مەسرور بارزانى: هێرشە دوژمنکارییەکانى سەر هەرێمی کوردستان بەبێ پاساوە کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆڕبەندى داڤۆس لە سویسڕا ڕایگەیاند، هێرشەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر"نابێت هێرشەکانی سەر هەولێر بەبێ وەڵام بمێننەوە."

ئەمڕۆ سێشەممە (16/كانوونى دووەم/2023) مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە داڤۆس لەبارەى هێرشە مووشەکییەکانى شەوى ڕابردووى سەر هەولێر گوتى،  "دوێنێ شەو لە هێرشێکی بێ پاساو و نامەردانە هەولێر دیسان کرایەوە بە ئامانج، لە ئەنجامی ئەو هێرشە چەندین کەس گیانیان لەدەستدا لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی وە هەندێک کەسی تر لە خێرانی و هاووڵاتییانی دیکە بوونە قوربانی و هەندێکی دیکە برینداربوون، هیوادارم جێی شەهیدەکان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".

سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان دووپاتى کردەوە، "ئەم ‌‌هێرش و دوژمنکارییە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، هیچ هۆکارێکی نییە و بێ پاساوە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان ئەوەی لە تواناماندابووە کردوومانە، بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین و بەشێوەیەکی ئاشتیانەش پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پەرەپێبدەین".

 

دەقی کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەکەى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان:

بەداخەوە شەوی رابردوو لە هێرشێکی بێ پاساو و نامەردانە دیسان هەولێر کرایە ئامانج. لە ئەنجامی ئەو ‌هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە.

ئەم هێرشە و دوژمنکارییە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، هیچ هۆکارێکی نییە و، بەبێ پاساوە. ئێمە لە هەرێمی کوردستان ئەوەی لە تواناماندا بووە کردوومانە بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین و، بە شێوەیەکی ئاشتییانە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پەرەپێبدەین؛ بەڵام ئەم هێرشانە بەداخەوە کە زۆر زۆر بێ هۆکارن و نابێت بەهیچ جۆرێک بێ وەڵام بمێننەوە.

ئێمە دەزانین وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیەندرواێکیان بڵاوکردووەتەوە کە جێگەی دەستخۆشییە و، هیوادارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هەروەها یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی کۆتایی بەم جۆرە هێرشانەی دەکرێنە سەر خەڵکی بێ تاوان و بێ دەسەڵاتی کوردستان بهێندرێن و، رێگەمان بدەن ئێمە بە ئاشتی و ئازادی لە وڵاتەکەی خۆمان بتوانین بژین.

ئەرکی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشە. ئەو هێرشەی شەوی رابردوو کرایە سەر شاری هەولێر بێ پاساو و بنەمایە. ئێمە پێویستیمان بە هەماهەنگی نێودەوڵەتیی هەیە بۆ ئەوەی سەقامگیری بۆ عێراق بگەڕێنینەوە.

ئێمە ئەمڕۆ هەندێک دیدار و کۆبوونەوەمان هەیە. بێگومان ئەم پرسە باس دەکرێت و چاوەڕێ دەکەین تاوەکو دیدارەکان ئەنجام دەدەین؛ دواتر بەرچاوڕوونییەکی زیاترمان دەبێت لەسەر ئەوەی هەڵوێستی ئەو وڵاتانە چۆن دەبێت.

حکومەتی عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی بڵاوکردووەتەوە و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێندراوە. لیژنەکە لە هەولێرە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە بکات. چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەین.

ئەوەی ئێمە تووشی سەرسووڕمانمان دەکات ئێمە بەشێک نین لە ئاڵنگاری و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە؛ بۆچی ئێران هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەت هەولێر و، خەڵکی سڤیل دەکاتە ئامانج؟

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، چەندین جار  لەلایەن ئێرانەوە هێرش کراوەتە سەر  هەرێمی کوردستان. ئێمە نازانین هۆکاری پشت ئەم هێرشانە چین. هەرێمی کوردستان شوێنێکە خزمەتی ئاشتی دەکات و چاومان لەوەیە هەرێمەکەمان بەرەوە پێشەوە ببەین. هیوادارین حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کار بۆ راگرتنی ئەم هێرشانە بکەن.

هیوادارین هەڵوێستی حکومەتی عێراق تەنها بە سەرکۆنەکردن کۆتایی نەهێت و، هەڵوێستی جیددی وەربگیرێت بۆ ئەوەی چیدیکە ئەم جۆرە هێرشانە نەکرێنە سەر خاک و سەروەری عێراق و بەتایبەت هەرێمی کوردستان.

ئەوانەی کراونەتە ئامانج، بەهیچ جۆرێک تێکەڵاوی هیچ کارێکی سیاسی یان سەربازی نەبوون. تەنها کاسب و بازرگانی سەرکەوتووبوون کە توانیویانە زیاتر خزمەتی خەڵک و وڵاتی خۆیان بکەن. ئێمە بە هەموو شێوەیەک سەرکۆنەی ئەم جۆرە هێرشانە دەکەین. بەتایبەت کە دژ بە خەڵکی سڤیل دەکرێت. دەبێت لەو لایەنانە بپرسن کە بۆ خەڵکی سڤیلی بێ دەسەڵاتی بێ تاوان دەکەنە ئامانج نەک لە من.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین