سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌ركۆمارى عێراق كۆبووه‌وه‌ کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە بەغدا لەگەڵ سەرۆک کۆمارى عێراق کۆبووەوە و گوتى، "ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر پرسى مووچه‌، كاردانه‌وه‌ى ئه‌رێنى به‌سه‌ر به‌ره‌وپێشچوونى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ردوولاوه‌ ده‌بێت."

پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ (حەوتى نیسان/2024)  سەرۆک نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ د. له‌تيف جه‌مال ڕه‌شيد، سه‌ركۆمارى عێراقى فيدراڵ كۆبووه‌وه‌.

لەڕاگەیێندراوێکدا سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان دەڵێت، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا "په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و دوايين ڕێككه‌وتنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق ده‌رباره‌ى مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان و هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردنى ته‌واوى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان تاوتوێ كرا."

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى و د. له‌تيف جه‌مال ڕه‌شيد جه‌ختيان له‌سه‌ر "گرنگيى به‌رده‌واميى گفتوگۆ كرده‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتنى هاوپه‌يمانيى ده‌وڵه‌ت بۆ دامه‌زراندنى حكوومه‌تى فيدراڵى و مسۆگه‌ريى ماف و شايسته‌ دارايييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و مووچه‌خۆرانى، دوور له‌ كێشه‌ سياسييه‌كان، هه‌روه‌ها هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى لايه‌نه‌ سياسييه‌كانيان بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات، به‌ پێويست زانى."

هاوکات  سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ "لێكگه‌يشتنى هه‌ولێر ـ به‌غدا و ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر پرسى مووچه‌، كاردانه‌وه‌ى ئه‌رێنى به‌سه‌ر به‌ره‌وپێشچوونى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ردوولاوه‌ ده‌بێت. هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه‌ سوپاس و پێزانينى بۆ ڕۆڵ و هه‌وڵه‌كانى به‌ڕێز سه‌ركۆمار له‌پێناو چاره‌سه‌رى كێشه‌كاندا ده‌ربڕى."

لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، لاى خۆيه‌وه‌ سه‌ركۆمارى عێراقى فيدراڵ، جه‌ختى له‌ "گرنگيى پشتگيريى جێبه‌جێكردنى كارنامه‌ى حكوومه‌تى فيدراڵ كرده‌وه‌ و ڕۆڵى به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانى له‌ چاره‌سه‌ركردنى پرسى مووچه‌ و هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانى بۆ لێكنزيككردنه‌وه‌ى لايه‌نه‌كان و چاره‌سه‌رى كێشه‌كان، به‌رز هه‌ڵسه‌نگاند."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین