سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له‌ جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا كرد کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، لەگەڵ ڤیكتۆریا نولاند جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا‌ کۆبووەوە و هەردوولا هاوڕابوون کە "تەبایی و لێكگه‌یشتنى‌ پارتى و یه‌كێتییان له‌ هه‌رێمى كوردستان و له‌سه‌ر ئاستى عێراق". 

ڕۆژى چوارشەممە (20/کانوونى یەکەم/2023) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ ڤیكتۆریا نولاند جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا‌ كرد.

سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و کۆنسوڵی گشتیی ئه‌مه‌ریکا له‌ هه‌رێمی کوردستان ئامادهى بوون، "په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى سیاسى و ئه‌منیى عێراق، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان" تاوتوێ كران.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى و ڤیكتۆریا نولاند هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ "گرنگیى پاراستنى ئاسایش و سه‌لامه‌تیى نێرده‌ دیپلۆماتییه‌كان و هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان له‌ عێراق كرده‌وه‌. له‌مباره‌یه‌وه‌ هاوڕا بوون كه‌ ده‌بێ لایه‌نه‌ په‌یوه‌‌ندیداره‌ عێراقییه‌كان ڕێكارى پێویست بگرنه‌ به‌ر بۆ وه‌ستاندنى ئه‌و هێرشانه‌."

سەبارەت بە دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستانیش، هه‌ردوولا "ته‌بایى و لێكگه‌یشتنى‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌تایبه‌تى پارتى و یه‌كێتییان له‌ هه‌رێمى كوردستان و له‌سه‌ر ئاستى عێراق به‌ پێویست زانى. له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به‌ لێكگه‌یشتن و باشبوونى په‌یوه‌ندییه‌كان كرد."

هەروەها ڕاگەیێندراوەکە دەڵێت، "هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى عێراق، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، دوایین پێشهاته‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، لێكه‌وته‌كانى شه‌ڕ له‌ غه‌زه‌ و چه‌ند بابه‌تێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش"، ته‌وه‌رى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین