د. دلاوەر خالید ئاژگەیى: کۆبوونەکەوەى کۆشکى ئێلیزێ دەبێتە لۆبیەکى گرنگ بۆ کوردستان میدیا

نوچەنێت:

نوێنەرى حکوومەتیى هەرێمى کوردستان لە یەکێتیى ئەوروپا، د. دلاوەر خالید ئاژگەیى لە دیمانەیەکى کوردستانtv لە (30-3-2021)دا، تیشکى خستەر سەردانییەکەى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ فەرەنسا و پێشیوایە بەهێزى پەیوەندیى هەرێمى کوردستان و فەرەنسا هاوکات ئەم دیدارەى کۆشکى ئێلیزێ، کاریگەرى باشى دەبێت لەسەر بڕیار و دیدگاکاىن یەکێتى ئەوروپا بەرامبەر هەرێمى کوردستان و عێراقیش، چونکە لە ئێستادا فەرەنسا بە هاوبەشى لەگەڵ ئەڵمانیا سەرکردایەتیى وڵاتانى ئەوروپا دەکات.

 

ــ ئەمڕۆ سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ سەرۆکى فەرەنسا هەروەها لەگەڵ وەزیرى دەرەوەى فەرەنسا کۆبۆوە، یەکێتى ئەوروپا چۆن دەڕوانێتە ئەم کۆبوونەوانە؟

د. دلاوەر ئاژگەیى: وەکو بینیمان سەردان و کۆبوونەوەیەکى زۆر سەرکەوتوو بوو، ئەوە لەبیر نەکەین لە ئەوروپا لەسەردەمى کۆرۆناین، وە بەتایبەتى لە فەرەنسا زۆربەى کۆبوونەوەکان یان هەڵوەشاندرایتەوە یانیش بۆ کاتێکى تر دواخراوە، ئەوە خۆى لە خۆیدا ئاماژەیەکە، کە فەرەنسا بەو پێشوازیی و کۆبوونەوەیە لەگەڵ بەرێز سەرۆکى هەرێمى کوردستان پەیامێک و ئاماژەیەکە بۆ پەیوەندییەکانى گرنگەکانى هەرێمى کوردستان و گرنگى دانە بە هەرێمى کوردستان لەو کات و ساتەى ئێستادا.

سەبارەت بە یەکێتى ئەوروپا، لە دواى دەرچوونى بەریتانیا لە یەکێتى ئەوروپا لەئێستادا فەرەنسا لەگەڵ ئەڵمانیا ئەو دوو وڵاتە سەرکردایەتیى یەکێتى ئەوروپا و دامەزراوە گەورەکانى دیموکراسى دەکەن، کە بۆ هەرێمى کوردستان زۆر گرنگە، وە لە هەرێمى کوردستانیش زۆر نزیکە، فەرەنساش زیاتر پەیوەستە بە سیاسەتى دەرەوەى یەکێتى ئەوروپا و بڕیاردان لەسەر یەکێتیى ئەوروپا و کاریگەرى لەسەر وڵاتانى ئەندام لە یەکێتى ئەوروپا، بەڵام ئەڵمانیا زیاتر پەیوەستە بە سیاسەتى ئابووریى ناوخۆى یەکێتى ئەوروپا، بە هەر حاڵ هەردوو وڵات پێکەوە سەرکردایەتیى یەکێتیى ئەوروپا دەکەن، یەکێتیى ئەوروپا وەکو ئاگادارن زۆربەى وڵاتان لە یەکێتیى ئەوروپا لە ئێستادا نوێنەرایەتییان هەیە، لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان و پێشتریش سەردانى زۆرى باش لە هەردوولا چە لە وەزیرانى دەرەوە و بەرگرییان چە وەزیرانى تریان و سەرۆکانى وڵاتانى ئەوروپا زۆربەیان سەردانى هەرێمى کوردستانیان کردووە، هەروەها پێشوازییان لە بەرپرسانى باڵاى هەرێمى کوردستان کردووە لە چەند ساڵى ڕابردوو.

وەک باسمکرد ئێستا لەبەر قەیرانى کۆرۆنا کەم بۆتەوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێ لەدواى کۆتایی هاتنى ئەم قەیرانە، ئەم سەردانییانە جارێکى تر بگەڕێنەوە بۆ ئاستى پێشەوە. لە ڕووى جیۆپۆلەتیکیوە هەرێمى کوردستان گرنگییەکى زۆرى هەیە بۆ یەکێتى ئەوروپا بە گشتى، ئەمەیش بە تایبەتى لە دواى شەڕى تیرۆر و هاتنى ژمارەیەکى بەرچاو لە پەنابەران بۆ وڵاتانى ئەندام لە یەکێتیى ئەوروپا، وە هەروەها لەسەر بابەتى وزە و جیۆپۆلەتیکى هەرێمى کوردستان و دابینکردنى وزە و سەقامگیرى لەم ناوچەیە، ئەو بەهایانەى کە هەرێمى کوردستان کارى بۆ دەکات لە پێکەوەژیان، لە بەها دیموکراسییەکان و مافى مرۆڤ، ئەو بەهایانەى یەکێتى ئەوروپا بڕوایان پێى هەیە، وە ئەم سەردانی ئەم دواییەى قەداسەتى پاپا شاهێدێکە کە ئەوان زۆر بە گرنگیى دەڕوانە هەرێمى کوردستان، بۆیە پێموایە لەمەودوا ئەم گرنگییە هێشتا بەرەو ئاستێکى بەرزتر دەڕوات و لە کۆتایییدا دەبێتە هۆکارى ئەوەى کە هەرێمى کوردستان زیاتر بەهێز بێ لە چوارچێوەى عێراق دا. 

ــ ئەم سەردانەى ئەمڕۆى سەرۆکى هەرێمى کوردستان کە وەک خۆت ئاماژەتان پێدا لەسەر داواى ئیمانوێل ماکرۆن بووە و ڕۆڵى فەرەنساتان باسکرد و پێگەى فەرەنساتان لە یەکێتى ئەوروپا لەگەڵ ئەڵمانیادا دوو وڵاتن کە سەرکردایەتیى یەکێتى ئەوروپا دەکەن، ئەمە ببێت بە جۆرێک لە لۆبی کردن یاخوج ڕێگەخۆشکەر بێ بۆ وڵاتانى دیکەى یەکێتى ئەوروپا، کە پەیوەندییەکانیان زیاتر لەگەڵ هەرێمى کوردستان توندوتۆڵ بکەن و بایەخى پێبدەن؟

د. دلاوەر ئاژگەیى: بێگومان ئەوە دەبێتە پاڵپشتى و لۆبییەکى زۆر باش بۆ هەرێمى کوردستان، لێتان ناشارمەوە لە چەند ساڵى ڕابردوو کۆبوونەکانمان لە برۆکسل لەگەڵ باڵیۆزانى وڵاتانى ئەندام لە یەکێتى ئەوروپا کە نوێنەرایەتیى وڵاتانى خۆیان دەکەن لە یەکێتى ئەوروپا و بڕیارەکانى وڵاتانى خۆیان دەگەینە بەرپرسانى ترى یەکێتى ئەوروپا، ئێمە زۆرجار کۆبوونەوە دەکەین لەگەڵیان ئەوەى کە تێبینیمان کردووە، باڵیۆزى فەرەنسا لە زۆر کۆبوونەوەدا کە ئێمەش بەشدار نەبووینە و کۆبوونەوەى داخراوى ئەوروپییەکان بووە، وەکو ئەوەى یەکێتى ئەوروپا داواى لێ بکات یان وەکو نوێنەرى هەرێمى کوردستان ئەو پەیامیانەى گەیاندووە.

 بۆ نموونە بابەتى دەستوورى عێراق، کە ئێمە زۆر کارى بۆ دەکەین و جەختى لەسەر دەکەینەوە، کە دەستوورى عێراق زۆر گرنگە و هەموو خاڵەکانى جێبەجێ بکرێت و پێشێل نەکرێن، ئەمەش دەبێتە گرنگییەک بۆ مانەوەى خەڵکى هەرێمى کوردستان تا هەست بە ئاسوودەیى بکەن و هەست بکەن لەو وڵاتە بەبێ جیاوازى دەژین، هەمان شێوە بە تایبەتى لە بڕیارەکانى یەکێتى ئەوروپا سەبارەت بە عێراق ڕۆڵەکى زۆر کاریگەریان هەیە، وە ئێمە هەوڵدەدەین پێش ئەوەى کۆنفرانسە گەورەکان بکرێن لەگەڵ ئەوان گفتوگۆ بکەین، هەروەها پەیامەکانى خۆمانیان پێ بگەینین و ئالۆگۆڕى بیروڕاکانمان بکەین، بۆ ئەوەى زیاتر ئەبدیێت بکەن لەسەر ئەو بڕیار و گۆڕانکارییانەى لە ناوچەکە ڕوودەدەن، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەوان تاوەکو ئێستا ڕۆڵەکى کاریگەر و پۆزەتیڤ و باشیان بینیووە لە پاڵشتیکردنى هەرێمى کوردستان نەک تەنها لە یەکێتى ئەوروپا، پێموایە لە ئەنجوومەنى ئاسایش و نەتەوەیەکگرتووەکانیش هەمان ڕۆڵیان بینیووە. 

ــ تۆ وەکو نوێنەرى حکوومەتى هەرێم لە یەکێتى ئەوروپا زیاتر ئاگادارى سیاسەتى یەکێتى ئەوروپاى بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و عێراقیش بە تایبەتى، یەکێتى ئەوروپا عێراقێکى چۆنى دەوێ، لەم چوارچێوەیەشدا هەرێمى کوردستانیشى پێوە بەندە، بەتایبەت لە ئێستادا عێراق بە کۆمەڵێک قەیران و کێشەى دەستوورى و سیاسى و مەزهەبیش دا تێدەپەڕێ؟

د. دلاوەر ئاژگەیى: ئەگەر سەیرى ئەو لێدوان و ڕاگەیێندراوانەى کە لە یەکێتیى ئەوروپا دەرچوونە سەبارەت بە عێراق، لە دواى کۆبوونەوەى وەزیرانى دەرەوە و بەرپرسانى ترى یەکێتى ئەوروپا، چەند خاڵێک هەیە کە بۆ ئێمە جێگاى سەرنجن، یەک لەوان کە دەرخەرى سیاسەتى یەکێتیى ئەوروپایە بەرامبەر عێراق و هەرێمى کوردستانیش، یەکێک لەوان ئەوەیە کە لە هەموو بڕیارەکانیان باس دەکەن دەبێ حکوومەتى عێراق لە هەموو بڕیارەکانى پێکهاتەکان تێدا بەشدار بن بەتایبەتى کورد، واتە کورد خاوەن بڕیار بێ لە عێراق و بەغدا، ئەمە یەکێکە لە سیاستەکانى یەکێتى ئەوروپا، کە زۆر بە ڕاشکاوانە باسى دەکەن، ئەمە بۆتە گشتاندنێکیش بۆ زۆربەى وەزیرانى دەرەوەى وڵاتانى ئەندام لە یەکێتیى ئەوروپا، چە لە تویت و بۆچوونە گەرمەکانیان چە لە لێدوان و سەردانەکانیان بۆ بەغدا و هەرێمى کوردستان ئەمە دووپات دەکەنەوە، کە دەبێ حکوومەتیى عێراق حکوومەتێک بێ کە هەموو لایەک تێدا بەشدار بن بەتایبەتى کورد.

دووەم، بابەتى هاوکارى و هەماهەنگى لە نێوان هەردوولا، کە ئەوان جەختى لەسەر دەکەنەوە، بەتایبەتى لە مەسەلەى ئاسایش و سەقامگیرى و هێزى پێشمەرگە زۆر باسى لێوەدەکرێت و پشتگیرى لێدەکەن، خۆشیان لەشەڕى داعشەوە تاوەکو ئێستا ڕاوێژکار و هێزى ئاسمانیان هەیە لە هەرێمى کوردستان، وە پشتیگرى لە هێزى پێشمەرگەى کوردستان دەکەن، ڕەنگە زیاتر لە شوێنەکانى دیکە لە هەرێمى کوردستان چالاکیان هەیە، ئەمانە هەمووى پەیام و سنگاڵن بۆ دەرەوى و دەرخەرى سیاسەتى یەکێتیى ئەوروپان بەرامبەر بە هەرێمى کوردستان، جگە لەوە سەبارەت بە دەستوورى عێراقیش، بەرپرسانى باڵاى هەرێمى کوردستان بەڕیز سەرۆکى هەرێمى کوردستان، بەڕێز سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران و سەرۆک بارزانى، هەروەها لەگەڵ بەرپرسانى یەکێتى ئەوروپا پێشتر لەکاتى قەیرانەکانیش باسیانکردووە، جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە دەبێ دەستوور عێراق بەبێ هیچ کێشە و کەموکوڕییەک جێبەجێ بکرێت لەلایەن بەغداوە.

هەر لەبەر ئەوەشە یەکێک لەو خاڵانەى کە بۆتە سیاسەتى دەرەوەى ئەوروپا بەرامبەر عێراق، کە لە زۆربەى لێدوانەکانیان لەکاتى دانوستاندنەکان بەرامبەر عێراق جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، دەبێ دەستوورى عێراق بناغەیەک بێت بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان، ئەوەش هەمان ئەو داواکارییە کە هەرێمى کوردستان دووبارەى دەکاتەوە، بۆیە ئەوە بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ دەبێتە پاڵپشتییەکى سیاسى لە هەرێمى کوردستان، وە دەتوانین بڵێین ئەوە جێگاى دڵخۆشییە و دەرخەرى ئەوەیە کە هەرێمى کوردستان لە ئێستادا پەیوەندى باشى نێودەوڵەتى هەیە، بەتایبەتى لەگەڵ وڵاتانى زلهێز و دامەزراوەکانى یەکێتى ئەوروپا و ئەو ناوەندانەى کە خاوەن بڕیارن لە عێراق و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ناوچەکە بە شێوەیەکى گشتى.

سەرچاوە: کوردستانtv

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە