نێچیرڤان بارزانى بۆ حکوومەتى عێراق: ئەرکە یاساییەکانت بەرامبەر کوردانى فەیلى جێبەجێ بکە کوردستانی

نوچەنێت:

نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە یادى (41) ساڵەى جینۆسایدى کوردانى فەیلى لە پەیامێکدا دەڵێت، "وڵاتبەدەرکردنی سه‌تان هه‌زار كوردى فه‌يلى و لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە، جینۆسایدێکی ڕەگەزپەرستانه‌ى به‌عس بوو بەرامبەر به‌ کوردانی بێگوناهی فەیلی."

 

هەروەها لە پەیامەکەیدا هاتووە، "ناساندنی ئەو تاوانانە بە جینۆساید لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە، بڕیارێکی دادپه‌روه‌رانه‌ و ڕەوا بوو."

 

دەقى پەیامەکەى نێچرڤان بارزانى لە یادى جینۆسایدکردنى کوردانى فەیلى

 

له‌ يادى چل و یەک ساڵه‌ى زنجیرە تاوانەکانی جينۆسايد و وڵاتبەدەرکردن و بێسه‌روشوێنكردنى خوشک و برایانی كوردی فه‌يليدا، شەهیدان و ستەملێکراوانی لەیادنەچووی ئەو تاوانانە بە ڕێز و شکۆوە یاد دەکەینەوە.

وڵاتبەدەرکردنی سه‌تان هه‌زار كوردى فه‌يلى و بێسه‌روشوێنكردنى ده‌يان هه‌زارى ديكه‌يان، لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە و زەوتکردنی ماڵ و موڵکیان، جینۆسایدێکی ڕەگەزپەرستانه‌ى به‌عس بوو بەرامبەر به‌ کوردانی بێگوناهی فەیلی کە جگە لە کوردبوون و داکۆکيكردن لە ناسنامە و مافە ڕەواکانی میللەتەکەیان، هیچ تاوان و خەتایەکیان نەبوو.

ناساندنی ئەو تاوانانە بە جینۆساید لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە، بڕیارێکی دادپه‌روه‌رانه‌ و ڕەوا بوو، ئەو بڕیارە دەوڵەت و حکوومەتی عێراق دەخاتە بەر ئەرک و بەرپرسیاريه‌تیی قەرەبۆکردنەوەی ماددی و مەعنەويی قوربانییان و زیانلێکەوتووان.

داوا لە حکوومەتی فیدراڵى عێراق ده‌كه‌ين ئەو ئەرکە یاسایی و ئەخلاقی و ویژدانییەی بەجێ بگەیەنێت و موڵک و ماڵ و ڕەگەزنامە و مافە مەدەنییەکان و قەرەبۆی زیانەکان بۆ کوردانی ستەمدیدەی فەیلی بگێڕێتەوە و کێشە و گرفتەکانیان چارەسەر بکات.

سڵاو و دروود بۆ گيانى پاكى شه‌هيدانى كوردى فه‌يلى. سڵاو و ڕێز بۆ خانەوادە سەربەرزەکانیان دەنێرین. خەبات و دڵسۆزی و قوربانیدانی خوشک و برایانی کوردی فەیلی بۆ هەمیشە جێی شانازیی گەلەکەمانە.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

4/4/2021

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین