یەکەمین سەدەی تورکیای ئەردۆغان و ڕۆڵی چاوەڕوانکراوی هەرێم
شیروان شەمێرانی
ئەم بابەتە لە سێ ناونیشاندا باس لە چەرخی تورکییای ئەردۆغان دەکات، گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکان زۆر قوڵ و فرە لایەن دەبن، شوناسی ئەتاتورک لە تورکیا دەسێنێتەوەو شوناسی ئەردۆغانی پێ ئەدات، یان بڵێین تورکیا لە چنگی ئەتاتورک دەرەهێنێت و ڕۆحی عوسمانیی جارێکیتر بەبەردا ئەکاتەوە، هەروەک چۆن وتی با – زلەیەکی – عوسمانی لە کەمال کلیجداربدەین و بڵێین ( بای بای کەمال)، کە هەردوو کەمالەکە دەگرێتەوە. ناونیشانی یەکەم و دووەم بۆ تێگەیشتنە لەوەی خولقاوە بۆ سێیەمیان کە مەبەستمانە ئەویش ڕۆڵی هەرێمی کوردستانە.
ترسی لە سێدارەدان
زانیارییەکانی پشت پەردەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەوانەی کە لەڕێگای هاوڕێکانمانەوە پێمان گەیشت دەڵێن ئەوەندە ململانێکانی نێوان دوو بەرەی ڕکابەر قوڵ و گرژ بوبون، لەناوەندە تایبەتەکانی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداردا گومانێکیان لا دروست بوبوو، کە نەبردنەوەی هەڵبژاردنەکان تەنها دۆڕانی گەڕێکی پێشبڕکێی دیموکراتیانە نییەو تەنها گواستنەوەی خەبات نییە لە دەسەڵاتەوە بۆ ئۆپۆزسیۆن بوون، بەڵکو وەک نەریتی پارتی گەلی کۆماری سەرکردەکانی دادو گەشەپێدان ڕاپێچی زیندان دەکرێن و بەشێکیشیان بەپەتی سێدارەوە هەڵدەواسرێن، بۆیە لەگوتارەکانی سەرانی ئاکپارتیدا دەنگۆی گەڕانەوە بۆ -70- ساڵ پێش ئێستا دەدرا بەگوێی جەماوەرو ئەندامانی جەهەپەدا.
تەواوی شیکارو شرۆڤەکان بەهەڵەدا چون لە تێگەیشتن لەو ڕستەیەی ئەردۆغان کاتێک دەیوت لە ساڵی 2023دا و پاش تێپەڕبوونی 100 ساڵ بەسەر کۆماری تورکیادا، تورکیایەکی نوێ دروست دەکەین، هەموو پێیان وابوو هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی لۆزان و داواکردنەوەی ویلایەتی موسڵی مەبەستە، زیاتر عەرەبە نەتەوە پەرستەکان ئەمەیان دەوتەوە، لەکاتێکدا پەیماننامەی لۆزان بەڵگەنامەیەکی نێودەوڵەتییەو دەبازبوون لێی بەو ئاسانییە نییە، هەروەها ئەوە مەبەستی ئەردۆغان نەبووە، ئەوەی مەبەستی بوو ئەمەیە کە ئێستا لەئارادایە، پێچانەوەی میراتی فیکریی و ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتی ئەتاتورک تا ئاستی نوسینەوەی دەستورێکی نوێ، پاش کارکردنی جددی لەسەر نەهێشتن و بچوککردنەوەی بە درێژایی 20 ساڵ لەسەرجەم دەزگاکانی دەوڵەتدا، بەرەی بەرامبەر بەڕونی هەنگاوەکانی ئەردۆغانییان دەبینی و دەشیان زانی بەرەوکوێ دەڕوات، بەشێکیان بە چاوی خۆیان بینی وەک مزگەوتی ئەیا سۆفیا و پرسی سەرپۆش و لابردنی سرودی من تورکم لە خوێندنگەکاندا، دیارترینیش سەردانی گۆڕی ( عەدنان مەندەریس) ی لەسێدارەدراو لەئەنجامی کودەتای سەربازی لە ساڵی 1961دا بوو، ئەو کودەتایەی کە بە هاندانی – عیسمەت ئینۆنیۆ – جێنشینی ئەتاتورک سوپا ئەنجامیدا.
جۆشدانی هەستی نەتەوایەتی
کاتێ کە جۆش و خرۆش گەیشتە ئاستێکی هەستیار و سنورەکانی کێبڕکێیەکی سیاسیی ئاسایی تێپەڕاند، ناونیشانەکانی بردنەوەو دۆڕاندنی بەزاند و دۆخێکی چارەنوسازی وەرگرت، هەردولا پەنایان برد بۆ هەر فاکتەرێک بەدەستیانەوە بێت و لەبەرژەوەندییاندا بێت، هەستیارترینیان وروژاندنی گیانی نەتەوایەتی و خۆدان لە مەزهەبگەرایی بوو، مەزهەبی ئایینی بۆ یەکەمین جار لە تورکیای نوێدا لەلایەن بەرەی چەپ و عەلمانی و پڕوپاگەندەکەرانی مۆدێرنەوە کرایە جومگەیەکی رۆشنبیریی هەڵبژاردن.
ئەردۆغان نەتەوەپەرست نییە، عەلمانیش نییە، وەک خۆی دەڵێ من عەلمانی نیم بەڵام دەوڵەت عەلمانییە، لەگوتاری – من تورکم- کە لە تەواوی سەرزەمینی تورکیادا دەوترایەوە، گواستیەوە بۆ گوتاری هیچ جیاوازییەک لە نێوان کوردو تورک و شەرکەسدا نییە، هەمووان برای یەکترن لەچوارچێوەی دەوڵەتی تورکیادا. بەڵام هەستی نەتەوەپەرستی لەم هەڵبژاردنەدا لەتۆپکەدا بوو، گەشتە ئەوەی کە کەمال کلجدار ئۆغلۆ لەگەڵ بوونی ڕێکەوتن لەگەڵ – یەسەپە- دا، لەگەڕی دووەمدا هێرش بکاتە سەر پەکەکەو بۆشاییەکی لەنێوان خۆیی و دیمیرتاش و ناوچە کوردییەکاندا دروستکرد، هەروەها هەوادارانی- پارتی چاک- ئی پارتی- نزیکیی کلیجداریان لە یەپەسە پێ هەرس نەکرا، بۆیە بەشێکیان دەنگیان بە پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی باهچەلی دا، چاوخشانێک بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەدا ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێ، کە پارتە نەتەوە پەرست و دەمارگیرەکان ئاستی دەنگەکانیان و کورسییەکانیان زیادی کرد بەراورد بە هەڵبژاردنەکەی 2018.
بەواتایەکیتر، ململانێکە لە گەڕان بەدوای چارەسەر بۆ دۆخی خراپی ئابوریی وڵات و لە کەش و هەوایەکی خزمەتگوزاریی ئەرێنییەوە گوازرایەوە بۆ گوتاری ڕق بەخشینەوەو دروستکردنی کەلێنی جەماوەریی.
گۆڕانکاریی چاوەڕوانکراو و ڕۆڵی هەرێم
ئەو بارودۆخەی لە تورکیادا خولقا لە دوو مانگی ڕابوردوو لەلایەک و سیاسەتی -هەدەپە- لەلایەکیتر کە زیاتر لە دوژمنایەتی کردنی ئەردۆغان دەچوو، حاڵەتێکی هێناوەتە پێش لە بەرژەوەندی هەدەپە نییە و ئێستا لەدەرەوەی هەموو کایەکانی کارکردنە، لەوکاتەی کە دەبوو تەواوی ڕۆڵیان هەبوایە لە سەرەتای دووەمین چەرخی تورکیاو یەکەمینی ئەردۆغاندا، خۆیان و دۆزەکەشیان بەرەو ئاسۆیەکی نادیار ئاراستەکرد، ئێستا دەوڵەتی تورکیا لە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی هەمەلایەنەدا گوزەر دەکات، ئەردۆغان بەبەراورد لەگەڵ دەیە ڕابوردووەکاندا، ئەگەر نەشیتوانی بێت دەمارگیری تۆرانی بەتەواوی بسڕێتەوە، توانیویەتی کاڵی بکاتەوە، بۆیە لەم ساتەوەختە وەرچەرخانیە مێژووییەدا کەشەکە لەبارە تا هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی سیاسیی باشوری کوردستان ڕۆڵێکی باش بگێڕێت لەمەڕ داهاتووی کوردانی باکور، ڕوداوەکان -واقیع- هەلی گرنگی تێپەڕاند کە دەکرا چارەسەری گونجاوی لە بەردەست بووی کێشەکان بن، بەڵام ئەو هەنگاوانەی سەرۆکی تورکیا ئێستا دەیەوێت بینێت لەئاست هەموو تورکیا و پەیوەندییەکانی دەرەوەیدا، زەرورەتی جوڵانی سەرکردایەتی هەرێم ئەچەسپێنێ، بانگهێشتکردنی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئاهەنگی سوێندخواردن و گرنگیپێدانێکی سەرنجڕاکێش پێی لەلایەن سەرۆکی تورکییاوە، ئاماژەن کە هەرێم پێگەی سەنگینی خۆیی هەیە، بۆیە بەکەڵک وەرگرتن لەو گرنگی پێدان و ئەو وێستگە مێژوییەی تورکیاو سوریاشی پیادا تێئەپەڕێ، دەخوازێت هەرێم چاوەڕێ نەکات و دەسپێشخەری خۆی بێ دواکەوتن بکات.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment