لێدوانێکى سه‌رۆكى ئى پارت هاوپەیمانى ئۆپۆزسیۆن هەڵدەوەشێنێتەوە شیکاری

نوچەنێت:

ئا: دنیا ئەحمەد

مێراڵ ئاكشنار، سه‌رۆكى ئى پارتى له‌په‌يامێكدا سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنى ناوخۆيى توركيا رايگه‌ياند، "پێويسته‌ هه‌موو لايه‌نه‌ سياسيه‌كان به‌ لیستى جیاواز به‌ژدارى هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن، نابێت هيچ هاوپه‌يمانييه‌كى ناوخۆيى پێكبهێنرێت." 

ڕۆژى دووشه‌ممه‌ ماڵپه‌رى (سى ئێن ئێن)ـى تورکى بڵاويكرده‌وه‌، مێراڵ ئاكشنار سه‌رۆكى ئى پارت، له‌ په‌يامێكدا ره‌خنه‌ له‌ شه‌ش پارته‌كه‌ى سه‌رمێز و هاوپەیمانى ميلله‌ت ده‌گرێت، به‌هۆى دیاریکردنى كه‌مال كليچدارئۆغڵو، سه‌رۆكى جه‌هه‌په‌ وه‌ك كانديدى سه‌رۆكايه‌تى له‌ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك کۆمارى تورکیا دەگرێت و دەڵێت، "ئه‌وه‌ى ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه کردمان،‌ ته‌نيا مه‌به‌ستيان خۆيانه ‌و بير له‌ هيچ شتێکى تر ناكه‌نه‌وه،‌ ته‌نيا كورسييه‌كانيان لا مەبەستە، هه‌ربۆيه‌ش خۆمان له‌ ژووره‌ كوێره‌كان بەند کرد و هه‌ڵسوكه‌وتمان ته‌نيا له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه ‌كرد كه‌ ديلى رۆحن، به‌ڵام بە قاچه‌كانيانه‌وه‌ راكێشرانه‌ خواره‌وه‌." 

ئه‌كشنار بێ ئه‌وه‌ى ناوى هيچ سەرکردەیەکى سیاسى بێنێت، دووباره‌ رايگه‌يانده‌وه،‌ كه‌ ده‌بوايه‌ هه‌ريه‌ك له‌ ئه‌كره‌م ئيمام ئۆغڵو، سه‌رۆكى شاره‌وانى ئه‌سته‌مبۆڵ ياخود مه‌سعود يه‌ڤاش، سه‌رۆكى شاره‌وانى ئه‌نقه‌ره‌ وه‌ك كانديدى سه‌رۆكايه‌تى هه‌ڵبژێردرابان.

سه‌رۆكى ئى پارت داوايه‌كى ئاراسته‌ى لايه‌نه‌كان كردوو و ڕایگەیاند، "نابێت هيچ هاوپه‌يمانييه‌كى ناوخۆيى ببه‌سترێت، پێويسته‌ لايه‌نه‌كان به‌جيا بچنه‌ نێو هه‌ڵبژاردنه‌كان، بەڵام ڕەنگە هەندێ‌ كارى هاوبه‌ش بە یەکەوە ئەنجام بدەین پەیوەست به‌ داواكارييه‌‌ ناوخۆييه‌كان." 

دەربارەى هەڵوێستى پارتەکانى تر بەرامبەر ڕەخنەکانى مێراڵ ئاكشنارى، ماڵپه‌رى (ميلله‌ت) بڵاويكرده‌وه‌، به‌پێى زانيارييه‌‌كان، سه‌رۆكى جه‌هه‌په‌ به‌ بەرپرسانى حیزبەکەى راگه‌ياندووه،‌ "هيچ لێدوانێك به‌رامبه‌ر به‌ قسه‌كانى سه‌رۆكى ئى پارت نه‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر هەر هەڵوێستێک یان قسه‌يه‌ك بكه‌ين، ده‌بێته جۆرێک لە‌ بێرێزى به‌رامبه‌ر به‌ مێراڵ ئه‌كشنار." 

كليچدارئۆغڵو سه‌باره‌ت به‌ داواكه‌ى ئه‌كشنار رايگه‌ياند، "ئێمه‌ دووباره‌ داواى به‌ستنى مێزى هاوپه‌يمانى ده‌كه‌ين، به‌تايبه‌ت ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌تان بيرخه‌مه‌وه،‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆييه‌كانى (2019) هه‌رلايه‌نێك و هه‌ركه‌سێك ده‌نگيان دابێت به‌ كانديده‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانى ئێمه‌ ئه‌وه‌ سه‌ركه‌وتنى ئه‌وانه‌، هه‌ربۆيه‌ش هه‌وڵى ئێمه‌ له‌هه‌ڵبژاردنى ناوخۆى (2024) دووباره‌ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ى ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌يه‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌يمانه‌كانمان."

له‌لايه‌كى تر سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ ئه‌كره‌م ئيمام ئۆغڵو، سه‌رۆكى شاره‌وانى ئه‌سته‌مبۆڵ به‌رامبه‌ر به‌ ره‌خنه‌كانى ئه‌كشنار له‌ سه‌رۆكى جه‌هه‌په‌ رايگه‌ياندووه‌، "به‌داخه‌وه‌ ئه‌م لێدوانانه‌ به‌هەڵچوونەوە گوتراوه‌، ئه‌مه‌ وه‌چه‌رخانێكى سياسه‌ته‌ و هه‌ربۆيه‌ش ئێمه‌ له‌ داهاتوو ده‌زانين چى ڕووده‌دات." 

هه‌روه‌ها ماڵپه‌رى (بى بى سى) بڵاويكرده‌وه‌، ده‌وڵه‌ت باخچه‌لى، سه‌رۆكى مه‌هه‌په‌ لە وه‌ڵامى ئه‌كشنارى دەڵێت، "تاوه‌كو ئێستا ئۆپۆزسيۆن له‌ په‌يامى ئيراده‌ى ميلله‌ت تێنه‌گه‌يشتووه‌، ئێمه‌ هه‌ڵوێست و ئيراده‌ى خۆمان پيشان ده‌ده‌ين، وه‌ك پارتى بزووتنه‌وه‌ى ناسيۆناليستى چۆن سه‌ركه‌وتنمان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مان و سه‌رۆكايه‌تى به‌ده‌ست هێنا بۆ به‌رژه‌وه‌ندى سروست و هه‌ڵوێستى هاوپه‌يمانى گه‌ل خه‌بات ده‌كه‌ين." 

سه‌رۆكى مه‌هه‌په‌ سه‌باره‌ت به‌ داواكه‌ى ئه‌كشناريش پێیوایە، "كێشه‌ى ناته‌بایی نییە، كه‌ ئەوان بانگه‌شه‌ى بۆ ‌ده‌كه‌ن و به‌ ته‌نيا بچنه‌ نێو هه‌ڵبژاردنه‌كان و ده‌رگاش به‌كراوه‌ى به‌جێدێڵن بۆ هاوكارى و هاوپه‌يمانى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، به‌ڵكو ئه‌مانه‌ لێكتێگه‌يشتنێكى هه‌ڵه‌يان هه‌يه‌، ئێمه‌ وه‌ك هاوپه‌يمانى جمهور به‌ گڕوتينه‌وه‌ خۆمان بۆ هه‌ڵبژاردنى (31)ى ئازارى (2024) ئاماده‌ده‌كه‌ين، به‌ عه‌قڵ و لێكتێگه‌يستنێكى به‌هێز و هاوبه‌ش به‌رده‌وام ده‌بين، ئه‌م بانگه‌وازه‌ى  به‌شداريكردنى به‌جيا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌جددى وه‌رناگرين وكه‌سيش نييه‌ له‌مه‌و به‌دوا ده‌ستى ئه‌مانه‌ بگرێت، وە رێگرييشیان لێناكان بۆ ئه‌وه‌ى به‌ته‌نيا بچنه‌ نێو هه‌ڵبژاردنه‌كان."

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین