سەرۆک نێچیرڤان بارزانى: با ئه‌م جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌ ببێتە‌ ده‌رفه‌تێک بۆ لێبوردن و پێكه‌وه‌یى کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى بەبۆنەى جەژنى ڕەمەزان لە پەیامێکدا دەڵێت، "با ئه‌م جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌ و مانا و ئامانج و په‌یامه‌كانى له‌ پێكهاتنه‌وه‌، لێكخۆشبوون، لێكنزیكبوونه‌وه‌، ئاشته‌وایى، چاكه‌ و ته‌بایى، بۆ هه‌مووان."

ئێوارەى ئەمڕۆ سێشەممە (نۆى نیسان/2024) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە پەیامێکدا پیرۆزبایی جەژنى ڕەمەزان لە خەڵکى کوردستان و عێراق و جیهان دەکات.

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە بەشێکى پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە، هیوا دەخوازێت جەژنى ڕەمەزان ببێتە "ده‌رفه‌تى نوێكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى و لێبوردن و پێكه‌وه‌یى و هه‌موومان پێكه‌وه‌ بۆ خزمه‌ت و خێرى گه‌ل و وڵاته‌كه‌مان كار بكه‌ین و هاریكار بین."

دەقى په‌یامى پیرۆزباییى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى بۆ جه‌ژنى پیرۆزى ڕه‌مه‌زان:

جه‌ژنى پیرۆزى ڕه‌مه‌زان به‌ گه‌رمى له‌ ته‌واوى موسڵمانان له‌ كوردستان، عێراق و جیهان، به‌تایبه‌تى له‌ خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان پیرۆز ده‌كه‌م، جه‌ژن و پشوویه‌كى پڕ له‌ ئارامى و ئاسووده‌یى و كامه‌رانى بۆ‌ هه‌مووان ده‌خوازم، هیوادارم جه‌ژنى خێر و خۆشى بێت.

با ئه‌م جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌ و مانا و ئامانج و په‌یامه‌كانى له‌ پێكهاتنه‌وه‌، لێكخۆشبوون، لێكنزیكبوونه‌وه‌، ئاشته‌وایى، چاكه‌ و ته‌بایى، بۆ هه‌مووان ببنه‌ ده‌رفه‌تى نوێكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى و لێبوردن و پێكه‌وه‌یى و هه‌موومان پێكه‌وه‌ بۆ خزمه‌ت و خێرى گه‌ل و وڵاته‌كه‌مان كار بكه‌ین و هاریكار بین.

به‌ هیواى ڕۆژگار و دۆخ و ژیان و داهاتووى باشتر، جه‌ژن له‌ هه‌مووان پیرۆز بێت، هه‌موو ساڵێك به‌ خۆشى.

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2024/4/9

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین