وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا: سەرکردایەتیى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى بەرز دەنرخێنین کوردستانی

نوچەنێت:

وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا لە بارەى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا دەڵێت، باس لە "ڕوانگەی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی كرا دەربارەی هەرێمی كوردستانێك بۆ هەمووان."

ئەمڕۆ پێنجشەممە (چوارى ئایار/2023) وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا لە تویتەر پەیامێکى لەسەر ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى  هەرێمى کوردستان لەگەڵ باربارا ليف ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا بۆ كاروبارى ڕۆژهه‌ڵاتى نزيک بڵاوکردەوە.

وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا لە ڕاگەیێندراوێکدا لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "ليف ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا و سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی تاوتوێی كاری پێكەوەییی نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستانیان كرد وەك بەشێك لە پەیوەندیی بەهێز و هەمەلایانەی ئێمە لەگەڵ عێراقدا."

هاوكات لە بەشێکى دیکەى پەیامەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا، "باسی ڕوانگەی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی كرا دەربارەی هەرێمی كوردستانێك بۆ هەمووان."

باربارا ليف دووپاتى دەکاتەوە، "ئێمە هاوڕا بووین كە پێویستە ناكۆكییەكانی ناو هەرێم بە لاوە بنرێن، ئێمە سەركردایەتیی جەنابی سەرۆکی هەرێم لەم ڕووەوە بەرز دەنرخێنین."

دوێنێ چوارشەممە (3-5-2023) باربارا ليف ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا بۆ كاروبارى ڕۆژهه‌ڵاتى نزيک لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان کۆبووەوە.

سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "هه‌ردوولا جه‌ختيان‌ له‌ پابه‌ندى به خشته‌ و به‌رنامه‌ى ياداشتى لێكگه‌يشتنى هاوبه‌شى نێوان وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و پێنتاگۆنه‌وه‌ ده‌رباره‌ى پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و ڕێكخستنه‌وه‌ و يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه، كرده‌وه‌. هه‌روه‌ها هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى يه‌كڕيزيى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، هه‌ماهه‌نگى و هاريكاريى ئێستاى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراقيشیان به‌ ئه‌رێنى هه‌ڵسه‌نگاند."

لە کۆبوونەوەکەدا، کە باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق و كۆنسولى گشتيى ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوون، "په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، بواره‌كانى هاريكاريى هاوبه‌ش، دۆخى سياسى و ئابووريى عێراق و ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا"، تاوتوێکردا.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین