سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەخت لەخواستی جددیی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکاتەوە کوردستانی

نوچەنێت:

شەوی شەممە (شەشی نیسان/2024) سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا بەشداری لە ھەردوو کۆبوونەوەی چوارچێوەی ھەماھەنگیی لایەنە شیعییەکان و کۆبوونەوەی دەوریی ھاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا کرد کە تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو.

سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی ھەماھەنگیدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی "جەختی لە گرنگیی ھەماھەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق و کاری پێکەوەیی و پاراستنی دەستوور و سیستمی فیدراڵی کردەوە، ھەروەھا ھەبوونی ڕوانگەی ھاوبەشی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و داھاتوو بە پێویست زانی."

لەبارەی پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا، سەرۆکی ھەرێی کوردستانی دووپاتی کردەوە کە "ھەرێمی کوردستان جددیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆ لەسەر بنەمای دەستوور، بۆ ئەو مەبەستەش جەختی لە ھەبوونی میکانیزمێک بۆ کۆبوونەوەی دەوری لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەردوولادا کردەوە."

ھاوکات محەمەد شیاع ئەلسوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەشدارانی کۆبوونەوەکە، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بە بەشداریی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا، دووپاتیان کردەوە کە "خواستێکی ھاوبەش بۆ لێکگەیشتن و چارەسەرکردنی کێشەکان ھەیە، بۆ ئەمەش بەردەوامیی پەیوەندییان بە پێویست و گرنگ لە قەڵەمدا."

ڕاگەیێندراوەکە دەشڵێت، لە کۆبوونەوەی ھاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیشدا، "دۆسیە ھاوبەشەکان لەگەڵ سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ھاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ دامەزراندنی حکوومەتی فیدراڵی، دۆخی عێراق و ھەرێمی کوردستان، کارنامەی حکوومەت، خزمەتگوزارییەکان و بەرنامەی سەردانی چاوەڕوانکراوی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن، تاوتوێ کران."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین