى کرد، بێگومان جێگرى سەرۆکى حکوومەت و شاندێکیان لەگەڵ بوو، فەرەنسا لە زۆر قۆناغدا دەستپێشخەرى هەبووە، پێتوایە ئەمجارەش چە دەستپێشخەریەکى هەیە، بەتایبەتى ئەوەى پەیوەستە بە پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغدا، شارەزایان پێیانوایە وڵاتانى ئەوروپا بەتایبەتى فەرەنسا خوازیارى عێراقێکى سەقامگیر و دیموکراسن، وەک ئێوەش ئاماژەتان پیکرد ئیمانوێل ماکرۆن لە بنەڕەتدا خوازیارى پتەکردنى دۆستایەیتى خۆیەتى و سەرسامە بە کەسایەتییەکەى، دەیەوێ نێچیرڤان بارزانیش ڕۆڵێکى لەو هەنگاوانە هەبێ، کە بە ئاقارى سەقامگیرى و دیموکراسى زیاترى عێراق پێویستە بگیرێتەبەر؟

بەهجەت بنیامین: بەڵێ دەستپێشخەرى هەبوونە، بەڵام ئەم دەستپێشخەریانە چۆن بووە، پێگەى هەرێمى کوردستان و دامەزراندنى کابینەى نۆیەمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، بەبێ بودجە و هاوکارى حکوومەتى فیدراڵى توانى خۆى بەڕێوەببات، ئەوە بۆ ماوەى چەندین مانگە توانیویەتى بەشێکى زۆر لە کێشە و کەموکورتییەکان چارەسەر بکات، توانیویەتى پرۆسەى ئاوەدانکردنەوە بەردەوام بێ و ئاسایشى کوردستان بپارێزێت، هەروەها توانیوەیەتى بەسەر ڤایرۆسى کۆرۆنا زاڵ بێت.

 لە سیاسەتى پەیوەندیکردندا، خەڵک مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتى بە هێز دەکات، ئەمڕۆ حکوومەتى عێراق ناڵێین حکوومەتێکى زۆر لاوازە، بەڵام حکوومەتێکى پەرشوبڵاوە، حکوومەتێکە تۆ نازانى دانوستاندن لەگەڵ کێ دەکەى، حکوومەتێکە هیچ کارێزما و مەرجەعیەتێک لە عێراق نابینى. هەرێمى کوردستان سەرەڕاى هەندێ کەموکوڕى ئەگەر هەشبن ئەویش بەهۆى نەناردنى بودجە لەلایەن حکوومەتى عێراقەوە، ئیمە توانیمان مەرجەعیەتێکى بە هێزمان بەسەرپەرشتى جەنابى مسعود بارزانى هەبێ، کەسایەتییەکى بەهێزى وەک سەرۆکى هەرێمى کوردستانمان هەیە، کە سەرۆکێکى وەک سەرۆک ماکرۆن زۆر پێى سەرسامە و ستایشى حکومڕانیێت و پەیوەندییەکانى دەکات، کاتێ تۆ سەرۆک وەزیرانەیەکى وەک مسرور بارزانی-یت هەبێ کە حکومڕانیێتى ئەم حکوومەتە دەکات و توانیویەتى بە یەک تیم لەم حکوومەتەدا کار بکات، وە ڕۆژانە پڕۆژەکان جێبەجێ دەکرێ و خزمەتگوزاریی پێشکەش دەکرێت.

هەروەها ئێمە توانیومانە سەرەڕاى قەیرانى ڤایرۆسى کۆرۆنا خۆمان بەڕێوەببەین، هەموو ئەوانە وایکردووە دەستپێشخەرى هەبن، حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتیى ڕێزدار مسرور بارزانى، دەیەوێت هەندێ پڕۆژە و گرێبەست لەگەڵ حکوومەتى فەرەنسا لە دوورمەودا ئەنجام بدات، هەروەک ئێوە کاتێ پرسیارى ئەوەتانکرد ئەم پەیوەندییەى هەرێمى کوردستان و فەرەنسا کورتخایەنن یان درێژخایەن؟ پەیوەندیى هەرێمى کوردستان و دەوڵەتى فەرەنسا پەیوەندییەکى ستراتیژییە، هەر کەسێک سەرۆکایەتى ئەو وڵاتە بکات ئارەزوو و ویستى پەیوەندى لەگەڵ کوردستان هەیە، وە دەبێ ئێمە هەندێ گرێبەستى ئابوورى ئەنجام بدەین لەگەڵ فەرەنسا، چونکە ئەمڕۆ ئێمە بمانەوێت یان نا، ئابوورى تەحکومى وڵاتان دەکات، ئەو گرێبەستانەى لە نێوان فەرەنسا و عێراق ئەنجامدراوە کە (20) تا (25) ساڵین، دەبێ ئێمەش گرێبەست لەگەڵ وڵاتانى دیکە بکەین، ئەوە دەبێتە هەنگاوێک تا فەرەنسا وەکو دەوڵەتێکى گەورە بتوانێ هەندێ گرێبەست لەگەڵ هەرێمى کوردستان بکات، تاوەکو پێگەى ئەو لە هەرێمى کوردستان بەهێزبێت، پێگەى فەرەنسا لە هەرێمى کوردستان دەبێتە پێگەیەک بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. 

سەرچاوە: کوردستانtv

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە