گه‌وره‌ ڕاوێژكارێكى جۆ بایدن: ئەمەریکا بە بایەخەوە ده‌ڕوانێته‌ سه‌قامگیریى هه‌رێمى كوردستان کوردستانی

نوچەنێت:

ئه‌مڕۆ شه‌ممه (17/شوبات/2024)‌ سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لە كۆنفرانسى ئاساییشى میونشن له‌ ئه‌ڵمانیا  له‌گه‌ڵ ئامۆس هۆکستا‌ین، گه‌وره‌ ڕاوێژكارى جۆ بایدن سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروبارى وزه‌ و وه‌به‌رهێنان كۆبووه‌وه‌.

لە ڕاگەیێندراوى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان دا هاتووە، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا "په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌تایبه‌تى له‌ بوارى ئابوورى و هاریكاریى وزه‌ و وه‌به‌رهێناندا، دوایین ڕێكار و هه‌نگاوه‌كان بۆ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان و گفتوگۆى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدراڵیى عێراق له‌مباره‌یه‌وه‌، باس كران."

ئامۆس هۆكستاین باسى له‌وه‌شكرد "كه‌ ئه‌مه‌ریكا به‌ بایه‌خ و گرنگییه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ ئارامى و سه‌قامگیریى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ده‌خوازێت له‌ كه‌رته‌كانى ئابوورى و وه‌به‌رهێنان و وزه‌دا، بره‌و به‌ ده‌رفه‌ته‌كان و هاریكاریى هاوبه‌شیان بدات، هه‌روه‌ها پابه‌ندیى ئه‌مه‌ریكاى به‌ به‌رده‌وامیى پشتگیرى و یارمه‌تیدانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دووپات كرده‌وه‌."

ڕاگەیێندراوەکە ئاماژە بەوەش دەکات، "تاوتوێكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى ئه‌منیى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و هه‌ڕه‌شه‌ى سه‌ر هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان و دیپلۆماتكاران له‌ عێراق و كاریگه‌ریى ئاڵۆزییه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به‌گشتى"، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین