سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئێواره‌خوانێك بۆ مامۆستايانى ئايينى ساز ده‌كات کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، ميواندارى و ئێواره‌خوانێكى بۆ ژماره‌يه‌ك له‌ مامۆستايانى ئايينى ڕێکدەخات وداوايان لێکردن، "سڵاو و ڕێزى بگه‌يه‌نن به‌ يه‌ك به‌ يه‌كى مامۆستايانى ئايينيى كوردستان."

ئێوارەى ئەمڕۆ سێشەممە (18/نیسان/2023) سەرۆک نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، لە (27)ـى مانگى ڕەمەزان ميواندارى و ئێواره‌خوانێكى بۆ ژماره‌يه‌ك له‌ مامۆستايانى ئايينى به‌ نوێنه‌رايه‌تيى سه‌رجه‌م مامۆستايانى ئاينيى كوردستان ڕێكخست.

له‌ ئێواره‌خوانه‌كه‌دا كه هەریەک مسته‌فا سه‌يد قادر جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمی کوردستان و وه‌زيرى ئه‌وقاف و كاروبارى ئايينى ئاماده‌ بوون، لە سەرەتادا سه‌رۆكى يه‌كێتيى زانايانى ئايينيى كوردستان به‌ ناوى ئاماده‌بووانه‌وه‌ سوپاسى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى كرد "بۆ هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌كانى بۆ چاره‌سه‌رى ناكۆكييه‌ ناوخۆييه‌كان و يه‌كڕيزى و ئارامیی سياسى، هيواشى خواست ئه‌و هه‌وڵانه‌ى جه‌نابيان ببێته مايه‌ى خاوكردنه‌وه‌ى گرژييه‌كان و كۆتاييهێنانى يه‌كجارى به‌ ناكۆكييه‌كان."

سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى"وێڕاى ستايشى ڕۆڵى مامۆستايانى ئايينى له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى هۆشياریى ئايينيى ميانڕه‌و و بڵاوكردنه‌وه‌ى گيانى خێر و چاكه‌خوازى و پاراستنى خه‌ڵكى كوردستان له‌ كاريگه‌ريى بيرى توندڕۆيى، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ مامۆستايان له‌ شۆڕشه‌کانى ڕزگاريخوازى گه‌لى كوردستاندا هه‌ميشه‌ له‌ سه‌نگه‌رى داكۆكيكردن له‌ مافى ڕه‌واى گه‌له‌كه‌ياندا بوون و ئايين و نيشتمانپه‌روه‌رييان بێکه‌وه‌ گرێداوه‌."

سەرۆکى هەررێمى کوردستان، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ "به‌ گه‌شتبينييه‌وه‌ له‌ چاره‌سه‌ربوونى كێشه‌ ناوخۆيى و پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا بڕوانين، چونكه‌ بێجگه‌ له‌ پێكهاتن هيچ بژارده‌يه‌كى ديكه‌ له‌به‌رده‌م لايه‌نه‌كاندا نييه‌ و له‌گه‌ڵ به‌غداش له‌سه‌ر ڕێگه‌ى رێككه‌وتن و له‌يه‌كگه‌يشتنين."

هەروەها داواى لە مامۆستایان کرد، "سڵاو و ڕێزى بگه‌يه‌نن به‌ يه‌ك به‌ يه‌كى مامۆستايانى ئايينيى كوردستان و هيواى سه‌ركه‌وتن و سه‌لامه‌تى بۆ هه‌موو لايه‌ك خواست و جه‌ژنه‌ پيرۆزه‌ى پێشكه‌ش كردن."

دەشڵێت، "دواى به‌ربانگكردنه‌وه‌، له‌ كه‌شێكى ئايينيدا ژماره‌يه‌ك له‌ مامۆستايانى ئايينى چه‌ند پارچه‌ شيعر و سرووتى عيرفانييان خوێنده‌وه‌."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین