ڕاگەیێندراوێک لە مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستانەوە کوردستانی

نوچەنێت:

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیێندراوێکى له‌باره‌ی بڕیاره‌كانی دادگای فیدڕاڵی بڵاوكردەوە و ‌ و دەڵێت، دادگای باڵای فیدراڵی لە بڕیارەکانی ئەم دواییەیدا، "هەوڵی کەمکردنەوەی دەسەڵات و تایبەتمەندیەكانی هەرێمى داوە، و كارى كردووە بۆ لاوازکردنی دامەزراوەکانی."

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (پێنجی ئاداری/2024) مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دژى بڕیارەکانى دادگاى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر کورسى پێکهاتەکان لە پەرلەمانى کوردستان و بازنەکانى هەڵبژاردن لە هەرێمى کوردستان ڕاگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە.

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ده‌ڵێت "كەمكردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان و نەهێشتنی کورسی پێکهاتەکان و دابەشكردنى هەرێم بۆ چەند ناوچەیەكی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بێ پاساوی دەستوریى، بەپێشێلکردنی ئاشکرای بنەما سەرەکیەکانی دەستور دادەنرێن."

 

ده‌قی ڕاگەیێندراوەکەى مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان:

دوای تێپه‌ربوونی زیاتر له‌ هه‌شت مانگ به‌سه‌ر دانیشتنه‌كانی دادگای باڵای فیدراڵی و دواخستنی به‌ مه‌به‌ست و بێ پاساوی یاسایی و ده‌ستوری، له‌ بریاردان له‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌و داوایه‌ی له‌ سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌موار كراو پێشكه‌ش كرابوو، دواجار رێكه‌وتی 21ی شوباتی 2024 دادگا بریارێكی راگه‌یاند كه‌ تیایدا مافه‌ ده‌ستوریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و بنه‌ماكانی فیدراڵی و پره‌نسیپی لێك جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان كه‌ له‌ ده‌ستوری عێراقدا جێگیر كراون،‌ پێشێل كرد. بۆیە بەپێوویستمان زانی كە گەلی كوردستان لەڕێگەی ئەو بەیاننامەوە ئاگاداری ڕووی ناڕەوای بڕیارەكەی دادگابن.

جەماوەری خۆشەویستی كوردستان

ئاشكرایە خەبات و تێكۆشانی گەلی كوردستان بەدرێژایی سەدەی ڕابردوو، لەپێناو رەتكردنەوەی دیكتاتۆریەت و ڕاپەڕین لە دژی ستەمی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق بووە بۆ گەیشتن بەئازادی و هێنانەدی مافە سیاسی و دیموكراسیە ڕەواكانی بەپێی پەیماننامە و بەڵگەنامە نێودەوڵەتیەكان، تا گەیشتە ئەوەی گەلی كوردستان لەساڵی 1991 بەرامبەر دیكتاتۆریەت ڕاپەڕێ و لەسەرینی قوربانیەكانیەوە ڕووبەرێكی فراوانی خاكی كوردستانی عێراق ئازاد بكات و قەوارەیەكی سیاسی خاوەن دەسەڵاتەكانی یاسادان و جێبەجێ كردن و دادوەریی دابمەزرێنێت، ئەمەش دوای ئەوەی كە جەنابی سەرۆك بارزانی لەبەهاری هەمان ساڵدا داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی ئازادانەی كرد بۆ دامەزراندنی پەرلەمانی كوردستان-عێراق كە لێیەوە دەسەڵاتە سیاسیەكانی دیكەی هەرێم سەریان هەڵدا، و بووە وێستگەیەك بۆ گواستنەوەی شەرعیەتی شۆڕشگێڕیی بۆ شەرعیەتی یاسایی و دیموكراسی، وێڕای ئەوەش پەرلەمانی كوردستان جاڕی فیدراڵیەتی دا وەك بنەمایەك بۆ دیاریكردنی شێوە و سرووشتی پەیوەندیی هەرێم لەچوارچێوەی سیستەمێكی دیموكراسیدا بەئامانجی بونیادنانی عێراقێكی نوێ.   

لەئەنجامی ڕووخانی ڕژێمی دیكتاتۆری لە ساڵی 2003دا، زەمینە ڕەخسا بۆ لەدایكبوونی دەستوری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ كە بەرهەمی قوربانیدانی گەلی عێراقە بۆ بەرجەستەکردنی ئامانجەکانی لە ئازادی و دیموکراسی و دامەزراندنی کۆمارێکی فیدراڵی، بەشێوەیەك كە ماف و شکۆی پێکهاتەکانی بپارێزێت و بەیەكسانی مامەڵەیان لەگەڵ بكات، هەروەها دەرگای بەشداریەكى كاراى لەهەموو ئاستەكانی حوكم و ئیدارە بۆ هەموولایەك كردەوە. ئەمەش بووە مایەی دڵنیایی گەلی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتە ڕەواكەی تا لەگەڵ هێزە سیاسیە نیشتمانییەکان بۆ بونیادنانی عێراقێكی نوێ و دامەزراندنی سیستەمێكی فیدراڵی كاربكات، بەوشێوەیەی كە پێكهاتە و دەسەڵاتەكانی لە دەستوردا ڕەنگی داوەتەوە، و ڕەزامەندی نزیكەی 80% پێكهاتەكانی گەلی عێراقى وەدەستهێنا كە لە مێژووی گەلاندا كەم وێنەبوو.

لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، ڕاستیەك هەیە كە چاوپۆشی لێ ناكرێت، ئەویش ئەوەیە ماددە و بڕگەکانی دەستور بەردەوام لەلایەن هەندێك لە دامودەزگا فیدراڵیەكانەوە پشتگوێ دەخرێن و پێشێل دەکرێن، لە هەمووشیان مەترسیدارتر ئەوەیە کە دادگای باڵای فیدراڵی دەیکات بەپێچەوانەی ئەركە سەرەكیەكانی خۆی کە بریتین لە گەرەنتی كردنی پیادەكردنی بەندەكانی دەستور و بەرگری لە سیستەمی فیدراڵی و چەسپاندنی لەڕێگای پابەندبوون بە سەروەری دەستور و دابەشکردنی دەسەڵاتەكان. شایانی ئاماژە بۆ كردنە كە بڕیارە یەک لە دوای یەکانی دادگا بوونەتە هۆی پێشێلکردنی پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، بەشێوەیەك دادگا خۆی خستۆتە پێگەی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن، و هەندێك دەسەڵات و تایبەتمەندی بەخۆی داوە کە دەستور پێی نەبەخشیوە.

جگە لە هەموو ئەمانەش، دادگای باڵای فیدراڵی لە بڕیارەکانی ئەم دواییەیدا، هەوڵی کەمکردنەوەی دەسەڵات و تایبەتمەندیەكانی هەرێمى داوە، و كارى كردووە بۆ لاوازکردنی دامەزراوەکانی و ڕێگەى خۆشکردوە بۆ دەسەڵاتە فیدراڵیەکان تا زێدەڕۆیی لەسەر دەسەڵاتە دەستوریەكانی هەرێم بكەن، لە كاتێكدا کە دەستور دانی بە شەرعیەتی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری هەرێمدا ناوە بەپێی ماددەکانی (١١٧ و ١٢١). دواجاریش بڕیارەکەی دادگا سەبارەت بە نادەستورییبونی هەندێك لە ماددە و بڕگەكانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ، ئەوە دەردەخات كە دادگا ڕێگەی بەخۆی داوە بە هەمواركردنەوەی یاساكە، كە ئەمەش كارى دەسەڵاتی یاسادانانە نەك دەسەڵاتی دادوەریی، هەروەها پێشێلکردنی بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە کە لە ماددەی (٤٧)ی دەستوردا هاتووە.

ئاشكراشە كەمكردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان و نەهێشتنی کورسی پێکهاتەکان و دابەشكردنى هەرێم بۆ چەند ناوچەیەكی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بێ پاساوی دەستوریى، بەپێشێلکردنی ئاشکرای بنەما سەرەکیەکانی دەستور دادەنرێن، چونكە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ماوەی پتر لە 30 ساڵە كاری پێدەكرێت و پێنج خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێ ئەنجام دراوە وبووەتە بەردی بناغەی دیموكراسی و نوێنەرایەتیكردنی سەرجەم پێكهاتە و بیروڕا جیاوازەكان، بەشێوەیەك كە هەرێمی كوردستانی وەك بنكەی دیموكراسیەت و پێكەوەژیان لەنێوەندە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكاندا نیشان داوە. لەلایەكی دیكە دادگا لەخاڵی پێنجەمی پاشخانی بڕیارەكەیدا لەبارەی هەردوو سیستەمی یەك بازنەیی و فرەبازنەیی، نەیتوانیوە بیسەلمێنێت كە یەك بازنەیی لەهەرێمدا نادەستورییە و بگرە ئاماژەیەكی روون دەكات بەوەی كە سیستەمی یەك بازنەیی لایەنی باش و بەهێزی هەیە، هەرچەندە خاڵی لاوازیشی هەیە، ئەوەش بێگومان لە سیستەمی فرە بازنەییشدا تێبینی دەكرێت بەوەی كە لایەنی بەهێز و باشی هەیە لەگەڵ لایەنی لاواز، بەڵام ناگەنە ئەو ئاستەی كە ببنە نادەستوریی، بەڵكو ئەوە دەمێنێتەوە بۆ هەڵسەنگاندن و دەسەڵاتی یاسادانەر، وەك لەمەوپێش لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانی عێراقدا بینیمان كە لەسەرەتادا یاساكە بە یەك بازنەی دانابوو و پاشان كرایە (18) و دواتر (83) و دواتریش لەساڵی 2023 كرایەوە بە (18) بازنە، بەبێ ئەوەی لەهیچ بارێكیاندا بڕیار لە نادەستوریبوونی یاساكە بدرێت، مەگەر دادگای باڵای فیدراڵی خۆی خستبێتە شوێنی یاسادانەری هەرێم بۆیە بڕیاری لە بابەتێكی لەو چەشنە داوە كە دەستور ئەو دەسەڵاتەی پێ نەبەخشیوە. لەهەمان كاتدا دەبێت بڵێین كە خاڵی لاوازی سیستەمی فرە بازنەییش ئەوەیە كە دەرفەت ناداتە حزبە بچووك و مام ناوەندەكان كە نوێنەرایەتی دەنگەكانیان بەتەواوی بكەن، كە ئەمەش هەر لەبەرژەوەندیی نیشتمانییدا نیە هەرچەندە لەبەرژەوەندیی حزبە گەورەكانە.

 لەلایەكی دیكەوە، نەهێشتنی كورسی كۆتای پێكهاتەكان لەهەرێمدا، ناكۆكە لەگەڵ ئەوەی لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدراڵی و ئەنجومەنی پارێزگاکاندا هاتووە بەتەرخان كردنی کورسی بۆ پێکهاتەکان، هەروەها ناكۆكە لەگەڵ ماددەكانی (٤٩/ بڕگەی یەکەم) و (125)ى دەستور، کە جەخت دەكەنەوە لەسەر ڕەچاوکردنی نوێنەرایەتیکردنی هەموو پێکهاتەکانی گەل لە ئەنجومەنەی نوێنەران، و دەستەبەركردنی مافی سەرجەم نەتەوەکان(وەک تورکمان و کلدان وسریان و ئاشور و ئەرمەن و هەموو پێکهاتەکانی تر) لە پیادەكردنی مافەڕەواكانیان، لەوانەش مافە سیاسیەكان، بە گەرەنتی كردنی نوێنەرایەتییان لە ئەنجوومەنە هەڵبژێردراوەكاندا.

لەدەرەنجامدا ئەو بڕیارانەی دادگای باڵای فیدراڵی بوونە هۆی ئاڵۆزیی پەیوەندییەکانی نێوان دەسەڵاتەكانی فیدراڵی و دەسەڵاتەكانی هەرێم و تێكدانیان، بە شێوەیەک هەڕەشە لەو بنەما دەستوریانە دەكات كە دەوڵەتی فیدراڵی و سیستەمی دیموكراسییان لەسەر بونیادنراوە، ئەمەش وادەكات كە عێراق بەئاراستەی سیستەمێكی مەركەزی هەنگاو بنێت و لە سیستەمی دیموكراتی فیدراڵی دوور بكەوێتەوە، بۆیە لەسەر هەموو هاوبەشەکانی حوکمڕانی بە گشتی و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بە تایبەتی پێوویستە بەجیددی و بە پەرۆشەوە کاربکەن لەپێناو پابەندبوون بە دەستور و بەندەكانی ڕێککەوتنی پێکهێنانى هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و پەلەبكرێت لە ئامادەكردن و دەرچوواندنی یاسای نەوت و گاز و یاسای دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدراڵی، بەتایبەتیش دەرچوواندنی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی شەرعیەتی دەستوریی ئەم دادگایە بەپێی ڕێكارە دەستورییەکانی كە لەماددەی (92) دا هاتووە، و گەرەنتی كردنی سەربەخۆ بوونی دادگاكە و دڵنیابوون لەوەی بۆ جێبەجێکردنی دەستور هەنگاو بنێت، هەروەها پێوویستە دەستور ببێتە بنەما بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، و لەمە زیاتر دادگای باڵای فیدراڵی بۆ مەرامی سیاسی بەكارنەهێندرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین