سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ناتوانێت سەردانی ئیسرائیل بکات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕێگە نادەین سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی وڵاتەکەمان بکات، چونكە بە ئاشکرا ئیدانەی هێرشە موشەکییەکانی ئێرانی بۆ سەر ئیسرائیل نەکردووە.

ڕۆژی چوارشەممە (دووی تشرینی یەکەم/2024) ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاویکردەوە، ئیسرائیل کاتس، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، "ڕێگە نادەین ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی ئیسرائیل بکات، چونکە بەڕوونی ئیدانەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێرانی نەکردووە".

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل گوتیشی، "هەر کەسێک نەتوانێت بە ڕوونی هەڵوێستی هەبێت سەبارەت بە هێرشەکانی سەر وڵاتەکەمان، بە ئاشکرا ئیدانەی نەکات شایەنی ئەوە نییە پێ لەسەر خاکی ئیسرائیل بنێت، نزیکەی هەموو وڵاتانی جیهان هەڵوێستی ئاشکرایان نەبوو سەبارەت بە هێرشەکان، بەڵام ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە هاووڵاتیانی و پاراستنی کەرامەتی نەتەوەیی خۆی بەبێ ئەوان و لەگەڵ ئەوانیش".

دوێنێ سێشەممە، "ئێران بە سەدان مووشەکی بالیستیکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، ئیسرائیل بەرپەرچی زۆربەیانی دایەوە، لە ئاسماندا ڕێیان لێگیرا بەڵام هەندێکیان سیستەمی بەرگریی مووشەکیان تێپەڕاند".

هەمان کات ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەیاننامەیەکی کورتی بڵاوکردەوە، تەنیا ئاماژەی بە، "هێرشەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زیادبوونی ناکۆکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین