سه‌رۆك بارزانی به‌شداریی له‌ كۆنگره‌ی (12)ـی پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا ده‌كات کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆک بارزانى، بەشدارى لە کۆنگرەى (12)ـى پارتى دیموکراتى کوردستان-سووریا دەکات و هیوادەخوازێت، بۆ کوردانى ڕۆژئاوا "بارودۆخێك دروست بێت كه‌ بتوانن بگه‌رێنه‌وه‌ زێدی باب و باپیران و به‌ یه‌كگرتوویی رووبه‌ڕووی ته‌حه‌دیاته‌كان ببنه‌وه."

ئەمڕۆ شەمە (10/حوزەیران/2023) له‌ هه‌ولێر به‌ به‌شداری سه‌رۆك بارزانی دوازده‌یه‌مین كۆنگره‌ی پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا ده‌ستیپێكرد و تیایدا سه‌رۆك بارزانی وتارێكی پێشكه‌ش كرد.

بارەگاى بارزانى لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، سه‌رۆك بارزانی له‌ وتاره‌كه‌یدا سه‌ره‌تا هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواستن و رایگه‌یاند، "هیوادارم كۆنگره‌كه‌تان سه‌ركه‌وتوو بێت و له‌ئاستی داواكاری جه‌ماوەرەکەتان بێت" هه‌روه‌ها "رۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریای له‌ شۆڕشه‌كانی ئه‌یلوول و گوڵان به‌رز نرخاند و پێزانینی بۆ هه‌وڵ و تێكۆشانی له‌شكری رۆژ له‌شه‌ڕی دژی تیرۆرستانی داعش هه‌بوو كه‌ به‌ ده‌یان شه‌هیدیان پێشكه‌ش به‌ نیشتمان كرد."

سەرۆک بارزانى لە بەردەوامى وتارەکەیدا ڕایگەیاند، "سوپاسی ئێوه‌ و هه‌موو ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌ رابردوو و ئێستادا رۆڵی گرنگیان بینیوه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازیی گه‌له‌كه‌ماندا. لێره‌وه‌ سڵاو بۆ جه‌ماوه‌ره‌ خۆڕاگره‌كه‌تان ده‌نێرم. سڵاو بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ ئاواره‌ی وڵاتان بوون و ئه‌وانه‌ی لێره‌ له‌ ماڵی خۆیاندان."

ڕاگەیێندراوەکە ئاماژە بەوەدەکات، سه‌رۆك بارزانی هیوای خواست بارودۆخێك دروست بێت كه‌ بتوانن بگه‌رێنه‌وه‌ زێدی باب و باپیران و به‌ یه‌كگرتوویی رووبه‌ڕووی ته‌حه‌دیاته‌كان ببنه‌وه‌، هه‌روه‌ها داواشی كرد "دۆستایه‌تی و هاوپه‌یمانیان زیاتر پته‌و بكه‌ن و گوتی، له‌سه‌ره‌تای رووداوه‌كانی سووریا له‌ ساڵی 2011ـه‌وه‌ به‌ به‌رده‌وامی پشتیوانتان بووین بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كڕیز و ته‌با و یه‌كڕه‌نگ بن و هه‌ر بڕیارێك پێتان باش بوو بیده‌ن."

لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا گووتیشى "ئێمه‌ پشتیوانتان بووین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كان سێ كۆنگره‌ (دوو له‌ هه‌ولێر و یه‌ك له‌ دهۆك) ببه‌ستن بۆ خه‌بات و پێكه‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌یی، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ كۆسپ دروستكرا، بێگومان رێگه‌ی تێكۆشانی گه‌ل دوورودرێژە‌ و ئه‌وانه‌ی ده‌بنه‌ كۆسپ له‌به‌رده‌م ده‌ستكه‌وته‌كان، باجه‌كه‌ی ده‌ده‌ن."

بەپێى ڕاگەیێندراوەکە، سه‌رۆك بارزان دووپاتی كرده‌وه‌، "ئێمه‌ هه‌رده‌م پشتیوانی ئێوه‌ین له‌پێناو خه‌باتێكی راسته‌قینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی كه‌ خزمه‌ت به‌ دۆزی ره‌وای گه‌لی كورد بكات له‌ سووریا"، هەروەها "سه‌رۆك بارزانی سڵاوی بۆ گیانی پاكی ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ نارد كه‌ به‌ناحه‌ق شه‌هیدكران و ئه‌وانه‌شی له‌ به‌ندیخانه‌كاندان."

ئەوەش هاتووە، (12)ـه‌مین كۆنگره‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا به‌ ئه‌ماده‌بوونی زیاتر له‌ 220 ئه‌ندام له‌ شاری هه‌ولێر بۆ ماوه‌ی دوو رۆژ به‌ڕێوه‌ده‌چێت و تیایدا 29 ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێردرێن و دواتریش سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا هه‌ڵده‌بژێردرێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین