كتێبى ئەبوبەکر ئەفەندى خۆشناو دەکەوێتە بەر دیدى خوێنەران کولتوور

نوچە نێت

سووداد رەسووڵ مامۆستاى زانکۆ کتێبێکى لەسەر ئەبوبەکر ئەفەندى نووسیووە، کە زانایەکى کوردە لە سەدەى نۆزدە ژیاوە و خەڵکى سیساوە بووە رووى کردۆتە ئەفريقیا، بڕیارە لەم نزیکانە نزیکانە بڵاو بێتەوە.

سووداد رەسووڵ، مامۆستاى زانکۆ لە لاپەڕەى خۆى نووسیوویەتى، "ئەبوبەکر ئەفەندی خۆشناو، ئەستێرەیەکی پرشنگداری ئاسمانی زانایانی کورد و جیهانی ئیسلامە، یەکێکە لەو زانا کوردانە کە لە تاراوگە، لە باشووری ئەفریقیا تیشک و ڕووناکی زانستەکەی بە جیهاندا بڵاو بووەتەوە."

بەگوێرەى نووسینەکەى ئەو مامۆستایەى زانکۆ، ئەو زانا کوردە لە گوندی سیساوە لە دایک بووە و بە عەشیرەت خۆشناوە. سەدە و نیوێک زیاترە، خۆی و بنەماڵەکەی، زێدی خۆیان لە گوندی سیساوە بەجێ هێشتووە و ڕوویان لە ئەرزەڕۆم کردووە. بەهۆی شارەزای قووڵی لە زانستە ئیسلامییەکان، لە ساڵی 1862 لە لایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە دەنێردرێ بۆ کەیپ تاون، بۆ ئەوەی ڕێنمایی دینی بە موسڵمانەکانی ئەوێ بدات و کێشەکانیان چارەسەر بکات؛ بۆ ماوەی حەڤدە ساڵ لەوێ ژیانی بە سەر بردووە و ڕۆلێکی گەورەی دینی و پەروەردەیی گێڕاوە.

بەگوێرەى نووسینەکەى سووداد رەسوول، هەر لەوێش لە ساڵی 1880 کۆچی یەکجاری کردووە و بە خاک سپێردراوە. ئەم زانا کوردە، مێژووەکەی لای کورد نەناسراو بووە و هیچ نووسەر و توێژەرێکی کورد باسیان نەکردووە، ئەمە لەکاتێکدا لە باشووری ئەفەریقا لە نێو موسڵمانان، کەسایەتییەکی گرنگی دینی و ناوبانگێکی زۆری هەیە، چەندین کتێب لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی نووسراون. لەم کتێبەدا ژیان و بەرهەم و چالاکییەکانی و ڕۆلی هزری و پەروەردەیی بە زانستی تیشکی خراوەتە سەر و شرۆڤە کراوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین