39 ساڵ دوای مردنی كتێبێكی نوێی فۆكۆ بڵاودەبێتەوە کولتوور
لە فەڕەنسا كتێبێكی فەلسەفی بە ناوی "گوتاری فەلسەفە" بڵاوكرایەوە كە لەلایەن میشیل فۆكۆ فەیلەسووفی فەڕەنسی لە ناوەڕاستی شەستەكانی سەدەی رابروو نووسراوە. لەم كتێبەدا فۆكۆ پێناسەیەكی نوێ بۆ فەلسەفە و گوتاری فەلسەفی و ئەركی فەیلەسووف لە كۆمەڵگە دەكات

رۆژنامەی ئێندپێندنت بڵاویكردووەتەوە لە 12ی ئەم مانگە كتێبێكی فەلسەفی بە ناوی "گوتاری فەلسەفە" لە لایەن دەزگای گالیمار و چەند دەزگایەكی تر بڵاوكراوەتەوە. ئەو كتێبە لەلایەن میشیل فۆكۆ لە هاوینی ساڵی 1966 نووسراوە.

كتێبەكە لە 310 لاپەڕە پێكهاتووە، 209 لاپەڕەیان دەستنووسی فۆكۆیە، چەند بیرمەندێكی فەڕەنسی سەرپەرشتی لە چاپدانیان كردووە. ئەو كتێبە لەدوای كتێبی "وشەكان و شتەكان"ی فۆكۆ بە چەند مانگێك نووسراوە، كە ئەو كات كتێبەكەی فۆكۆ تووشی تەوژمێكی رەخنە بوو، بە هۆی ئەوەی گوایە لە كتێبی"وشەكان و شتەكان" مەرگی مرۆڤی راگەیاندووە.

ئێندپێندنت دەڵێ‌، "لەم كتێبە نوێەی فۆكۆ بە میتۆدێكی رۆشن كار لەسەر ئەركی دیاركردنی ماهیەتی فەلسەفە دەكات لەگەڵ تایبەتمەندییەكانی گوتاری فەلسەفی. بە شێوەیەكی ناراستەوخۆیش وەڵامی ئەو رەخنانە دەداتەوە كە دوای راگەیاندنی مەرگی مرۆڤ رووبەڕووی بووەتەوە، دەڵێ‌ مەبەستی لە مەرگی مرۆڤ كۆتایی فەلسەفە نییە، بەڵكو مەرجێكە بۆ ئەگەری دەستپێكردنەوەی، بۆ پاڵپشتی ئەم بیرۆكەیەشی، فۆكۆ گەنگەشەی كۆمەڵێك تێز دەكات كە لەبارەی ماهیەتی فەلسەفە لەلایەن فەیلەسووفانی كۆن و هاوچەرخ لە نموونەی نیچە و هایدگەر و سارتەر و ئەڵتۆسێر تاوتوێ كراون".

رۆژنامەی ئێندپێندنت لە بەشێكی تری ناساندنی كتێبەكە دەڵێ‌، "لەم كتێبەدا فەلسەفە وا دەردەكەوێت كە گوتارێكە لەسەرەتا و كۆتاییدا پارێزگاری خۆی لە پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ ئێستا دەكات، بە پێچەوانەی تێڕوانینی كۆن كە وەك كۆششێكی هزری بوو بەدوای هەقیقەتی رەها بوو. گوتاری فەلسەفی وەك زۆربەی گوتارەكانی تر پەیوەندی بە مەرجی كۆمەڵایەتی و مێژوویی دایاری كراو هەیە. ئەمەیش وا دەكات فەلسەفە وتەیەك بێت رەگەكەی بچێتەوە سەر (ئێستا) م شێوەی جیاجیا وەربگرێت. لەم تێڕوانینەوە فەیلەسووف لەلای فۆكۆ دەبێتە پزیشكی رۆشنبیری، كە دەركەوتەكانی ئێستا دیاری دەكات و شرۆڤەیان دەكات. ئێستا و لێرەوە ئەركی فەیلەسووف تەنیا پێشكەشكردنی چارەسەری و كەمكردنەوەی ئازارە كۆمەڵایەتییەكان نییە، بەڵكو زیاتر جۆرێكە لە قسەكرن بۆمان رووندەكاتەوە كە بۆچی ئێستا بە تەواوەتی لە رابردوو جیاوازە".

مارلین كەنعان كە خۆی مامۆستای فەلسەفەیە و بابەتەكەی ئێندپێنتی لەبارەی كتێبە نوێیەكەی فۆكۆ نووسیوە دەڵێ‌، "كتێبی گوتاری فەلسەفی هەندێك ئەلقەی ونبوو بە توێژەران و ئەو كەسانە دەدات كە لە هزری میشیل فۆكۆ قووڵبوونەتەوە، بەو كتێبە دەتوانن ئەو ئاراستەیە دیاری بكەن كە ئەم فەیلەسووفە بۆ خوێندەوەی مێژووی فەلسەفە و گوتاری فەلسەفە پێیدا رۆیشتووە. هەروەها پەیوەندییەك لە نێوان ناوەڕۆكی كتێبی وشەكان و شتكان و ئاركۆلۆجیای مەعریفە دروست دەكات كە ئەمەی دووەمیان لە ساڵی 1969 دەرچووە. دەشزانین ئەو كتێبە نوێیە كتێبێكی سەربەخۆیە بە شێوازی خۆی تاوتوێ گوتاری فەیلەسووفان و رێبازی هزریان دەكات".

لە سەر داوای خۆی ئەو كتێبە دواخراوە 

میشیل فۆكۆ لە ساڵی 1926 لەدایكبووە و لە ساڵی 1984 كۆچی دوایی كردووە و بە یەكێك لەو فەیلەسووفانە دادەنرێت كە لە سەدەی بیستەم زۆرترین مشتومڕی لەسەر كراوە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین