مەسرور بارزانى لە یادى راپەڕیندا: دەستبەردارى مافەکانمان نابین کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ساڵیادى راپەڕین ڕایدەگەیێنێت، "ڕاپەڕین پەیامێکی ڕوون و زوڵاڵی خەڵکی کوردستان بوو بۆ هەموو جیهان."

ئەمڕۆ یەکشەممە (پێنجى/ئادار/2023) مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ساڵیادى (32) هەمین راپەڕینى (1991)ى کوردستان پەیامێکى بڵاوکردەوە و تێیدا پیرۆزبایی راپەڕین لە لە خەڵکى کوردستان و پێشمەگەر و بنەماڵەى شەهیدان دەکات و دەشڵێت، راپەڕێن "بەرهەمی یەکریزی و یەکگرتوویی هێزە کوردستانییەکان" بوو.

 

دەقی پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ڕاپەڕیندا:

بە بۆنەی ( 32 )مین ساڵیادی ڕاپەڕینی مەزن و شکۆداری گەلی کوردستان لە ئاداری 1991، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت کوردستانییان و پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەزری شەهیدان دەکەم .

ڕاپەرینی شکۆداری 1991، بەرهەمی یەکریزی و یەکگرتوویی هێزە کوردستانییەکان و پێکهاتە جیاوازەکان و چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان بوو، کە وەرچەخانێکی مێژوویی لە خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان لە پێناو ڕزگاربوونی لە ستەم و چەوساندنەوە و داگیرکاری و بەدەستهێنانی ئازادی دروست کرد.

 ڕاپەڕین پەیامێکی ڕوون و زوڵاڵی خەڵکی کوردستان بوو بۆ هەموو جیهان، کە ژێردەستەیی و داگیرکاری ڕەتدەکاتەوە و دەیەوێ بە سەربەرزی و شکۆمەندانە بژی. لەم یادە پیرۆزەدا، جەخت لە هاوهەڵوێستی و تەبایی خەڵکی نیشتیمانپەروەری کوردستان دەکەینەوە بۆ داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکانمان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان، کە بە هەموو شێوەیەک، بەرگریان لێ دەکەین و دەستبەرداریان نابین و بەردەوام دەبین لە کاروانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی کوردستان. 

لە ساڵیادی ڕاپەڕیندا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی نەمری ڕاپەرین وگشت شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین