پەیوەندییەکانى کوردستان و فەرەنسا؛ لە ژەنەڕاڵ دیگۆڵەوە بۆ ئیمانوێل ماکرۆن میدیا

ڕاپۆرت:

پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و فەرەنسا ڕەگێکى مێژووییان هەیە و لەسەر ئاستێکى باڵادان، پەیوەندییەکان بەجۆرێکن کە کۆبوونەوەى لوتکە لە نێوان هەرێمى کوردستان و فەرەنسا چەند جارێک هەم لە هەولێر هەم لە پاریس، جارێکیش لە بەغدا بەڕێوەچوون، ئەو پەیوەندییانە بۆ سەردەمى مستەفا بارزانى نەمر لە شۆڕشى ئەیلوولى مەزن دەگەڕێنەوە، ئەو کات بارزانى نەمر لە نامەیەکدا بۆ شارڵ دیگۆڵ سەرۆکى ئەوکاتى فەرەنسا کرد کە پاریس فرۆکەى جەنگى بە ڕژێمى عێراق نەفرۆشێت، پەیوەندییەکانى کوردستان و فەرەنسا لەوکاتەوە زیاتر پەرەیانسەند و لە کۆتایی حەفتاکانى سەدەى ڕابردوو پەیوەندییەکان بەرەوپێشەوە چوون.

خاتوو دانیال میتران، کەسایەتیى سیاسى و چالاکوان و هاوسەرى پێشووترى سەرۆک کۆمارى فەرەنسا فرانسۆ میتران، لە سەرەتاى سەدەى هەشتاکانى ڕابردوو پەیوەندى بە هێزى لەگەڵ کوردستان دروستکرد، تا وایلێهات سەرۆک بارزانى نازناوى دایکى کوردى بە خاتوو دانیال میتران بەخشى. خاتوو دانیال میتران لە (1983) بۆ زیاتر ناساندنى دۆزى کورد ئینستیتیۆى کوردى لە پاریس دامەزراند، هەروەها لە کۆتایی سەدەکانى ڕابردوو دواى راپەڕینى (1991) چەند جارێک سەردانى هێزەکانى پێشمەرگەى لە چیاکانى هەرێمى کوردستان کردووە.

لە دواى کۆڕەوى ملیۆنى کوردستان، لە دواى راپەڕینى (1991) فەرەنسا هەوڵى زۆرى بۆ پاراستنى هەرێمى کوردستان و خەڵکەکەى دا و بە هەوڵى فەرەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارى (688)ى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى بۆ ناوچەى دژەفڕین درا بۆ پاراستنى هەرێمى کوردستان.

لە (1992) لەگەڵ دامەزراندنى حکوومەتى هەرێمى کورستان، خاتوو دانیال میتران، بەشدارى ئەم بۆنە مێژووییەى کرد، دواتر سەرۆک بارزانى کارى بۆ زیاتر پەرەپێدانى پەیوەندییەکان لەگەڵ فەرەنسا کرد. لە دواى پرۆسەى ئازادیى عێراق لە (2003) هەرێمى کوردستان و فەرەنسا زیاتر لە یەکتر نزیکبوونەوە، لە (2008) فەرەنسا کۆنسوڵخانەى خۆى لە هەولێر کردەوە، لە ساڵانى (2010 تا 2017) سەرۆک بارزانى چەند جارێک لەلایەن سەرۆکەکانى فەرەنسا بە فەرمى لە کۆشکى ئێلیزێ پێشوازى گەرمى لێکرا.

جارێک لە (2011) لەلایەن نیکۆلا سارکۆزى سەرۆکى پێشووتر و سێ جاریش لەلایەن فرانسۆ هۆلاند سەرۆکى پێشووى فەرەنساوە پێشوازى لێکراوە. لەگەڵ پەلامارى رێکخراوى تیرۆریستى داعش بۆ سەر هەرێمى کوردستان لە (2014)، فەرەنسا هەر زوو هاتە سەر هێڵ و سەرۆک فرانسۆ هۆلاند پەیوەندى بە سەرۆک بارزانییەوە کرد و بڕیارى هاوکاریکردنى پێشمەرگەى دا، ئەوە بوو فەرەنسا تیمى سەربازیى و تەقەمەنى بۆ هەرێمى کوردستان نارد و فرۆکە جەنگییەکانى بەشدارى لە هێرشى ئاسمانى بۆ سەر داعش کرد.

لە گەرمەى شەڕى دژى داعش دا، سەرۆکى پێشووى فەرەنسا فرانسۆ هۆلاند لە (12) ئەیلوولى (2014) سەردانى هەولێرى کرد و دواى ئەو پێشوازییە گەرمەى کە لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە لێکرا، بەڵێنى هاوکاریکردنى زیاترى پێشمەرگە و پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان درا، هەروەها لە (10) شوباتى (2015) سەرۆک بارزانى و سەرۆک هۆلاند لە کۆشى ئێلیزێ کۆبوونەوە و پەیوەندییەکانى هەولێر و پاریس و بەرپەرچدانەوەى تیرۆریان تاوتوێ کرد. لە (2) کانوونى دووەمى (2017) جارێکى تر سەرۆکى فەرەنسا سەردانى هەرێمى کوردستانى کرد، هەر لەو سەردانەدا فرانسۆ هۆلاند لەگەڵ سەرۆک بارزانى سەنگەرەکانى پێشمەرگەیان لە بەرەکانى پێشەوەى جەنگى دژى داعش بەسەرکردەوە.

لە (21)ى شوباتى (2017) سەرۆک بارزانى سەردانى پاریسى کرد و جارێکى دیکە لەگەڵ سەرۆک هۆلاند کۆبووە، هەروەها سەرۆک فرانسۆ هۆلاند لە دواى کۆتایی هاتنى وادەى سەرۆکایەتییەکەشى لە (24-2-2019) سەردانى هەرێمى کوردستانى کردەوە و لەلایەن سەرۆک بارزانى پێشوازى لێکرا، لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانى باڵاى فەرەنسا وەک وەزیرانى دەرەوە و بەرگرى و بەرپرسانى دیکەى باڵاى سیاسى و سەربازى و گەورە دیپلۆماتکاران چەند جارێک سەردانى هەرێمى کوردستانیان کردووە. لە دواى خیانەتى (16)ى ئۆکتۆبەرى (2017) و ئەو ئابلۆقە سیاسى و ئابوورییەى بەسەر هەرێمى کوردستاندا سەپێندرا، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکى ئێستاى فەرەنسا، لە (2-12-2017) لە کۆشکى ئێلیزێ پێشوازى لە نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى ئەوکاتى حکوومەت و سەرۆکى ئێستاى هەرێمى کوردستانى کرد. فەرەنسا و سەرۆکەکەى ڕۆڵى کارایان بۆ شکاندنى ئابلۆقەکانى سەر هەرێمى کوردستان گێڕا، هەروەها لە (10) تەمووزى (2019) نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە کۆشکى ئێلیزێ لە پاریس لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆمارى فەرەنسا پێشوازى لێکرا، کۆبوونەوەیەکى گرنگ و بەرهەمدار لە نێوانیاندا بەڕێوەچوو.

هەر لە چوارچێوەى دیدار و کۆبوونەکاندا لە نێوان هەولێر و پاریس، وەزیرانى بەرگرى و دەرەوەى فەرەنسا بەردەوام سەردانى هەرێمى کوردستانیان کردووە، ژان ئێف لۆدەریان هەم وەک وەزیرى دەرەوە و هەم وەک وەزیرى بەرگرى، (8) جار سەردانى هەولێرى کردووە، جیا لەوەى بەرپرسانى دیکەى فەرەنسا لەوانەش بێرنارد کۆشنەر وەزیرى پێشووترى دەرەوەى فەرەنسا و دۆستى دێرینى گەلى کوردستان چەند جارێک سەردانى کوردستانى کردووە. هەروەها لە (26) ئابى (2017) هەردوو وەزیرانى بەرگرى و دەرەوەى فەرەنسا پێکەوە سەردانى هەولێریان کرد، لە (17) تەمووزى (2020) وەزیرى دەرەوەى فەرەنسا فلۆرانس بارلیس سەردانى کوردستانى کرد، لە (27) ئابى هەمان ساڵدا دیسان وەزیرى دەرەوەى فەرەنسا ژان ئێف لۆدەریان سەردانى هەولێرى کردەوە. لە (2) ئەیلوولى (2020)یش سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن لە چوارچێوەى سەردانەکەى بۆ بەغدا داواى لە نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان کرد، کە لە بەغدا یەکترى ببینین و بەیەکەوە کۆببنەوە، ئەوە بوو دوو کۆبۆبوونەوەى گرنگى بەرهەمدار لە نێوان نێچیرڤان بارزانى و ئیمانویڵ ماکرۆن لە بەغدا بەڕێوەچوون، ماکرۆن بەردەوامى پشتگیرى وڵاتەکەى بۆ هەرێمى کوردستان  و پەرەپێدانى پەیوەندییەکان و هەوڵەکانى چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا دووپاتکردەوە.   

سەرچاوە: کوردستانTV

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە