مێژووی پەیوەندی عێراق و سوید چۆنە؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

دوای سووتاندنی باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا لەلایەن لایەنگرانی رەوتی سەدرەوە، لەسەر رووداوی سووتاندنی قورئان، حكومەتی سوید هاوتا عێراقییەكەی بەوە تۆمەتبار دەكات كە ناتوانێ‌ شاندە دیپلۆماسییەكان بپارێزێت، كەچی حكومەتی عێراقیش بە هەڕەشەی پچڕاندنی پەیوەندی وەڵامی دەداتەوە، ئەم گرژییە لەنێوان ئەم دوو وڵاتە دروست دەبێت كە سەرەتای پەیوەندییەكانیان بۆ هەشتاكانی سەدەی بیستەم دەگەڕێتەوە، ئەگەر بە لاوازیش بێت بەڵام بەردەوام بووە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی تەمووزی 2023 باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا لە لایەن سەدان كەسەوە سوتێنرا، كە دەگوترێت لایەنگرانی سەدرن. ئەمەیش وەك كاردانەوەیەك بوو لە بەرانبەر ئەو كەسەی كە لە 28ی مانگی رابردوو لە سوید قورئانی سوتاندبوو. ئەو كەسە ناوی سەلوان مۆمیكایە و مەسیحی عێراقە. دوو رۆژ لەمەوبەر مۆمیكا جارێكی تر لە ڤیدیۆیەك ئاشكرای كرد كە سوید رەزامەندی داوە بۆ ئەوەی خۆی و هاوڕێیەكی تری لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوید قورئان و ئاڵای عێراق بسوتێنن، بۆیە عێراقییەكان بەر لە مۆمیكا گڕیان لە باڵیۆزخانەی سوید بەردا.

مێژووی پەیوەندی عێراق و سوید بە شێوەیەكی بەرچاو بۆ هەشتەكانی سەدی رابردوو دەگەڕێتەوە

تۆبیاس بیلسترۆك وەزیری دەرەوەی سوید لە راگەیێندراوێكدا سەركۆنەی سووتاندنی باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا دەكات و دەڵێ‌، "هەرگیز جێی قبووڵ نییە" وەزیری دەرەوەی سوید حكومەتی عێراق بەوە تۆمەتبار دەكات بەوەی نەیتوانیوە پارێزگاری لە شاندە دیپلۆماسییەكان بكات. وەزیری دەرەوەی سوید دووپاتیشی دەكاتەوە كە شاندی دیپلۆماسی وڵاتەكەی لە عێراق سەلامەتن.

وەڵامی توندتر لە عێراقەوە هات، دوای سووتاندنی باڵیۆزخانەی سوید، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرپەشتی كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی كرد دواتر بە هەڵوێستێكی هەڕەشە ئامێز كۆتایی بە كۆبوونەوەكە هێنا، سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرای دەكات كە دووپات لەسەر هەڵوێستی عێراق لەبارەی پاراستنی پیرۆزی خەڵك كراوەتەوە و دوێنێ‌ حكومەتی عێراق بە حكومەتی سویدی راگەیاندووە، ئەگەر رووداوی سووتاندنی قورئان دووبارە ببێتەوە ئەوا كۆتایی بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان دەهێنن.

عێراقییەكان 2% دانیشتووانی سوید پێكدەهێنن
 

عێراق و سوید پەیوەندییەكی بەردەوام

پەیوەندی ئابووری و سیاسی عێراق و سوید بە شێوەیەكی بەرچاو بۆ سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، ئەو كات عێراق رێگەی بە كۆمەڵێك كۆمپانیای سویدی دا تا لە عێراق كار بكەن، بەڵام دوای ئەمە لەدوای جەنگی دووەمی كەنداو پەیوەندی نێوان عێراق و سوید لە ساڵی 1990 وە پچڕا تا ساڵی 2003 رژێمی بەعس لە عێراق كەوت.

ئەمجارە بۆ ماوەیەكی كەم باڵیۆزخانەی سوید لە عێراق كرایەوە، بەڵام بەهۆی داڕووخانی بارودۆخی ئەمنی و تەشەنەكردنی تیرۆر لە عێراق، باڵیۆزخانەی سوید لە بەغداوە بۆ عەمانی پایتەختی ئوردن گوێزرایەوە و لە ساڵی 2009 گەڕێندرایەوە عێراق و لە 2010 سوید گەورەترین نوێنەرایەتی دیپلۆماسی لە عێراق كردووە، باڵیۆزخانەی خۆشی لە بەغدا وەك گەورەترین باڵیۆزخانەی سوید لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەناسێنێ‌.

زیاتر لە 10 پەیوەندی عێراق و سوید پچڕا بوو حەوت ساڵیش باڵیۆزخانەكەی لە بەغداوە بۆ عەمان گواستەوە 

جیا لەمەیش سوید كونسوڵخانەی خۆی لە هەولێر كردووەتەوە و پەیوەندییەكی بە هێزی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە. لەدوای كەوتنی رژێمی بەعس لە عێراق سوید دووپاتی لەسەر ئەوە كردووەتەوە پاڵپشتی بە دیموكراسی بوونی عێراق دەكات، جیا لەمەیش لە جەنگی دژ بە داعش لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەشدار بووە.سوید لە ساڵی 2008 ژووری بازرگانی هاوبەشی لەگەڵ عێراق هەیە و بەگوێرەی هەندێك ئامار كە ئێستا نیین، لە ساڵی 2010 كە بازرگانی عێراق و سوید گەشەی كردووە، ئینجا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی گەیشتووەتە 167 ملیۆن دۆلار.

خاڵێكی گرنگ لە پەیوەندی نێوان سوید و عێراق، بوونی ژماریەكی زۆری عێراقییە كە لە وڵاتی سوید دەژین گوایە ژمارەیان نزیكەی 200 هەزار كەس دەبێت و بەگوتەی فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق نزیكەی 2% كۆمەڵگەی سویدی پێكدەهێنن. بە ناوی گەشەپێدان و ئاوەدانكردنەوە و سەقامگیری عێراق سوید بەردەوام  كۆمەكی دارایی بە عێراق داوە و دوایین جار لە مانگی ئایاری رابردوو بوو كە بڕەكەی  ملیۆنێك و 900 هەزار دۆلار بوو.

لە 28ی مانگی رابردوو "حوزەیران" كەسێكی مەسیحی عێراق بە ناوی سەلوان مۆمیكا لە سوید قورئانی پیرۆزی سووتاند، دوو رۆژ دواتر لەلایەن عێراقییەكانەوە هێرش كرایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا، بێ ئەوەی هیچ زیانێك بەر باڵەخانەكەی بكەوێت، بەڵام ئەمڕۆ جارێكی تر هێرش كرایە سەر باڵیۆزخانەكە و سوتێنرا. چونكە حكومەتی سوید دووبارە رێگەی بەو كەسە داوا قورئانی بسوتێنێ‌ و تەنانەت بەنیازیشە لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوید ئاڵای عێراقیش بسوتێنێ‌.

دواجار ئەمڕۆ محەمەد شیاع سوودانی بڕیاری دا باڵیۆزخانەی عیراق لە سوید بكشێنرێتەوە و باڵیۆزی سوید لە بەغدا خاكی عێراق جێبهێڵێت


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین