سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى: عێراق و هه‌رێمى كوردستان پێویستییان به‌ یه‌كێتیى ئه‌ورووپایه‌ کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان و جۆزێپ بۆرێل، جێگرى سه‌رۆك و به‌رپرسى باڵاى كاروبارى ده‌ره‌وه‌ و سیاسه‌تى ئه‌منیى كۆمسیۆنى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا لە میونشن جه‌ختیان له‌ "پێویستیى ڕێگرتن له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندن و ئاڵۆزبوونى زیاترى دۆخه‌كه‌" دەکەنەوە.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (17/شوبات/2024) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌كه‌یدا له‌ كۆنفرانسى ئاسایشى میونشن، له‌گه‌ڵ جۆزێپ بۆرێل، جێگرى سه‌رۆك و به‌رپرسى باڵاى كاروبارى ده‌ره‌وه‌ و سیاسه‌تى ئه‌منیى كۆمسیۆنى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا، كۆبووه‌وه‌.

لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەى "مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌كانى سه‌ر دۆخى ئه‌منى و سه‌قامگیرى له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و كاردانه‌وه‌كانى به‌سه‌ر وڵاتانى ناوچه‌كه‌دا، به‌تایبه‌تیش عێراق"، تاوتوێ كرا.

بەپێى ڕاگەیێندراوى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان، لەسەر ئارامى و سه‌قامگیریى عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ ته‌واوى ناوچه‌كه‌ گرنگه‌ هاوڕا بوون و "نابێ عێراق بخزێته‌ ناو كێشه‌ و پشێوییه‌كانى ناوچه‌كه‌وه‌. هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ داكۆكییان كرده‌وه‌ كه‌ هێرش و په‌لاماردانى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و كاردانه‌وه‌كانى، هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاساییش و ئارامیى عێراق ده‌كه‌ن."

هاوكات بۆرێل دووپاتى كرده‌وه‌ "كه‌ یه‌كێتیى ئه‌ورووپا پابه‌نده‌ به‌ یارمه‌تیدان و پشتیوانیكردنى عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ پاراستنى ئاسایش و سه‌قامگیرى و پێشخستنى وڵات له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، به‌تایبه‌تیش بۆ به‌هێزكردنى تواناكانیان له‌ ڕووى ئه‌منى و به‌رگرییه‌وه‌."

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى "سوپاس و پێزانینى بۆ ڕۆڵى دیار و به‌رچاوى وڵاتانى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا له‌ یارمه‌تیدانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و به‌رده‌وامیى پشتگیرى یه‌كێتیى ئه‌ورووپاى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، به‌ پێویست و گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین