هەڵوێستی تورکیا بەرامبەر کوژرانی ئیسماعیل هەنییە شیکاری

نوچە نێت

ئامادەكردنی: دنیا ئەحمەد

دەسەڵاتدارانی تورکیا هاوشێوەی وڵاتانی جیهان هەڵوێستیان بەرامبەر بە تیرۆرکردنی هەنییە دەڕبڕی، تورکیا ترسی لەوەیە جەنگێکی گشتگیر لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرهەڵبدات.

ماڵپەری (ئەنادۆڵ) بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەپەیامێکدا سەبارەت بە تیرۆرکردنی  ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی حەماس لە ئێران رایگەیاند، "کوژرانی ئەم سەرکەردەیە کارێکی نەفرەتییە، هەوڵێکە بۆ تێکدان و بەرخۆدانی دۆزی فەڵەستین و شکۆمەندی غەززە، بۆ هێنانە خوارەوەی ورە و تۆقاندنی برا موسڵمانەکانمانە لەو وڵاتە."

سەرۆکی تورکیا بۆ کوژرانی هەنییە دەشڵێت، "ئامانجی تیرۆرکردنی برام هەنییە هەمان ئامانجی کوژرانی سەرکردەکانی تری غەززەیە، بەڵام بەڕبەڕیەتی زایۆنیستی تاوەکو ئێستا بە ئامانجەکەی نەگەیشتووە، هیواخوازم هەڵوێستی جیهانی ئیسلام و هاوپەیمانی مرۆڤایەتی ببێتە ڕێگایەک بۆ کۆتایهێنان بە تیرۆری ئیسرائیل کە ئەو زوڵم و جینوسایدەی بەسەر جوگرافیای ئێمە سەپاندووە، دڵنیام ئارامی لە ناوچەکانمان و هەموو جیهان بەرپادەبێت." 

ئەردۆغان لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی، "بۆ ئەمڕۆ وەک تورکیا بەهەموو توانامان هەوڵدەدەین لە هەموو دەرگایەک پاڵپشتی برا فەڵەستینیەکانمان بکەین، بەردەوام دەبین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین کە قودسی ڕۆژهەڵات پایتەختی بێت، سەرەخۆشی لە برایانی غەززە و موساڵمانان و بنەماڵەکەی دەکەم هیوادارم خودای گەورە بەبەهەشتی شادبکا."

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاوکردەوەو رایگەیاند، "هەنییە هەموو ژیانی بۆ دۆزی فەڵەستین و بەدەستهێنانی ئاشتی و ئارامی تەرخان کردبوو، هەنییە هەرگیز ئاشتی لەدەستنەدا لەکاتێکدا ئەندامانی خێزانەکەی لەلایەن ئیسرائیلەوە شەهیتکران، یادەوەریەکانی لە دۆزی دادپەروەری فەڵەستین دەمێنێتەوە و دەژی، خوای گەورە ڕۆحی شاد بکات." 

هەر سەبارەت بە کوژرانی سەرکردەی حەماس ماڵپەری (بیرگون) بڵاویکردەوە، ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی جەهەپە لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، "یەکێک وەک ناتانیاهۆ کە بکوژی منداڵ و ئافرەتە، ئەو هێرشدەکاتە سەر ئۆتۆمبێڵی فریاکەوتن و تەقەلە نەخۆشخانە دەکات کە ئەوانەی چەپڵەی بۆ لێدەدەن وەک ئەو تاوانبارن لە دژی مرۆڤایەتی چونکە سەرۆکی ئیسرائیل تاوانباری جینۆسایدە، کوشتنی سەرکردەی حەماس کردەوەیەکی توندوتیژییە ئێمە هەرگیز پەسەندی ناکەین." 

کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی جەهەپە بەهۆی کوژرانی هەنییە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ئێران پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، "ئیسماعیل هەنییە زۆر چاونەترسانە بەشداربوو لە خەباتی ئازادی گەلی فەڵەستین، لەلایەن زایۆنیستەکانەوە کوژرا کە هەرگیز بەرگەی ئاشتی و برایەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناگرن، سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی گەڵی فەڵەستین و خانەوادەکەی دەکەم بژی فەڵەستین وبژی خەباتی ئەم وڵاتە."

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راگەیندراوێکی بەهۆی کوژرانی هەنییە بڵاوکردەوە تێیدا ئاماژەی بەوە داوە، "تورکیا بەردەوام دەبێت لە هاوکاری و پاڵپشتی دۆزی دادپەروەی گەڵی فەڵەستین، ئێمە کوژرانی هەنییە لە تاران شەرمەزار دەکەین و فەلەستین بە هەزارەها شەهیدی هاوشێوەی هەنییەی کردۆتە قوربانی تەنیا لەپێناو ئەوەی بتوانن لە دۆزی خۆیان لەژێر سێبەری دەوڵەتی خۆیان بەئارامی بژین." 

لە بەشێکی تری راگەیێندراوەکە ئاماژەیان بە مەترسی بڵاوبوونەوەی شەڕ لەناوچەکە کردووە و رایانگەیاندووە، "زۆر ڕوونە حکوومەتی ناتانیاهۆ هەرگیز ویستی گەیشتنی بە ئاشتی نییە، هەروەها ئامانجیان بڵاوکردنەوەی شەڕە لە ڕەهەندێکی ناوچەیی. هەربۆیەش داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین هەنگاوی پێویست بگرنەبەر بۆ ڕاگرتنی هێڕشەکانی ئیسرائیل چونکە ناچەکامان ڕووبەڕووی ململانێی زۆر گەورەتر دەبێتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین