داهاتووى ژینگەى جیهان دواى کۆنفڕانسى (COP 28) لە دوبەى
سنور یاسين: تایبەت بەنوچەنێت
ئا: سنور یاسین
پێشەکی
لە (1992) چەندین وڵاتانی جیهان ڕێککەوتتنامەیەکییان واژۆ کرد کە بە ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا ناسراوە (UNFCCC) ئێستا لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا (198) وڵات ئەندامن تیایدا. تا ساڵی (1996) بارەگای سەرەکی لە جنێف بوو لە سسویسڕا، بەڵام دواتر بارەگاکەی گوێزرایەوە بۆ شاری بۆن لە ئەڵمانیا و تا ئێستا بارەگاکەی لە شاری بۆنی ئەڵمانیایە. “(450) کارمەند لە (100) وڵاتی جیاوازەوە لەو بارەگایە کاردەکەن و فرە ڕەنگی کەلتووری، ڕەگەزی، و تێکەڵەی جیاوازی تیادا دەبیندرێت. ئەرکی سەرەکی بریتییە لە پشتگیریکردنی وەڵامدانەوە بەرانبەر مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، یارمەتیدانی وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان، نزیک کردنەوەی وڵاتان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە، کۆنفڕانس،”[1] و هاندانی چالاکییە جۆراوجۆرەکان کە پەیوەندیدارن بە گۆڕانی کەشوهەواوە.
مەبەست لە (Cop) چییە؟
(Conference of Parties کە Cop) کورتکراوەکەیەتی واتا کۆنفڕانسی لایەنەکان مەبەست لە لایەنەکان وڵاتانی ئەندامە لە (UNFCCC) و لە (1995) وە وڵاتان ساڵانە کۆنفڕانس ئەنجام دەدەن بۆ مەترسی گەرمبوونی زەوی، مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، پێشهاتەکانی کەشوهەوا کە جیهان ڕووبەڕووی دەبێتەوە، کەمبوونەوەی سەوزایی، زیادبوونی ئۆتۆمبێل و هۆکارەکانی هاتووچۆ کە زیان بە ژینگە دەگەیەنێت، هەر ئەگەرێکی تری تایبەتمەند بە کەشوهەوا. ئامانجی (Cop) “ڕێککەوتنی لایەنەکانە بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا بگەن بە چەند خاڵێکی دیاریکراو تاوەکو دواتر کاری لەسەر بکەن.”[2] لە دیارترین ئەو ڕێککەوتننامانەی کە لە کۆنفڕانسی لایەنەکاندا کراون بریتین لە “ڕێککەوتننامەی کیۆتۆ (1997)، ڕێککەوتننامەی پاریس (2015) کە (197) وڵات ڕیککەوتن لەسەر ئەوەی کار لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا بکەن و بەردەوام بن لە هەماهەنگی و کۆبوونەوەیان لەگەڵ یەکتردا.”[3] ئەمساڵ (28) مین کۆنفڕانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا (Cop 28) لە (30) ی نۆڤەمبەر تا (12) ی دیسەمبەری (2023) لە شاری ئێکسپۆ سیتی لە دوبەی بەڕێوەچوو. “(154) سەرۆکی وڵاتان، نوێنەران لە جیهاندا، سەدان میدیای جیهانی، ڕێکخراوەکان، توێژەران، نزیکەی (70,000) کەس ئامادەبوون."[4]جێگەی سەرنج بوو هەریەک لە سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆکی چین ئامادە نەبوون لەو کۆنفڕانسەدا لە جیاتی ئەوان کەسانی تر وەک نوێنەرانی هەردوو وڵات بەشداربوون.
ئامانج لە کۆنفڕانسی (Cop 28) بریتی بوو لە “کارکردنی بەردەوام لەسەر سنوردارکردنی گەرمبوونی زەوی بۆ ڕێژەی (1.5)، کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی، هاوکاری و هەماهەنگی بەردەوامی وڵاتان بۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، کارکردنی زیاتر و باشتر بۆ بڕیارەکانی کۆنفڕانسی ساڵی ڕابردووی شەڕەم شێخ”.[5]سوڵتان ئەحمەد ئەل جابر، وەزیری پیشەسازی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو نێردەی تایبەتی ئیماڕات بوو بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و وەک سەرۆکی (Cop 28) دەستنیشان کرابوو لە میانی کردنەوەی کۆنفڕانسەکەدا گووتی” سەدەی (21) مەترسی زۆری هەیە بۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و پێویستە هەموومان کاری زۆر زیاتر بکەین لە بەرانبەر گۆڕانەکانی کەشوهەوادا.”[6] مەترسییەکانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بووەتە دیراسەکردنێکی جیهان و توێژەران لێکۆڵینەوە و هەڵوەستەی جیاوازی لەسەر دەکەن.
بەشداریکردنی سەرۆکەکانى جیهان لە (COP 28)دا
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاوشان لەگەڵ سەرۆکەکانی تری جیهان بە “بانگهێشتێکی فەرمی لە لایەن سەرۆکی ئیماراتەوە لە دوو ڕۆژی یەکەمی کۆنفڕانسەکەدا بەشدار بوو، لە پەراوێزی کۆنفڕانسەکەدا بەشداریکرد لە مەڕاسیمی پێشوازیکردنی سەرۆکی وڵاتان کە لە لایەن ڕێکخەرانی کۆنفڕانسەکەدا ڕێکخرا بوو، هەروەها بەشداری کرد لە مەڕاسیمی یادکردنەوەی ڕۆژی نیشتمانیی ئیماڕات."[7] بەشداریی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسی (Cop 28) تایبەتمەندی خۆی هەیە و گرنگە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بتوانێت بەردەوام هاوشانی سەرۆکی وڵاتان ببیندرێت لە کۆنفڕانسەکان، بۆنە تایبەتییەکان، دیبەت و دیالۆگە بەردەوامەکان لە ناوخۆ و لەدەرەوەشدا.
ئاشکرایە عێراق و هەرێمی کوردستان وەک هەر ناوچەیەکی تری جیهان بێبەش نین لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا وەک "کەمبوونەوەی ئاو، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، کەمبوونەوەی سەوزایی، زیادبوونی هۆکارەکان بۆ پیسبوونی ژینگە، کەمبوونەوەی باران بارین،"[8] گەرم داهاتنی زەوی بەهۆی زیادبوونی دوانەئۆکسیدی کاربۆن، نەوت و گاز، خەڵووز و پاشماوەکانییان بۆیە بە پاڵپشتی وڵاتانی جیهان هەرێمی کوردستان دەیەوێت کار بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و مەترسییەکانی ئەو گۆڕانکارییانە لە ڕێگەی ئەزموون وەرگرتن لە وڵاتانی جیهان، هەماهەنگی بەردەوام لەگەڵ وڵاتان، و کارکردنی زیاتر بۆ ئەم پرسە. ڕوونە چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی لە ئێستادا کار لەسەر مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن و چۆنییەتی میکانیزمی ڕووبەڕووبوونەوەکەی دیراسە دەکەن و لێكۆڵینەوەی بۆ دەکەن، زۆرجار ئەو لێكۆڵینەوانە کاتێکی زۆریان دەوێت و بۆ ماوەی چەندین ساڵ کار لەسەر یەک پرۆژە دەکرێت بۆ ئەو پرسە.
(Cop 27) لە شەڕەم شێخ لە میسر (20-6) ی نۆڤەمبەری (2022) بەڕێوەچوو “وڵاتان ڕێكکەوتن لەسەر پلانێك کە بە پلانی جێبەجێکردنی شەڕەم شێخ ناسراوە بە گوێرەی پلانەکە وڵاتان بۆ ماوەی پێنج ساڵ ڕێکخستنێکی دارایی بۆ لەدەستدان و زیانەکان پێکدەهێنن یارمەتی وڵاتان دەدەن بۆ بەرزبوونەوەی ئابوورییان و زەنگی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە مەترسییەکانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و ڕێکارەکانی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بابەتە بۆ وڵاتان شیدەکەنەوە."[9] بەڵام ئایا تا چەند بڕیارەکانی (27) مین کۆنفڕانس یاخود ئەو پلانانەی کە ساڵی ڕابردوو داندراون جێبەجێکراون؟ لە ئەگەرێکی تردا پێویستە پرسیار بکرێت لەوەی ئایا وڵاتان تا چەند پابەندبوون پێیانەوە؟ کام وڵاتانە سوودیان بینیوە تاکو ئێستا کە ساڵێکی بەسەردا تێپەڕیوە و لە چوار ساڵی داهاتوودا کە بەگوێرەی پلانەکە وا داندراوە؟ ئەنجامەکانییان و کاریگەرییەکانییان لە ساڵانی داهاتوو ڕوون دەبنەوە.
کۆتایی
لە دەستپێکی کردنەوەی (28) مین کۆنفڕانسی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوادا داوا لە سەرکردەی وڵاتان کرا کە لە میانی کۆنفڕانسەکەدا بتوانن بگەن بە کۆمەڵێک بڕیارێ دروست لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا، و کارەکانییان زۆرتر چڕ بکەنەوە بۆ ئاڵەنگارییەکاری کەشوهەوا بۆ ئەوەی لە ئەنجامدا گۆڕانی کەشوهەوا کەمترین زیان بگەیەنێت بە وڵاتانی جیهان. دوای بەردەوامی گفتووگۆکان و چەندین کۆبوونەوەی جیاواز ڕۆژی (13) ی دیسەمبەری (2023)، (200) وڵات ڕەزامەند بوون لەسەر” دەستکردن بە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سووتەمەنی بەردینەکان لە جیهاندا وەک پاکێجێکی مێژوویی ناوبراو سەرۆکی (Cop 28) گووتی ڕێککەوتنێکە تەنها هێندەی جێبەجێکردنی باشە ئێمە کردار ئەنجام دەدەین لە جیاتی گووتن، ئەمە دەستپێکێکە بۆ کۆتایی هێنانی هۆکارە سەرەکییەکانی پیسبوونی ژینگە."[10]
لە (Cop 28) دا "شەش وڵات بەڵێنیان دا پارە دابین بکەن و کۆی بەڵێنەکان لە ئێستادا گەیشتووەتە (12.8) ملیار دۆلار لە 31 وڵاتەوە، هەروەها چاوەڕوان دەکرێت بەشداری زیاتر بکرێت بۆ پارە تەرخانکردن. هەشت حکومەتی بەخشەر پابەندبوونی نوێیان ڕاگەیاند بۆ سندوقی وڵاتە کەم یاخو تازە گەشەکردووەکان و سندوقی گۆڕانی کەشوهەوای تایبەت کە تا ئێستا زیاتر لە (174) ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بووە، لە کاتێکدا بەڵێنە نوێیەکان کە تا ئێستا نزیکەی (188) ملیۆن دۆلار بووە، دراون بە سندوقی خۆگونجاندن لە (COP 28). ئەم بەڵێنە داراییانە زۆر کەمترە لەو ترلیۆنانەی کە لە کۆتاییدا پێویستە بۆ پشتگیریکردنی وڵاتە تازە گەشەکردووەکان لەگەڵ گواستنەوەی وزەی خاوێن و جێبەجێکردنی پلانە نیشتمانییەکانیان بۆ کەشوهەوا و هەوڵەکانی خۆگونجاندن لەگەڵییدا."[11]
لایەنە بەشداربووەکان ڕێککەوتن ساڵی داهاتوو ئازەربایجان میوانداری (COP29) بکات لە (22-11) ی نۆڤەمبەری (2024) و بەرازیل میوانداری (COP30) بکات (10-21) ی نۆڤەمبەری (2025).
[1] About the Secretarial. unfccc.int. https://unfccc.int/about-us/about-the-secretariat
[2] Business, G. Cop 28: Watch world leaders at world climate action Summit, GulfBusiness,2023. https://gulfbusiness.com/cop28-watch-dr-sultan-al-jaber-opening-ceremony/
[3] What is UN Framework Convention on Climate Change (UNFCCC), Lse.ac.uk, 2022. https://www.lse.ac.uk/granthaminstitute/explainers/what-is-the-un-framework-convention-on-climate-change-unfccc/
[4] Business, G. Cop 28: Watch world leaders at world climate action Summit, GulfBusiness,2023. https://gulfbusiness.com/cop28-watch-dr-sultan-al-jaber-opening-ceremony/
[5] Kenza M'Haimdat, Simmons, S, At COP28, these young changemakers will steer the climate agenda, WEForum.org, 2022 https://www.weforum.org/agenda/2023/11/at-cop28-these-young-changemakers-will-steer-the-climate-agenda/
[7] News, Sh. Kurdistan’s President praises Global cooperation in cop 28, Shafaq.com, 2023. https://shafaq.com/en/Kurdistan/Kurdistan-s-president-praises-global-cooperation-in-COP28
[8] Lucente, A. How are climate change, water Scarcity weighing on Iraq’s Agriculture? al-monitor.com,2023. https://www.al-monitor.com/originals/2023/11/how-are-climate-change-water-scarcity-weighing-iraqs-agriculture
[9] https://unfoundation.org/blog/post/climate-issues-to-watch-in-2023-toward-cop-28-and-faster-more-urgent-climateaction/?gclid=Cj0KCQiAgqGrBhDtARIsAM5s0_l9gbruIcTyhsrrKJQGn9rbdyM7Lpb3VvzaAV_84h4yHhmqgsxLqJoaAv3yEALw_wcB
[10] Cop 28 President hails climate deal as “Historic”, Reuters,2023. https://www.reuters.com/business/environment/cop28-president-hails-climate-deal-historic-2023-12-13/
[11] Cop 28 Agreement Signals “Beginning of the End” of the Fossil Fuel Era, unfccc.int, 2023. https://unfccc.int/news/cop28-agreement-signals-beginning-of-the-end-of-the-fossil-fuel-era
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment