ئێران ناڕەزایەتی خۆی دەداتە باڵیۆزخانەی سوید ئێران

نوچەنێت

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی سوید لە تاران بە هۆی لێدوانی بەرپرسێکی ئەو وڵاتە، بانگهێشت کرد.

رۆژی یەکشەممە (2/حوزەیران/2024) ئێران ئینتەرناشناڵ لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، ئاژانسی هەواڵی فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندووە، بەرپرسی کاروباری کاتی باڵیۆزخانەی سوید لە تاران، رۆژی شەممە بانگهێشت کراوە و لەم بانگهێشتکردنەدا ئێران بەرامبەر بە "لێدوانێک بە پشتبەستن بە زانیاریی درۆ و هاندەر و کاریگەریی ئیسرائیل" ناڕەزایەتی دەربڕیوە.

بە پێی بەیاننامەی دەزگای ئەمنی سوید (سپۆ) رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، کە کۆماری ئیسلامی لە تۆڕە تاوانکارییەکان لە ناوخۆی سوید بۆ ئەنجامدانی کردەوەی توندوتیژی دژ بە وڵاتان و گرووپەکان و کەسەکان کەڵک وەردەگرێت.

سپۆ لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، ئەم چالاکییانە بە پلەی یەکەم ئەو گرووپ و کەسانەی ناڕازی، کە لە کۆمەڵگەی ئێرانییە کۆچبەرەکان دەکاتە ئامانج، بەڵام شۆڕبووەتەوە بۆ نوێنەرانی وڵاتانی دیکەی وەک ئیسرائیل و "ئە جۆرە چالاکیانە دەتوانرێت بە ئامانجی زیان گەیاندن بە بەرژەوەندی، ئامانج و چالاکییەکانی ئیسرائیل و یەهوودییەکان ئەنجام بدرێت.

کەناڵی 12ی ئیسرائیل، رۆژی پێنجشەممە لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، کە "بەرپرسانی مۆساد هۆشداری دەدەن، کە ئێران هێرشە تیرۆریستییەکان لە ئەوروپا، دوو مانگ پێش ئۆڵۆمپیادی پاریس، پەرە پێدەدات.

ئەم کەناڵە ئیسرائیلییە دەڵێت، لە چەند رۆژی رابردوودا دوو نارنجۆک لە نیوە شەودا بەرەوە باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە بەلجیکا هەڵدراوە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە. 

ئەمە یەکەمجار نییە، کە کۆماری ئیسلامی بە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکان یان هاوڵاتیانی ئیسرائیل تۆمەتبار دەکرێت.

دەیلی مەیل لەم راپۆرتەدا، کردەوە تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەریتانیا بە "راستییەکی ترسناک" ناوبرد و دەڵێت، کە "تاران بەردەوام هێرش بە شێوازی تاقمە تاوانکارەکان لەسەر شەقامەکانی بەریتانیا رێکدەخات و هێشتا رێگایەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم ئۆپەراسیۆنانەدا نەدۆزراوەتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین