فاتیح ئەربەکان: هەرگیز جارێکی تر لەگەڵ ئەکپارتی هاوپەیمانی پێک ناهێنینەوە تورکیە

نوچە نێت

ئامادەکردنى: دنیا ئەحمەد 

فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی یەنی رەفاە سەبارەت بە بوونی پارتەکەیان لەنێو هاوپەیمانی جمهور رایگەیاند، "هەرگیز جارێکی تر هاوپەیمانی لەگەڵ ئەکپارتی پێک ناهێنینەوە، چونکە ئێمە وەک لایەنی سێیەم لەنێو ئەو هاوپەیمانییە دەنگی زیاتر دەهێنین."

ماڵپەڕی (t24) بڵاوی کردەوە، فاتیح ئەربەکان لە چاوپێکەوتنێکدا لەبارەی گۆرینی بۆچونەکانیان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی (14)ی ئایاری تورکیا  و (31) ئازار دەڵێت، "هۆکاری بەشداریکردنمان لە هاوپەیمانی جمهور لە ساڵی رابردوو ئەو ئەجێندا دەرونییە بوو کە گەرەکی کۆنەپەرستەکانی ڕاسترەو لەسەریان داناوە، هەرگیز ئەمجارە ناچینەوە نێو هاوپەیمانی جمهور، چونکە ئێمە سەرەتا پاشەکشەمان نەکرد کاندیدی تایبەتی خۆمان هەبوو بۆ سەرۆکایەتی ئەوان داوای هاوپەیمانیان کرد ئێمەش واژۆمان کرد، ئەوەی ئێمەی ناچارکرد ئەو هاوپەیمانییە لەگەڵ ئەکپارتی  واژۆ يکەین، ئەوەبوو کە ئێمە نەبینە هۆکارێک بۆ ئەوەی جەهەپە بێتە سەر دەسەڵات، ئێستا بەشێوەی سەربەخۆ بەردەوامین لە گەشتەکەمان، نەدەکرا لەم دواییانەدا لەگەڵ هاوپەیمانەکە هاوبەش بین، چونکە ڕۆژ بە رۆژ  باج لەسەر خەڵک زیاد دەکات و قەرزکردن لە زیادبوونە و دانانی سوو زیاد دەکات، هەژارەکان هەژارتر دەبن دەوڵەمەندەکان دەوڵەمەندتر دەبن خەڵک لە قەیرانێکی هەژاری سەختدایە."

سەرۆکی یەنی رەفاە ئاماژە بەوە دەکات، "لەئێستادا بەرنامە و تێروانینی ترمان هەیە، خۆمان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ئامادە دەکەین، ئێمەش پێمان وایە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە نیوەی ماوەی خۆی ئەنجامبدرێت و دڵنیاشم هاوپەیمانی سێیەم کە لەلایەن پارتە ڕاسترەوەکان پێکهێنراوە دەبێتە بەدیلێکی جددی بۆ دەنگدەرانی کۆنەپەرست کە پشتیوانی جەهەپە دەکەن، ئەگەر هاتوو دانوستاندنی یەکگرتنەوەی پارتەکانی ئایندە و دیڤاش سەرکەوتووبێت ئەوکات شتەکان لە باڵی ڕاست خێراتر دەبن و پشتیوانی بۆ جەهەپە زیاتر دەبێت، ئێمەش وەک لایەنی سێیەم دەنگەکانمان زیاتر دەبێت."

ئەربەکان سەبارەت بە گۆرانکارییەکان لەنێو حکوومەتی تورکیا راشیگەیاند، "بۆچوونی ئێمە ئەوەیە دەبێت گۆرانکاریی لە تورکیا دەستپێبکرێت، ئەردۆغان ماندوو پیربووە، نەک سەرۆک بگرە ستافەکەشی بەهەمان شێوە ، چەندین ساڵ بەر لە ئێستا گوتی کانزاکان ماندوو بوونە ئێستا کانزاکان ماندووتر بوونە، هەربۆیە لە داهاتوو دەبێت حکوومەت و دەسەڵات بگۆرێت ئەوان هیچیان پێنەماوە بدەنە ئەو میللەتە نابێت بهێلین دەرفەتێکی تریان بۆ بڕەخسێت، بەو دۆخەی ئێستا نە میللەت نە حکوومەت تا هەڵبژاردنی ساڵی (2028) بەرگە ناگرێت." 

سەبارەت بە بەردەوامی هەناردەکردن و بازرگانی تورکیا لەگەڵ ئیسرائیل ئەربەکان گوتی، " دامەزراوەی ئامارەکانی ئیسرائیل پشت ڕاستی دەکەنەوە کە بە بەهای چەندین ملیۆن دۆلار بەرهەمیان لەلایەن تورکیاوە پێگەیشتوو، دەرکەوتووە لەرێگەی یۆنانەوە ئەم گەیاندنە ئەنجام دراوە بەشێوەیەک بەڵگەنامەکان ئامادە دەکەن وەک بڵێی بۆ یۆنان ئامادەکرابێت، بەڵام لە ڕاستیدا بۆ ئیسرائیل دەنێردرێت، ئەوەی جێگەی سەرنجە داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە قەبارەی بازرگانی (12) هێندە زیادی کردووە ئەوەش جێگەی گومانە، چونکە ساڵانە (10٪ یان 50٪) زیاد دەکات نەک ئەوەی ئەوان باسی دەکەن ئەو رێژەیە پێچەوانیەی ڕەوتی ئاساییە، سەیرە فەڵەستین لەژێر ئەو هەڕەشەو کۆمەڵکوژیەیە چۆن بەو شێوەیە رێژەی بازرگانی بەرزبۆتەوە، لەلایەکی تر میدیا جیهانییەکان باس لەوە دەکەن بەرهەمەکانی تورکیا لەرێگەی ئەو کۆمپانیایانەوە کە لە فەلەستینەوە هەن بەرهەمەکان دەنێردرێت بۆ ئیسرائیل، هەروەها ناردنی نەوتی ئازەربایجان لەرێگەی باکۆوە بۆ جەیهان و لەوێشەوە بۆ ئیسرائیل دەبێت رێگری لە وڵاتی سێیەم بگیرێت بەراستی ئەو تۆمەتانە جددینە بەڵام لە تورکیا پەردەپۆش دەکرێن، من بەراستی گومانم لە دڵسۆزی دەسەڵاتدارانی حکوومەتەکامان هەیە چونکە لەدوای هەڵبژاردنەکانی (31)ی ئازار تاقیکردنەوەیەکی باشیان نەبوو بۆ ئەو میللەتە."  

پارتی یەنی رەفاە پارتێکی سیاسی ئیسلامی تورکیایە، لە هەردوو هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و شارەوانی تورکیا توانی (6٪)ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت، هەروەها ڕۆڵێکی گرینگی هەبوو لەوەی ئەردۆغان بتوانێت دووبارە لە هەڵبژاردنەکانی (2023) خۆی کاندید بکاتەوە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین