بەندکراوێکی سیاسی کورد لە ژێر ئەشکەنجە گیان لەدەستدەدات ئێران

نوچەنێت:

بەندکراوی سیاسی کورد لە ژێر "ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران" گیانی لەدەستداوە و هێشتا تەرمەکەیان رادەستی بنەماڵەکەی نەکردۆتەوە.

لە راپۆرتێکدا رادیۆ فەردا رۆژی یەکشەممە (9ی تەمموزی 2023) بڵاویکردۆتەوە، کە چالاکانی مافی مرۆڤ هەواڵی گیانلەدەستدانی موسا ئیسماعیلی، بەندکراوی سیاسی کورد، خەڵکی پیرانشار لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێیان راگەیاندووە.

موسا ئیسماعیلی لەدایکبووی ساڵی 1991-ە و خەڵکی گوندی پێسۆی شاری پیرانشار، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئازەربایجانی رۆژئاوا ئێوارەی رۆژی یەکشەممە (7ی ئایاری 2023)، ئیسماعیلییان دەستگیرکردووە و دەستیشیان بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا گرتووە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە راپۆرتێکدا جەختی لەوە کردەوە، کە ئیسماعیلی دوای دەستبەسەرکردنی بۆ ئیتلاعاتی ورمێ گواستراوەتەوە و لە ئەنجامی ئەشکەنجەدانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گیانی لەدەستداوە.

رۆژی رابردوو باوکی موسا ئیسماعیلی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کراوە و هێزە ئەمنییەکان ئاگاداریان کردۆتەوە، کە "کوڕەکەی بەهۆی ئەشکەنجەوە گیانی لەدەستداوە".

لە راپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا باس لەوە کراوە، کە دوابەدوای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، دەزگا ئەمنییەکانی ئێران تۆمەتبارکردنیان بە "ئەندامبوون لە یەکێک لە پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن" راگەیاندووە.

بە پێی ئەم راپۆرتە، دوای ئەوەی بنەماڵەی موسا ئیسماعیلی چوونەتە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، هێزە ئەمنییەکان پێیان ئاگاداریان کردوونەتەوە، کە "کوڕەکەتان مردووە".

ئەم پێگەی مافی مرۆڤ زیادی کرد کە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ "تەرمی ئەم زیندانییە سیاسییەیان رادەستی بنەماڵەکەی نەکردووە" و هۆشدارییان بە ئەم بنەماڵەی داوە، کە "مافی ئەوەیان نییە رێوڕەسمی پرسە لە مزگەوت" بۆ کوڕەکەیان ئەنجام بدەن.

سەرچاوە: 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین