میدیاى ئێران: سەردانی زۆر گرنگی باڵیۆزی ئاشتی لە دۆخێکی هەستیاردا بۆ تاران
نوچەنێت
سەردانی سێ رۆژەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەواڵ و راپۆرتی زۆریان لەبارەی سەردانەکە و کۆبوونەوەکانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن، لە نێو هەموو رەوتە سیاسییەکانی عێراق، ناوچەکە و جیهان؛ پێگەیەکی تایبەتی هەیە و بە دەستێکی پڕەوە دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان.
سەردانی ئەمجارەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە چوارەمین سەردان لە ماوەی دە ساڵی رابردوو بۆ ئێرانە، وەک بەرپرسێکی باڵای هەرێمی کوردستان. سەردانێکی زۆر گرنگ لە دۆخێکی هەستیاردا. ئەم سەفەرە کە زیاتر ئامانجی باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێرانە، بەتایبەتی دوای هەڵچوونە سیاسی و ئەمنییەکانی نێوان تاران و هەولێر لە ساڵی رابردوو، لە رووی دیپلۆماسییەوە بۆ هەرێمی کوردستان و ئێران زۆر گرنگە.
ئاژانسی هەواڵی مێهر، نێچیرڤان بارزانی، بە دیپلۆماتکار و میانڕەوی کوردی عێراق ناودەبات و دەڵێت، کە لە نێو هەموو رەوتە سیاسییەکانی عێراق، ناوچەکە و جیهان؛ پێگەیەکی تایبەتی هەیە، دوای سێ ساڵ بەسەر دواسەردانیدا، وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە پەیامێکی روونی خواستی هەولێر بۆ فراوانکردن و پتەوکردنی پەیوەندییە هەمەلایەنەکان لەگەڵ ئێران، لە تارانە.
پەیامە گرنگەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران و چاوەڕوانی وەرزی نوێی هاوکاری
حەسەن دانایی-فەڕ، باڵیۆزی پێشووی ئێران لە عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هەمشەهری ئۆنلاین، بە ئاماژەدان بە کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی لە تاران، رایگەیاندووە: لە بارودۆخی ئێستا، خۆشبەختانە وا دیارە سەرکردە و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە ئەم بڕوایەی، کە کاتی ئەوە هاتووە، کە لاپەڕەیەکی نوێی لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بونیادبنێن و پەیوەندییەک، کە لەسەر بنەمای دەستووری عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە.
دانایی-فەڕ بە ئاماژە بە گرنگی سەردانەکەی بارزانی بۆ تاران دەڵێت، ئومێدەکان بەم سەردانە ئەوەیە، پەیوەندییەکانی رابردوو زیندوو بکرێنەوە. هەر لەسەر ئەم بنەمایە بوو کە بارزانی دیدارێکی دەگمەنی لەگەڵ ڕێبەری باڵای ئێران هەبوو. هەروەها سەردانی بەرپرسان لەوانە سەرۆک کۆمار، وەزیری دەرەوە، سەرۆکی پەرلەمان و هتد؛ ئەو بابەتە، کە بوونی بارزانی لە تاران کردووەتە سەردانێکی تایبەت.
دانایی-فەڕ بە ئاماژەدان بە چاوەڕوانییە ئەمنییەکانی ئێران لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، دەڵێت، بە لەبەرچاوگرتنی رێککەوتنی ئەمنی تاران و بەغدا و هەروەها پەیوەندییە لەمێژینەکانی تاران و هەولێر، لە دەسەڵاتدارانی هەرێم چاوەڕوانیمان هەیە سەبارەت بە جێبەجێکردنی ووردتری رێککەوتنی ئەمنی کار بکەن.
رۆژنامەی شەرق لە بە مانشێتی گەورە و لە لاپەڕەی یەکەم نووسیویەتی: "بـاڵــیۆزی ئـاشتــی هــەرێـم لە تــاران"
بارزانی دوای سێ ساڵ بە سەردانی بۆ تاران، لەگەڵ رێبەری باڵا و بەرپرسانی باڵا کۆماری ئیسلامی ئێران دیداری ئەنجامداوە.
ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، کە ئەم سەردانە بە سەردانێکی گرنگ و بەرهەمدار لێکدەدرێتەوە.
رۆژی دووشەممە، عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، نوێنەری عەلی خامنەیی و سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی لەگەڵ سەرۆکی هەرێــمی کوردستان، ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاریی هەمەلایەنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق راگەیاندووە و ئەوەشی خستۆتەڕوو، کە ئێران ئامادەیە هەموو جۆرە پاڵپشتییەک پێشکەش بە خەڵک، سەروەری عێراق، هەرێمی کوردستان و "بەتـایبـەتی نیـچێرڤان بـارزانی" بکات.
بەگوێرەی ئاژانسی ئیرنا، هەردوولایەن جەختیان لەسەر جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان بەغدا و تاران کردۆتەوە.
باشکردنی پەیوەندییەکان
نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، ئامانجی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران، بە پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان وەسف دەکات.
ساڵح زولقەدر، شرۆڤەکاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ماڵپەڕی "شەرق" و لە شیکارییەکانیدا سەبارەت بە ئامانجەکانی گەشتەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران، لە بنەڕەتدا سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران بە گرنگ دەزانێت؛ چونکە بە گوتەی ئەو، ئەوە نیشان دەدات کە پێشهاتی جددی لەم ناوچەیە (ناوچەی کوردی) روودەدات، ئەمەش پێویستی بە راوێژ لە نێوان هەولێر و تاران هەیە.
ئەم شرۆڤەکارە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێی وایە کە یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، دەتوانێ رۆڵی گرنگی کۆماری ئیسلامی ئێران بێت لە پرۆسەی هەڵبژاردن.
ئامانجی دووەمدا زولقەدر پرسی گرژیی نێوان تاران و هەولێر، کە لە چەند مانگی رابردوو دوای هێرشی مووشەکی بۆ سەر هەولێر؛ لە ئێستادا پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان، بەمەبەستی گەڕاندنەوەی بۆ ئاستێکی باش.
ئامانجی سێیەم، لە رووانگەی ئەم شارەزایەوە، جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی ئێران و عێراقە، کە رەزامەندی تەواوی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێرانی هێشتا بەدەست نەهاتووە.
بەگوێرەی ماڵپەری دیپلۆماسی ئێرانی، میدل ئیست نیوز، لەمیانەی سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران دەڵێت، سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانی شیعەکانی "چوارچێوەی هاوئاهەنگی" ئەمەی بە دوا هەلی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە هەرێم و پاراستنی یەکگرتوویی هەرێم وەسف کردووە.
ئاژانسی "هەواڵی جیهانی عەرەب" بە گێڕانەوە لە سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، سەردانەکەی بارزانی بۆ تاران لە چوارچێوەی هەوڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن و رەخساندنی دەرفەت بۆ هەموارکردنەوەی بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە پشکی کەمینەکان و چاودێریکردنی کۆمیسیاری باڵای عێراق لەبری کۆمیسیۆنی هەرێمی کوردستان.
گرنگی ئەم سەردانە کاتێک چەند هێندە دەبێت، کاتێک پەیوەندییەکانی تاران و هەولێر لە دوای رووداوەکانی ساڵی رابردوو گرژیی سیاسی-ئەمنی بەرچاو بەرەوڕوو بووەتەوە. لە دۆخێکی وادا چاودێرانی پێشهاتەکانی ناوچەکە پێیان وایە ئەم سەفەرە چەند ئامانجێک بەدوای خۆیدا دەهێنێت کە بریتین لە:
- جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنی ئەمنی ئێران و عێراق
- بەرپەرچدانەوەی کاریگەر لەگەڵ جموجۆڵەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران
- بەرەنگاربوونەوەی جموجۆڵی دژە ئێرانی ئیسرائیلییەکان
- پەرەپێدانی هاوکاری ئابووری - بازرگانی
- هاوکاری ئێران لە چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان
بارزانی بە دەستی پڕەوە دەگەڕێتەوە
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەردانی سێ رۆژەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران، بە یەکێکە لە کەسایەتییە دیار و متمانەپێکراوەکانی لایەن و رەوتە سیاسییە جۆراوجۆرەکانی عێراق و هەرێم ناوبردووە و دەڵێت "ئاسۆیەکی نوێ پەیوەندی نێوان تاران و هەولێر نیشان دەدات".
ئەم ئاژانسە دەڵێت، بێ گومان نێچیرڤان بارزانی، بە دەستی پڕەوە دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان؛ تاران و هەولێریش وەرزێکی نوێی پەیوەندی و کارلێککردن لە رۆژان و مانگەکانی داهاتوودا ئەزموون دەکەن.
وەک سەرۆک کۆمارى ئێران دەڵێت، تاران هیچ بەربەستێکی نییە بۆ فراوانکردنی هاوکارییە ئابوورییەکان و پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment