خاڵە هاوبەشەكانى هەدەپە لەگەڵ كەمال كليچدار ئۆغلۆ بیروڕا

نوچەنێت

ئيسماعيل تەها

لە چەند رۆژى رابردوو پارتى ديموكراتى گەلان (هەدەپە) پاڵپشتى خۆى بۆ كەمال كليچدار ئۆغلۆ، سەرۆكى پارتى گەلى كۆمارى (جەهەپە) و كانديدى شەش پارتەكە رايگەياند، ئەو پاڵپشتييە كۆمەڵێك قسە و باسى لەدواى خۆيەوە هێنا، كە هۆكار چييە هەدەپە بەبێ مەرج پاڵپشتى هێزێكى وەك جەهەپە دەكات كە مێژووێكى لە دژايەتى كورد هەيە خراپترە لەو مێژووەى ئەردۆغان هەيەتى.

ئەگەر بەگڕێينەوە بۆ پاشخانى هەر يەك لە (هەدەپە) و پارتى دادوگەشەپێدان (ئاكپارتى)  كە ديارە سەر بە دوو دونيا بينى فيكرى جياوازن، ئەوە جگە لەوەى لەرووى نەتەوەييشەوە ئەو دوو پارتە هەر يەكەیان لەسەر نەتەوەيەك حيساب دەكرێت، هەدەپە نوێنەرايەتى كورد دەكات، ئەوى دیکەیان لەسەر نوێنەرايەتى گەلانى توركيا بەگشتى و تورك بە تايبەتى حيساب دەكرێت، خاێكى تر هەدەپە لەبەرەى ئۆپۆزسيۆنە و ئاكپارتى لە دەسەڵاتە، ئەو خاڵانەيە وايكردووە دەميرتاش بە راشكاوانە بە كەمال كليچدار ئۆغلۆ، سەرۆكى جەهەپە و كانديدى شەش پارتەكە بڵێت، "دەنگى من بۆتۆيە."

لە بەرانبەردا پارتێك هەيە بەناوى (جەهەپە) ئەو پارتە لە رووى فيكرييەوە چەپە، لەڕووى سياسييەوە ئۆپۆزسيۆنە، لە ڕووى نەتەوەييەوە نوێنەراتى تورك دەكات، بەتايبەتيش كەمال كليچدار ئۆغلۆ لە پێكهاتەى عەلەوييە، كە ئەويش هاوشێوەى كورد خۆى بە ستەملێكراو دەزانێت، هەرچەندە باس لە كوردبوونى كليچدار ئۆغلۆ دەكرێت، بەڵام مادام لێدوانێكى فەرمى نييە،  كاريگەریى گەورەى نابێت.

ئێستا سێ خاڵى دژ بە يەك لەودوو پارتە كۆبۆوەتەوە، بۆيە ئاسانى نەتوانن لێك نزيك ببنەوە، بەڵام ئەگەر سەير بكەين هەدەپە و جەهەپە دوو خاڵى هاوبەشيان هەيە، كە لەڕووى فيكرى و سياسييەوە لەيەكتر نزيكترن، بۆيە ئەگەرى نزيكبوونەوەيان زياترە.

دەرفەتێكى لەدەستدراو و قووڵكردنەوەى ناكۆكييەكان

لە ساڵانى رابردوو دەرفەتێك هاتە پێشەوە ئاكپارتى و هەدەپە لێك نزيك ببنەوە، كە بەڕاى زۆربەى چاودێرانى سياسى كورد بەتايبەت لە هەرێمى كوردستان، كورد لە باكوورى كوردستان لە (2015) باشترين دەرفەتى هاتە بەردەم، بەڵام هەدەپە بە هەر پاساوێك بێت ئەو دەرفەتەى رەتكردەوە، ئەگەرچى ئەوكات وەك ئێستا لە رووى سياسييەوە لەگەڵ ئاكپارتى ناكۆك نەبوون، بەڵام هەدەپە رازى نەبوو لەگەڵ ئاكپارتى حكومەت پێكبهێنێت، هەرچەندە خودى داود ئۆغلۆ كە كانديدى ئاكپارتى بوو بۆ سەرۆكايەتى حكومەت سەردانى سەڵاحەدين دەميرتاشى كرد، هەدەپە ئەو بەشدارييەى رەتكردەوە.

لەكۆتايى ساڵى (2015) توركيا بە بيانووى سنوور بەزاندن، فڕۆكەيەكى رووسى خستە خوارەوە خستنەخوارەوەى ئەم فڕۆكە ناكۆكى قووڵى لەنێوان رووسيا و توركيا دروستكرد. 

لەدواى خستنەخوارەوەى فڕۆكە رووسييەکە، دواى نزيكەى مانگێك لەو رووداوە،  سەڵاحەدين دەميرتاش سەردانى رووسياى كرد، لەدواى كۆبوونەوەى لەگەڵ سێرگى لاڤرۆڤ، وەزيرى دەرەوە رووسيا، دەميرتاش لە مۆسكۆوە رەخنەى لە خستنەخوارەوەى فڕۆكە رووسيەكە لەلايەن توركياوە گرت و بەكارێكى هەڵەى بەرانبەر رووسيا ناوبرد. 

ئەو لێدوانانەى دەميرتاش كاردانەوەى توندى حكومەتى توركياى بەدواى خۆيەوە هێناوە، ئەحمەد داود ئۆغلۆ، كە ئەو كاتە سەرۆك وەزيرانى توركيا بوو، سەبارەت بە لێدوانەكانى دەميرتاش گوتى، "ئەو قسانەى دەميرتاش سەبارەت بەخستنەخوارەوەى فڕۆكەيەكى شەڕكەرى رووسى بە واتاى وشە ناپاكييە."

بۆيە لەدواى گەڕانەوەى لە مۆسكۆوە پۆلیسى توركيا لە ئيزمير دەستگيرى كرد، كە تا ئێستاش لە زيندانە، هەرچەندە چەند جارێك دادگاى ئەوروپا بۆ مافەكانى مرۆڤ داواى ئازادكردنى كردووە، بەڵام حكومەتى توركيا داواكانى رەت دەكاتەوە.

كورد لە چاوەڕوانى شەش پارتەكە 

بە درێژايى ساڵى رابردوو هەدەپە كە نوێنەرايەتى كورد لە توركيا دەكات، چاوەڕوان بوو، شەش پارتەكە بانگهێشتى سەر مێزەكەيان بكەن، لەبرى مێزە شەش كەسييەكە بێت بە مێزە حەوت كەسييەكە، بەڵام بانگهێشتيان نەكردن، هەرچەندە خودى كەمال كليچدار ئۆغلۆ ئەو خواستەى هەبوو، بەڵام بەهۆى توندڕەوى ميرال ئەكشنار نەيتوانى بانگهێشتيان بكات، چونكە ئەكشنار ڕاشكاوانە گوتى، لەسەر مێزێك دانانيشم كوردى لەسەر بێت. 

هەرچەندە هەريەك لە پەروين بوڵدان و مەدحەت سنجار، هاوسەرۆكانى هەدەپە و سەڵاحەددين دەميرتاش چەندين جار نيگەرانى قووڵيان دەربڕى، كە شەش پارتەكە هێزێكى ئۆپۆزسيۆنى وەك هەدەپەيان پشتگوێ خستووە، بەڵام شەش پارتەكە ئامادەيى ئەوەيان تێدا نەبوو ڕاستەوخۆ پێكەوە لەگەڵ هەدەپە دانيشن، ئەوەندە هەبوو هەر يەك لە داود ئۆغلۆ و عەلى باباجان لێدوانەكانيان سەبارەت بە پرسى كورد ئەرێنى بوو، بەڵام ئەوەش وەك نوێنەرى شەش پارتەكە نەبوو، بەڵكوو زياتر وەك نوێنەرى پارتەكانى خۆيان بوو، كە بەشێكى بۆ راكێشانى سۆزى كورد بۆلاى پارتەكانيان بوو كە دوو پارتى تازەن.

دواينجار كە كەمال كليچدار ئۆغلۆ كرا بە كانديدى شەش پارتەكە، سەبارەت سەردانى هەدەپەى كرد، لە لێدوانێكيش دەڵێت، ئێمە پرسى كورد دەبەينە پەرلەمانى توركيا. 

هەدەپە پێش دياريكردنى كەمال كليچدار ئۆغلۆ چەند جارێك ڕايگەياند، كانديدى سەربەخۆيان دەبێت، دواتر رايانگەياند، كانديديان نابێت، دواجار بە فەرمى پاڵپشتى  خۆيان بۆ كەمال كليچدار ئۆغلۆ رايگەياند. 

پاڵپشتى هەدەپە بۆ كليچدار ئۆغلۆ فەرمييە، بەڵام تا ئێستا بە فەرمى كليچدار ئۆغلۆ لەگەرى سەركەوتنى هيچ بەڵێنێكى بەدەهەپە نەداوە، هۆكارەكەشى ئەوەيە لەو كاتەدا راگەياندنى هەر بەڵێنێك بە هەدەپە كە نوێنەرايەتى كورد دەكات، توركە توندڕەوەكان دژى دەوەستنەوە، چونكە تا ئێستا هيچ بەڵێنێكى نەداوە ئەردۆغان، ئەو پاڵپشتييەى كردۆتەوە بەشێك لە بانگەشەكانى، ئەى ئەگەر بەڵێنيان پێ بدات، ئەوكات بنكەى جەماوەرى جەهەپە كاردانەوەى توندترى دەبێت. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین