حزبوڵڵای لوبنان هێرشێکی فراوانی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام دا عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر کوژرانی فوئاد شوکر، سەرکردەی حزبوڵڵا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ حزبوڵڵا سەدان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاراستەی ئیسرائیل کرد.

ڕۆژی یەکشەممە (25/ئاب/2024) ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاویکردەوە، حزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند، "زیاتر لە (320) مووشەک و درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە، (11) ئامانجی پێکاندووە، ئەو هێرشە وەک قۆناغی یەکەمی وەڵامدانەوەیە بۆ کوشتنی فوئاد شوکر فەرماندەی باڵا لە بەیروت، بەردەوام دەبین لە تۆڵەکردنەوەی".

نووسینگەی بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، "کابینەی ئیسرائیل کاتژمێر (7) ی بەیانی کۆبوونەوەیەکی گرنگ ئەنجام دەدات".

هاوكات ئیسرائیل کاتس، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هۆشداری بە حزبوڵڵا دەكات و دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە ئیسرائیل وەڵامی پێشهاتەکان دەداتەوە". 

هەروەها یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەخت دەکاتەوە لەوەی، "هەرچی پێویست بێت ئەنجامی دەدەن بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل، ئێمە هێرشی چڕمان لە لوبنان ئەنجامداوە بۆ پوچەڵکردنەوەی هەڕەشە نزیکەکان لە دژی هاوڵاتیانی ئیسرائیل. لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکانی بەیروت دەکەین و سوورین لەسەر بەکارهێنانی هەموو ئەو ئامرازانەی لە بەردەستماندایە بۆ بەرگریکردن لە هاووڵاتیانمان".

گالانت لە یەكەم كاردانەوەدا، باری نائاسایی ڕاگەیاند و "گەشتە ئاسمانییەکان بۆ فڕۆکەخانەی بن گوریۆن لە تەلئەبیب بۆ ماوەی (90) خولەک ڕاگیران، سەرانسەری وڵات لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە".

بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا بە بەردەوامی لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکانیان لە پەیوەندی دان و ڕایانگەیاندووە، "ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردن لە  ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی، بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ سەقامگیری ناوچەکە".

بەهۆی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا ترسی ڕوودانی جەنگێکی ناوچەیی فراوانتر هەیە، ئەگەری هەیە ئەمەریکا و ئێران بکەونە ناو جەنگەکەوە، وە ئەمڕۆ کۆشکی سپی جارێكی دیكە ڕایگەیاند، "جۆ بایدن لە نزیکەوە چاودێریی رووداوەکان دەکات".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین