ئەردۆغان لە پشت پەردەوە سەرقاڵى پێكهێنانى حكومەتەكەيەتى شیکاری

نوچەنێت

وەرگێرانى: ئيسماعيل تەها

لەدواى سەركەوتنەوەى هاوپەيمانى جمهوور لە گەڕى دووەمى هەڵبژاردنى توركيا، رەجەب تەيب ئەردۆغان سەرۆك كۆمارى هەڵبژێردراوى توركيا سەرقاڵى پێكهێنانى كابينەى نوێى حكومەتەكەيەتى، راگەياندنەكانى توركيا هەندێك زانيارييان لەسەر ئەو كەسانە بڵاوكردۆتەوە كە ئەگەرى بەهێز هەيە لەو كابينە نوێيە پۆستى وەزارى وەربگرن. 

بەگوێرەى دەستوورى توركيا سێ رۆژ دواى راگەياندنى فەرمى ئەنجامى كۆتايى، سەرۆك كۆمار لەبەردەم پەرلەمان پەرلەمان سوێندى ياسايى دەخوات، بەوەش واتا سوێندخواردنى ئەردۆغان دەكەوێتە چوارى ئەم مانگە.
بەگوێرەى دەزگا راگەياندنەكانى توركيا رێوڕەسمى سوێندخواردنى تيمى نوێى وەزاريى و جێگرانى سەرۆك دەكەوێتە پێنجى حوزەيران، چاوەڕوان دەكرێت لە چوارى حوزەيران ناوەكانيان ئاشكرا بكرێت، هەروەك دوێنێ چوارشەممە كابينەى ئێستاى حكومەتى توركيا كۆبوونەوەى كۆتايى خۆى لە ئەنقەرە بە ئامادەبوونى رەجەب تەيب ئەردۆغان كرد.
مەليگ يەگتەلى، رۆژنامەنووسى تورك ئاماژە بەوە دەكات، وەزيرانى ئێستا كە وەك پەرلەمانتار هەڵبژێردراون، زۆرينەيان لەوانە لەو تيمە وەزاريەى ئێستا نابن، ئەگەر هەيە يەكێك ياخود دوو لە وەزيرەكان لە كابينەى نوێ پۆستى وەزارى وەربگرنەوە، بەوەش سەرجەمى ئەو كابينەيە پێكهاتەيەكى نوێ دەبێت.
لە بەشێكى ترى قسەكانى دەڵێت، “باس لەوە دەكرێت كە محەمەد شيمشك، كە پێشتر وەزيرى دارايى و جێگرى سەرۆك وەزيران بووە بۆ كاروبارى دارايى، ئەگەر هەيە لە كابينەيە ببێتە وەزيرى دارايى و گەنجينە و جێگرى سەرۆك.”

هاندا فورات، رۆژنامەنووسى نزيك لە حكومەتى توركيا باس لەوە دەكات ناوەرۆكى ئەو ديدارە و ديدارەكانى ترى نێوان ئەردۆغان و شيمشك زۆر ئەرێنى بووە، بەڵام ئەو پۆستە تەنيا تايبەت نەكراوە بە شيمشك، بەڵكو ئەردۆغان كار لەسەر گەڕان بەدواى ناوى ترى جێگرەوەش دەكات.
ئەو رۆژنامەنووسە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە زۆرينەى پەرلەمانى بۆ سەرۆك زۆر گرنگە، ئەو وەزيرانەى كە پۆستى پەرلەمانيان وەرگرتووە ناگەڕێنەوە پەرلەمان، هەروەك هيچ كەسێكى لە بنەماڵەى ئەردۆغان لەو حكومەتە پۆست وەرناگرن، ئەوەش ئاماژەيە بۆ ئەو دەنگوگۆيەى سەبارەت بە سەلجووق بەيرەقدار ياخود بەرائات بەيرەقدار هەيە.
لە بەشێكى ترى قسەكانى ئەو ئەو رۆژنامەنووسە توركە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، ئەردۆغان پلانى هەيە بە حكومەتێكى تەواو نوێ و جياواز لەبەردەم جەماوەر دەركەوێت.
هاندا دەشڵێت، بەهۆى ئەوەى دواى (10) مانگى تر هەڵبژاردنى شارەوانييەكان بەڕێووە دەچێت، ئەگەر هەيە ئەو كەسانەى لە پەرلەمانن بۆ پۆستى سەرۆكايەتى شارەوانييەكان ديارى بكرێت، هەروەك باس لەوە دەكرێت عادل قەرە ئيسماعيلئۆغۆ، وەزيرى  گوازستەوە و ژێرخانى توركى، و موراد كۆرۆم، وەزيرى ژينگە و پەرەپێدان كانديد بكرێن.
سەبارەت بە كۆبوونەوەىى دوێنێى نێوان محەمەد شيمشك و ئەردۆغان راگەياندنەكانى توركيا بڵاويان كردوە، كۆبوونەوەكە زۆر گرنگ بوو، شيمشك نەخشەڕێگەى نوێى ئابوورى بۆ حكومەتەكەى ئەردۆغان دياريكردووە، ئاماژە بەوەش دەكەن لە گردبوونەوە جەماوەرييەكان محەمەد شيمشك زۆر بە ئاسادەيى لەگەڵ ئەردۆغان بوو، بۆيە شيمشك كەسايەتييەكى چالاك دەبێت لە بەڕێوەبردنى ئابوورى.
دەليك كۆنكۆر، نووسەرى تورك بەپشتبەستن بەو زانياريانەى دەستى كەوتوون باس لەوە دەكات، پێداچوونەوەيەكى فراوان بە پێكهاتەى وەزارەتەكان و وەزارەتە نوێكان دەكرێت، حكومەتى توركيا پێش گۆڕينى سيستەمى وڵات لە پەرلەمانى بۆ سەرۆكايەتى حكومەتى توركيا سەرۆك و جێگرى سەرۆك و (26) وەزير بوو، بەڵام لەگەڵ گۆڕينى سيستەمى وڵات ژمارەى وەزيرەكان بوو بە (17) بەشێك لە وەزارەتەكان تێكەڵ كران.
ئەو نووسەرە تورك ئاماژە بەوە دەكات باس لەوە دەكرێت هەندێك لە وەزيرەكانى كابينەى داهاتوو يەكلابۆتەوە، بۆ نموونە گفتوگۆ لەسەر جياكردنەوەى وەزارەتەكانى كشتوكاڵ و دارستان و گەنجينە و دارايى و ژينگە و ژێرخانى ئاوەدانكردنەوە يەكلايى بۆتەوە.
هەروەها لە خشتەى كارەكان باس لە دوو وەزارەتى نوێ دەكرێت، ئەويش وەزارەتى كارەساتە سرووشييەكان و وەبەرهێنانە.

ئەگەر هەيە چەند كەسايەييەك لە چوارچێوەى پێهاتەى حكومەتى نوێ بن، عەبدولقادر سێڤلى، رۆژنامەنووسى تورك دەڵێت، ئەگەر هەيە نەعمان كورتولمش پۆستى سەرۆكى پەلەمان وەربگرێت.
ئەو رۆژنامەنووسە جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە، كە محەمەد شيمشك يەكێك دەبێت لە جێگرانى سەرۆك، هەروەك لوتفى ئەلوان پۆستى وەزارەتى بازرگانى و جەودەت يەڵماز پۆستى وەزارەتى دارايى و گەنجينە وەردەگرێت.
ئەو رۆژنامەنووسە توركە بەدوورى دەزانێت، هەريەك لە بەكر بۆزداغ و موراد كۆرۆم و سلێمان سۆيلۆ و خلوسى ئاكار لە پۆستەكانيان بمێننەوە، ئاماژە بەوەش دەكات ئەگەر هەيە پۆستى وەزيرى وزە لە لايەن مستەفا يەڵماز، ياخود ئەلوب ئەرسەلان بەيرەقدار وەربگيرێت.
رۆژنامەى يەنى شاگ، كە لە ئى پارتەوە نزيكە، باس لەوە دەكات بەگوێرەى گفتوگۆكانى پشت پەردە، ئيبراهيم كالن بۆ پۆستى وەزيرى دەرەوەى توركيا كانديد دەكرێت، هەروەها ئەگەر هەيە فەخرەدين كۆجا، وەزيرى پێشووى تەندروستى و محەمەد شيمشك وەزيرى پێشووى دارايى ببن بە جێگرانى سەرۆك كۆمار ديارى بكرێن.
هەروەها باس لەوە دەكرێت، مستەفا شەنتوب، سەرۆكى پێشووى پەرلەمان بۆ پۆستى وەزارەتى داد دياريكراوە، كۆكسال حەمزەئۆغلۆ بۆ وەزيرى تەندروستى، مەليحەخان يەلگين بۆ پۆستى وزە، جەودەت يەڵماز بۆ پۆستى دارايى، هاكان فيدان بۆ پۆستى وەزيرى ناوەخۆ دياريكراون.
عەبدولقادر سێڵڤى ئاماژە بەوەش دەكات رەفعەت حەسارچكليئۆغلۆ بۆ پۆستى وەزيرى بازرگانى دياريكراوە، مستەفا ديستەجى سەرۆكى پارتى يەكێتى بۆ پۆستى وەزيرى رۆشنبيرى دياريكراوە، هەروەها سينان ئۆغان، كانديدى سەرۆكايەتى توركيا بۆ پۆستى وەزيرى كارەساتەكان و كۆچ ديارى كراوە، سەبارەت بە پۆستى وەزيرى بەرگرى ئومێد دۆندار بۆ ئەو پۆستە دياريكراوە.
ئاژانسى رۆيتەرزيش لە زارى چوار بەرپرسى باڵاى توركيا گواستۆتييەوە، ئەردۆغان بڕيارى داوە محەمەد شيمشك يەكێكە لە پێكهاتەى حكومەتە نوێكەى وەك وەزيرى دارايى ياخود جێگرى سەرۆك بۆ كاروبارى ئابوورى ديارى دەكرێت.
ئاژانسەكە لە زارى ئەو بەرپرسانە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، هاكان فيدان و ئيبراهيم كاڵن لە چوارچێوەى حكومەتى نوێ پۆستى وەزارى وەردەگرن.

بەرپرسانى توركيا باس لەوە دەكەن ئەردۆغان بيرى لەوە كردۆتەوە كە شيمشك بكات بە جێگرى خۆى، بەڵام شيمشك پێى باشترە رۆڵى بەرپرسى راستەوخۆى لە سياسەتى ئابوورى هەبێت، بەڵام ئەگەريش هەيە پۆستى وەزيرى گەنجينە و دارايى وەربگرێت، كە ئێستا نورەدين نەباتى لەو پۆستەيە.

بەرپرسێكى ترى توركيا دەڵێت، ئەگەر محەمەد شيمشك بكرێتە جێگرى سەرۆك، ئەوا جەودەت يەڵماز پۆستى وەزارەتى گەنجينە و دارايى وەردەگرێت، هەروەك ئەگەرێكى تريش لوتفى ئەلوان، وەزيرى پێشووى دارايى لەو حكومەتە نوێيە ببێت بە وەزيرى ئابوورى.

سەرچاوە: عەرەبى 21

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین