سەرۆکی پێشووی جەهەپە سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش دەکات هەواڵ
کەمال کلیچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی جەهەپە رایگەیاند کە سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش دەکات کە بەهۆی دۆسیەی کۆبانی بە (42) ساڵ زیندانی سزادراوە.

رۆژى دووشەممە (27/ئایار/2024) ماڵپەری (T24) بڵاویکردەوە، لەدوای هەڵبژاردنی (31) ئادار کە ئۆزگور ئۆزێل بوو بە سەرۆکی  جەهەپە بۆ یەکەمین جار کەمال کلیچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی جەهەپە بەشداری لە بەرنامەیەکدا کرد و رایگەیاند، کە بەیانی سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش سەرۆکی پێشووی هەدەپە و سەلچوک مزراکلی سەرۆکی پێشووی شارەوانی دیاربەکر لە زیندانی ئەدیرنە دەکات. 

لەبەرنامەکەدا کلیچدارئۆغڵو سەبارەت بەو رەخنانەی کە دەنگی بە بەڵێ داوە بۆ لابردنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران گوتی، "کارەساتێکی یاسایی زۆر گەورەیە کە ئەمرۆ دەمیرتاش لە زیندانە، ئەردۆغان دەمیرتاشی بەتایبەت لە زیندان رایگرتووە، دەزانن بۆ؟ چونکە ئەو بە ئەردۆغانی گوتووە ئێمە تۆ ناکەینە سەرۆک، ئەمە راستییەکەیە." 

سەرۆکی پێشووی جەهەپە بەهۆی ئەو سزا قورسەی بەسەر دەمیرتاش سەپێنراوە رەخنە لە حکومەت دەگرێت و دەڵێت، "بەرێز سەڵاحەدین چی کردووە، خۆ چەکی هەڵنەگرتووە." 

لەدوای ئەوەی دادگای تورکیا لە دۆسیەی کۆبانی سزای قورسی بەسەر سەڵاحەدین دەمیرتاش و هاوەڵەکانی سەپاند، زۆرێک لە دەسەڵاتدارانی جەهەپە رەخنەی زۆرتوندیان لە دەسەڵاتدارانی ئەکپارتی گرت. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین