مەسرور بارزانى: داوا لە تیمى یەکێتى دەکەینەوە بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان، داوا لە تیمى حکومەتى یەکێتى دەکات بگەڕێنەوە ناو حکومەت و لە ناوکۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیران گفتوگۆى کێشەکان بکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە (26/نیسان/2023) بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

بەپێى ڕاگەیێندراوى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا،  گفتوگۆکردن بوو لەبارەی ئەنجامی سەردانی تیمی ئەنجومەنی وەزیران بۆ لای قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کە لەلایەن ئەندامانی تیمەکە خرایەڕوو.

سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند، چەندین جار داوامان لە جێگری سەرۆک وەزیران و تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە کە بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران و ئێستاش جارێکی دیکە داوا دەکەین کە بگەڕێنەوە و ئەرکە یاسایی و کارگێڕییەکانی خۆیان لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییان جێبەجێ بکەن. هەر کێشە و گرفتێکیش هەبێت کە ئامانجی خزمەتکردنی بەرژوەندی گشتی بێت، پێویستە لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت.

مەسرور بارزانى گوتیشى، دەمانەوێ تیمی یەکێتی بگەڕێتەوە و هیوادارین لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بن و ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و چیتر نەبنە هۆی ئەوەی هاووڵاتییان باجی دەوام نەکردنیان بدەن.

لە بەشێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە ڕێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی تەقەکردن لەناو شاری هەولێر و دەستگیرکردنی سەرپێچیکاران پێشکەش کرد.

سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان ئاماژەى بەوەکرد، دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێویستە هەموو ڕێکارێکی پێویست له پێناو سەقامگیرکردنی ئاسایش و پاراستنی هاووڵاتییان بگرنەبەر و بە هیچ شێوەیەک، نابێ چاوپۆشی لە بەرامبەر تاوانباران و سەرپێچیکاران بکرێت و دەبێ دیاردەی چەکهەڵگرتنی نایاسایی و چەکی بێ مۆڵەت سنووردار بکرێت و کۆتایی پێ بێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین