پارتى دیموکراتى کوردستان راگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە
نوچە نێت
ئەمڕۆ یەکشەممە (26/ئايار/ 2024) بە سەرپەرشتى سەرۆک بارزانى کۆمیتەى ناوەندى پارتى دیموکراتى کوردستان کۆبووەوە، دواى کۆبوونەکەوە راگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە.
دەقی راگەیێندراوەکە:
بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆك مهسعود بارزانی، كۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان، ئەمرۆ یەک شەممە 26/5/2024 له صلاحهدین، بە ئامادەبوونی جێگرانی سەرۆك و ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی و یەدەگەكان و بەرپرسى لقەکان، كۆبوونەوەی فراوانى خۆی ئەنجام دا.دواى ساتێك وهستان بۆ ڕێزگرتن له گیانی پاكی شههیدانی كوردستان سهروهریان بارزانی نهمر و كاك ئیدریسی ههمشه لهیاد، کۆبوونەوە کە لە ڕۆژێکى پیرۆز و مێژوویى ئەنجامدرا، بە پیرۆزبایى 26ى گوڵان، چل و هەشتەمین ساڵیادى هەڵگریسانى شۆڕشى گوڵان، ئەو شۆڕشەى کە ویست و پیلانى دوژمنانى کوردستانى کردە خەونێکى بەدى نەهاتوو، دەستى پێکرد.دواتر چەند پرسێکى هەنوكەیی و گرنگ و پێویست خرانە بەر باس و گفتوگۆ و، ئهو بابهت و تهوهرانهی خوارهوه بڕیاری پێویستیان بۆ وەرگیرا:
تەوەری یەكەم: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانى دەوروبەر:
پەیوەندیمان لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى ئێران، کە هەوراز و نشێوى بەخۆیەوە بینیوە و ماوەیەک ساردى و لێکتێنەگەیشتن بە پەیوەندییەکانمانەوە دیاربوو، سەرەڕاى ئەوەى کە پەیوەندییەکانمان پێشینەیەکى دێرین و باشی هەبووە و، دواى پەیوەندیکردن و هەوڵدان بۆ ئاسیاییکردنەوەى پەیوەندییەکان بە لەبەرچاوگرتنى بەرژەوەندى هاوبەشى هەردوولا، ڕەوتى هەوڵەکانى ئاساییکردنەوە ئاکامى هەبوو، هیوادارین بە ئاراستەى ڕێزگرتن و لێکتێگەیشتن پەیوەندییەکانمان بگەڕێنەوە ئاستى ئاسایى.پەیوەندیمان لەگەڵ کۆمارى تورکیا بە هەوڵى هەردوولا و لێکتێگەیشتن و ڕێزگرتنى بەرامبەر و پاراستنى بەرژەوەندییەکان، ڕێڕەوى ئاسایى خۆى وەرگرتووە و، هاتنى سەرۆک کۆمارى تورکیایش، بەرێز ئەردۆگان بۆ کوردستان، تەکانێکى ئەرێنى و باشى دایە پەیوەندییەکانمان.پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتان و دەوڵەتانى دیکەى جیهان، بەتایبەتى لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەوروپا لە ئاستێکى باشدایە و، کۆبوونەوە و سەردانى شاندى وڵاتان و سەردانى شەندەکانمان لە هاتن و چونى بەردەوام و ئاستێکى باشدان، پێویستە لەپێناو بەرژەوەندى هەرێمى کوردستان پەرەیان پێبدرێت و جموجۆڵى دیپلۆماسى بەهێزتربکەین.پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانى عەرەبى، بەشێوەیەکى گشتى زۆربەى وڵاتانى عەرەبى تێگەیشتنى باشیان لەسەر هەرێمى کوردستان و ڕۆڵى دامودەزگاکانى هەرێم لە بەشدارى و دابینکردنى سەقامگیرى و ئەمنیەتى ناوچەکە و، دروستکردنى پەیوەندى باش و هاوسەنگ لەگەڵ تەواوى لایەنەکان هەیە، کە هەمیشە هەرێمى کوردستان فاکتەرى ڕەواندنەوەى گرژیەکانە و بەشێکى گرنگیش بووە لە دژایەتى تیرۆر و توندوتیژى.کۆبوونەوە هەوڵ و کۆششەکانى سەرۆکایەتى هەرێم و حکومەتى هەرێمى کوردستانى بەرزنرخاند بەئاراستەى چارەسەرکردنى گرفتەکان و بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان لە ناوخۆى عێراقى فیدراڵ و وڵاتانى دراوسێ و جیهان و، پاڵپشتى هەنگاوەکانیان دەکات. هەروەها جەخت لەوەکرایەوە کە ڕێگا نەدرێت هیچ هەڕەشەیەک لە هەرێمە هەبێت بۆ سەر بەرژەوەندى و ئەمنیەتى وڵاتانى دراوسێ.
تەوەری دووەم/ پەیوەندی نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى عێراق:
دەستوورى هەمیشەیى دەوڵەتى فیدراڵى عێراق ڕێوشوێنى پەیوەندییەکانى ڕێکخستووە و بەگوێرەى ماددە و بڕگەکانى، شێوازى بەڕێوەچوونى ئیدارە و مامەڵەى هەرێم و حکومەتى فیدراڵى دیاریکردووە، هەروەکو دەسەڵاتەکانیش دیاریکراون. لەلایەکى دیکەوە بۆ زیاتر هەماهەنگى و پێکەوە کارکردن، ژمارەیەک ڕێککەوتنى سیاسى و ئیداریمان لە چوارچێوەى ئیئتیلافى ئیدارەى دەوڵەت ئەنجامداوە.ئێمە لە پارتى دیموکراتى کوردستان، داواکاربووین و داواکارین بۆ چارەسەرى کێشەکان پەنا بەرینە بەر دەستوور و ڕێککەوتنەکان و، هەوڵەکان بە ئاراستەى چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکان بەردەوام بن، هەروەها پشتوانى لە هەوڵ و هەنگاوەکانى سەرۆکایەتى هەرێم و حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکەین بۆ جێبەجێکردنى ماددەکانى دەستوور و ڕێککەوتنەکان و چارەسەرکردنى کێشەى بودجەى هەرێم و مووچەى فەرمانبەرانى خۆڕاگرى کوردستان.
تەوەری سێیەم/ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان:
هەروەکو پێشتریش ڕامانگەیاندووە کە بەر لە کۆتاییهاتنى ماوەى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان لەگەڵ ئەنجامدانى هەڵبژاردن دابووین بۆ ئەوەى پەنا نەبەینە بەر هیچ ڕێککارێکى دیکە، بەڵام بەداخەوە بە بیانووى جۆراوجۆر ڕێگا لەم هەوڵە یاسایى و ئاساییەى پارتیمان گیرا، بۆیەش دوابەدواى ڕووداوەکان و بڕیارە جیاجیاکان لەسەر ژمارەیەک بابەتى سیاسى و ئیدارى و دارایى و، جێبەجێنەکردنى دەستوور و لەبەرچاونەگرتنى مافى پێکهاتەکان و هەندێ ڕێککارى نادروست سەبارەت بە هەڵبژاردن، هەڵوێستى خۆمان ڕاگەیاند، ئێستاش هەوڵەکانمان لەگەڵ لایەنەکان بەگشتى بۆ چارەسەرى کۆى کێشەکان بەردەوامە و، دواى ئەوەى چارەسەرى کێشەکانى کە لە هەڵوێستى ڕاگەیاندراوماندا باس کراون بکرێن و، ڕێککارەکان لە بەرژەوەندى خەڵکى کوردستان دابن و هەڵبژاردنەکە ببێتە هەڵبژاردنێکى گەل پەسند، هەڵوێستى خۆمان ڕادەگەیەنین.
تەوەری چوارەم/ ناوخۆى کوردستان:
بەگوێرەى بڕیارى کۆنگرە و ڕێنماییەکانى جەنابى سەرۆک، پارتیمان دەرگاى گفتوگۆکردن و زەمینەسازى زیاتر و لێکحاڵیبوون کە لە خزمەت بەرژەوەندییەکانى هاووڵاتیان و پرۆسەى سیاسى هەرێمى کوردستان دابێت، لەگەڵ هەموو لایەنەکان کردەوە، بە ئامانجى ئەوەى هەموو لایەک بەیەکەوە بەرگرى لە بەرژەوەندی و دەستکەوتەکانى خەڵکى کوردستان بکەین. لە ئێستا و داهاتوویشدا هەر ئەوە سیاسەت و بەرنامەى پارتیمان دەبێت.
تەوەری پێنجەم/ ڕاگەیاندن:
بە باوەڕى پارتیمان، ڕاگەیاندن جگە لە هێشتنەوەى هاووڵاتیان لەئاستى ڕووداوەکان، پێویستە ڕۆڵى نەتەوەیى و نیشتمانى خۆى بگێڕێت لە دروستکردنى ئاراستەى یەکترقبووڵکردن و مرۆڤدۆستى و پابەندبوون بە بەها و ئاکارى پێکەوەژیانى نەتەوەیى و ئایینى و سیاسى، هەروەها سایکۆلۆژیاى هاووڵاتیان لەبەرچاوبگرێت و نیگەرانى و دڵەڕاوکێ دروست نەکات و، ڕەچاوى ئەو گۆڕانکارى و پێشکەوتنە خێرا و زۆرانە بکات کە لە جیهان و ناوچەکەدا لە ئارادان، دەبێ ڕاگەیاندن و ڕوشنبیرى لەو ئاستەدابن کە بە بابەتى لابەلا و بچوک سەرقاڵ نەکرێن، هەروەکو کۆبوونەوە جەختى لەوەکردەوە کە ڕاگەیاندنى پارتیمان وەکو هەمیشە لە ئاستى مێژوو و گەورەیى پارتى و ڕێبازى پیرۆزى بارزانى دابێت.
تەوەری شەشەم/ ناوخۆى پارتیمان:
لەم تەوەرەدا، کۆبوونەوە تاوتوێى کۆمەڵێک بابەتى ڕێکخستن و پەیکەرى ڕێکخراوەی و ئۆرگانەکانى پارتیمانى کرد و، لەم چوارچێوەیەدا پێشنیار و ڕاى بەشى ڕێکخستنى مەکتەبى سیاسى و مەکتەبى ڕێکخستنى پارێزگاکان و لقەکان خرانە بەرباس و گەنگەشەکردن و، بڕیاردرا بۆ جێبەجێکردنى ماددەکانى پەیڕەوى ناوخۆى پەسندکراوى کۆنگرەى ١٤، کۆنفرانسى ناوخۆیى لە ئاستى تەواوى ئۆرگانەکانى پارتیمان ئەنجامبدرێت.
كۆمیتهی ناوهندیی پارتی دیموكراتی كوردستان
26ى 5ى 2024
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment