ئێران: ئەمەریکا دۆلار لە بەرژەوەندی خۆی بەکار دەهێنێت ئێران

نوچەنێت

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئەمەریکا دەیەوێت دۆلار بەکار بهێنێت وەک ئامرازێک بۆ زاڵبوونی هەژموونی خۆی بەسەر وڵاتانی جیهاندا.

ڕۆژی چوارشەممە (17/تەمموز/2024) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، "ڕێککەوتنی دراوی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ڕووسیا پارەی دراوی نیشتمانی لە مامەڵە بازرگانییەکاندا مسۆگەر دەکات، ئێران پێشنیاری بەکارهێنانی هەمان میکانیزمی لەگەڵ وڵاتانی بریکسدا کردووە".

کەنعانی ڕوونیشی کردەوە، "وڵاتانی بریکس توانا و سەرچاوەیان هەیە بۆ پەرەپێدان و بەهێزکردنی پرێنسیپی هەمەچەشنی، جیهان لە ڕەفتاری تاکلایەنەی ڕۆژئاوا بێزار بووە".

بریکس بەرەو فراوانکردنی ئەو پارەدانە هەنگاو دەنێت کە پەیوەندی بە دۆلارەوە نییە، چونکە وڵاتانی ئەندام دەیانەوێت خۆیان لە سیستەمی پەیوەندییە بانکییەکان دوور بخەنەوە. یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی وڵاتانی بریکس کەمکردنەوەی پشت بەستن بە دۆلار و بەکارهێنانی دراوی نیشتمانییە لە مامەڵە بازرگانییەکاندا. ئاشکرایە (%95) مامەڵەی بازرگانی نێوان ڕوسیا و چین بە روبڵ و یوان ئەنجام دەدرێت.

ڕووسیا لە کانوونی دووەمی ئەمساڵدا سەرۆکایەتیی بریکسی گرتە ئەستۆ. چەندین وڵات ئەمساڵ بوونە ئەندامانی نوێ لە رێکخراوەکەدا، جگە لە ڕووسیا، بەرازیل، هیندستان، چین و ئەفریقای باشوور، لە ئێستادا هەریەکە لە میسر، ئەسیوپیا، ئێران، ئیمارات و سعودیە ئەندامن لە بریکسدا. لەپاڵ سەرۆکایەتیی بریکس، ڕووسیا زیاتر لە (200) چالاکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی ڕێکدەخات.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین