رووسیا فڕۆکەى سوخۆی (35) بە ئێران نادات ئێران

نوچەنێت:

لە کاتێکدا کە کۆماری ئیسلامی چەندین جار خوازیاری کڕینی فڕۆکەی جەنگی سوخۆی-35ی لە رووسیا بووە، وەزیری بەرگری لە ئێران بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کڕینی ئەو فرۆکانەی پشتڕاست کردەوە.

رۆژی پێنجشەممە (20ی تەمموزی 2023) رادیۆ فەردا لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، محەممەد رەزا ئاشتیانی، وەزیری بەرگری ئێران، لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە کڕینی سوخۆی-35 رایگەیاند: ئێمە وادەیەک بۆ کڕینی سوخۆی-35 دادەنێین، بەڵام دەگەینە ئەو بڕوایەی، کە توانای بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بۆ خۆمان فەراهەم بووە.

لە لێدوانەکەی بۆ ئاژانسی هەواڵی دانشجو، کە پێدەچێت پێی باشترە خۆی لە وەڵامدانەوەی ئەم بابەتە بەدوور بگرێت، گوتی "ئێمە لێکۆڵینەوە لە دۆخەکە دەکەین" و "ئەگەر کاتێک هەست بە پێویستی بکەین، رەنگە ئەم کارە رێکبخەین یان بەدوایدا بڕۆین".

وەزیری بەرگری وردەکارییەکانی دۆخی دۆسیەی کڕینی سوخۆی-35 نەخستەڕوو، بەڵام بە روونی ئەم قسانە ئاماژەن بۆ پێشنەکەوتنی پرۆسەی ئەگەری رێککەوتنی تاران و مۆسکۆ لەم بوارەدا.

فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی ئێران، تاڕادەیەک کۆنە و زۆربەشیان هەمان ئەو فڕۆکە ئەمریکییانەن کە لە سەردەمی رژێمی پێشووی ئێراندا کڕدراون.

ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی مانگی رابردوو بڵاویکردەوە، کە بەرپرسانی ئیسرائیل لەگەڵ هاوتا رووسەکانیان لە پەرەسەندنی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان رووسیا و ئێران و ئەگەری دابینکردنی سیستەمی چەکی پێشکەوتوو بۆ ئێران گفتوگۆیان کردووە.

ئەگەری پابەندبوونی رووسیا بە فرۆشتنی سوخۆی 35 بە ئێران، تا ئێستا بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە، لە کاتێکدا لە چەند رۆژی رابردوودا رەخنەکان لەناو حکومەتی ئێران، سەبارەت بە جۆری پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیا زیادی کردووە.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین