رووسیا كونسوڵخانە لە قوبرسی باكوور دەكاتەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

ئارسین تەتار، سەرۆكی كۆماری قوبڕسی توركی رایگەیاند، رووسیا بڕیاری داوە كونسڵخانەیەكی خزمەتگوزاری لە قوبرسی باكوور بكاتەوە، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش دەڵێت، نابێت لێكدانەوەی سیاسی بۆ بكرێت.

چوارشەممە (نۆی/ئاب/2023) ماڵپەڕی (مەیادین) بڵاویكردەوە سەرۆكی قوبرسی باكوور رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتی رووسی لێرەن، مۆسكۆ دەستی بە گرتنەبەری رێكارەكانی كردنەوەی نوسینگەیەكی خزمەتگوزاری كردووە، ئەوەش كارێكی باش دەبێت.

لە لایەكی دیكەوە تەحسین ئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی قوبرسی باكوور ئاشكرای كرد، ماوەی ساڵێك دەبێت ئەو بابەتە باسكراوە، رووسیا دەیەوێت نووسینگەیەكی خزمەتگوزاری كونسڵخانە بۆ ئەو هاووڵاتیانەی لێرەن بكاتەوە، ئەوەش لە شێوەی نووسینگە دەبێت، بەڵام پێویستە لێكدانەوەی ئەوەی بۆ نەكرێت كە ئەوە داننانە بە كۆماری باكووری قوبرس. 

ئاژانسی هەواڵی رووسیا (تاس)یش  ئەو هەواڵەی پشتڕاستكردەوە، بەڵام جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە، كە ئەو بڕیارە هیچ پاشخانێكی سیاسی لەپشت نییە.

پێشتر چەندین جار ئەنقەرە داوای لە مۆسكۆ كردووە، دان بە كۆماری قوبرسی باكوور دابنێت، بەڵام رووسیا داواكانی رەت دەكردەوە، ئێستاش ئەو هەنگاوەی رووسیا دژە لەگەڵ خواستی یۆنان و زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا، چاوەڕوانیش دەكرێت ئەو هەنگاوە كاردانەوەی یۆنان و قوبرسی لێ بكەوێتەوە.  

لە (1974) توركیا هێرشی كردە سەر بەشی باكووری قوبرس، دەستی بەسەرداگرت، لەوكاتەوە ئەو بەشە جیابۆتەوە، تەنیا خۆی دانی پێداناوە، هیچ وڵاتێك دانی بەو كۆمارە دانەناوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین