سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگە دەكات کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان سەرپەرشتى کۆبوونەوەیەکى فراوانى نێوان وەزارەتى پێشمەرگە و هێزەکانى هاوپەیمانان کرد، کە تێیدا کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە یەکخستنەوى هێزەکانى پێشمەرگە.

ئەمڕۆ دووشەممە (17/نیسان/2023) بە سەرپەرشتیی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەیەكی فراوان لە نێوان شاندێكی باڵای هێزی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتیی جەنەرال ماثيو مكفارلن فەرماندەی هاوبەشی هێزی هاوپەیمان لە عێراق و سووریا و وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگا پەیوەندیدارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.

سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ دەربارەی ڕێكخستنەوە و چاكسازی لە هێزی پێشمەركەدا كرا و هەڵسەنگاندن بۆ قۆناغەكانی جێبەجێكردنی ئەو پلانە كرا كە لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكادا هەیە. هەروەها باس لەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییانە كرا كە دێنە بەردەم پرۆسەی یەكگرتنەوەی پێشمەرگە و ڕێكخستنەوەیان بە شێوەیەكی سەردەمیانە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا."

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، "هاوكارییە بەردەوامەكانی هاوپەیمانانی بۆ پێشمەرگە لە قۆناغ و بوارە جیاوازەكاندا بەرز نرخاند و جەختی لە خێراتركردنی هەنگاوەكانی یەكخستنەوەی پێشمەرگە و لابردنی بەربەستەكانى بەردەم پرۆسەكە كردەوە و ئامادەیی خۆیشی بۆ هەر هاوكاری و پشتیوانییەك لەمبارەيەوە نیشان دا."

هەروەها جەنەراڵ مكفارلن "بەردەوامیی پشتگیری و هاوكارییەكانی هاوپەیمانانی بۆ پێشمەرگە لە بوارە جیاوازەكاندا و جێبەجێكردنی هەنگاوەكانی ڕێكخستنەوەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا بەشێوەیەك هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەن هێزێكی نیشتمانیی یەكگرتوو، دووپات كردەوە."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین