ئايا ديپلۆماسيەتى كارەساتەكان پەيوەندى توركيا لەگەڵ ركابەرەكانى دەگۆڕێت؟
وەرگێرانی: ئیسماعیل تەها
لە كاتى قەيرانەكان خەڵك ناكۆييەكانى نێوانيان بيردەچێتەوە و پەلە دەكەن هاوكارى يەكترى بكەن، هەركاتێك قەبارەى قەيرانەكە قووڵتر بوو و كاريگەرى ناخۆشييەكان زياتر بوو، قەبارەى بيرچوونەوە زياتر و بەهێزتر دەبێت.
ئەو بوومەلەرزەى ئێستا لە باكوورى سووريا و باشووری رۆژئاوای توركياى داوە، تا ئێستا ژمارەى گیان لەدەستدان گەيشتۆتە (23) هەزار كەس، هاوسۆزى جيهانيش لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە و ئامادەيى رەوانەكردنى هاوكارييەكان بۆ دەربازكردنى خەڵك لەو ناوچانە زياتر دەبێت.
ديپلۆماسيەت رووى زۆرە، تەنيا چالاكييەكى كلاسيكى نێوان وڵات نییە لە سیاسەتی دەرەوە، هێڵەكانى سەرەتا و رێڕەوى كۆتايى ئاشكرايە، بەڵام چەندين ميكانزمى لەخۆى گرتووە، يەكێك لە ميكانزمەكانى ديپلۆماسيەت پێشكەشكردنى هاوكارييە لە زمەنى قەيران و كارەساتەكان، لە كاتى كارەساتەكان ئەو وڵاتەى تووشى كارەسات بووە بۆ دەربازبوون لەو تەنگەژەيە بە سەلامەتى و كورترين ماوە و كەمترين زيان، پێويستى بە هاوكارى و پاڵپشتى دەرەكييە.
زۆربەى وڵاتەكان لەو كاتە ئەو دەرفەتە دەقۆزنەوە بۆ بەهێزكردنى پەيوەندييەكان لەگەڵ ئەو وڵاتانەى تووشى كارەسات دەبن، بەتايبەت ئەو وڵاتانەى ناكۆكيان لەگەڵ وڵاتانى تر هەيە، زۆرجار قەيران و كارەساتەكان زەمينەى نوێ بۆ گەيشتن بە مينبەرێكى نوێ لەسەر گۆڕەپانى سياسى دەڕەخسێنن.
دەيان نموونەى ئەو جۆرە ديپلۆماسيەتە تازەمان لە مێژوودا هەيە، ئەگەرچى ناچنە چوارچێوەى ئەو ميتۆدەى ئێستا، بەڵام ئامادەگى بەهێزيشيان هەيە كاريگەرييان لەسەر كەمكردنەوەى ئاڵۆزى نێوان و وڵاتان و ناكۆكييەكانى نێوان و دەستپێكى تازە وەك خاڵى هاوبەش بۆ سەرەتايەكى نوێ بۆ پەيوەندييەكى نوێى بەهێزتر هەيە.
يەڤگينيا جابر، ئەندام لە پەيمانگەى ئەتڵەسى و ناوەندى لێكۆڵينەوەى توركياى نوێ لە زانكۆى كارڵتۆن دەڵێت، ئەو كارەساتەى توركيا هاوپەيمانەكانى بۆ هاوسۆزى لەگەڵ توركيا كۆكردنەوە، زياتر لە (45) وڵات پرسەنامە و هاوكارييان پێشكەش كردووە.
ئيسير ئۆزديل، ئەندام لە پەيمانگەى ئەتڵەسى ئاماژە بەوە دەكات، مێژوو چەندين جار هەوڵە هاوبەشەكانى لە كارەساتە سرووشتييەكانى وەك بوومەلەرزە دەرخستووە، دەكرێت ئەوە بەشدارى ئەرێنى لە پەرەپێدانى پەيوەندى نێوان وڵاتان هەبێت.
ئۆزديل لە بەشێكى ترى قسەكانى دەڵێت، لەو بڕوايەدام ئەو وڵاتانەى هاوسۆزييان لەگەڵ توركيا دەربڕيووە كار لەسەر باشتركردنى پەيوەندييە دووقۆڵييەكان دەكەن.
چەند كاتژمێرێك دواى كارەساتەكە ناوەنى بيرى رووسى هانى رەجەب تەيب ئەردۆغانى دا ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە بۆ ئەوەى راستەوخۆ پەيوەندى بە بەشار ئەسەد، سەرۆكى سوورياوە بكات، كە چەندين ساڵە پەيوەندييەكانيان پچڕاوە، بە گوێرەى قسەى ئەو ناوەندە رووسيا ئێستا كاتێكى گونجاوە بۆ هاوئاهەنگى نێوان توركيا و سووريا.
لەدوای ئەوە پەيوەندى تەلەفۆنى نێوان سەرۆكى رووسيا و سەرۆكى توركياى بەدواداهات، بۆ گفتوگۆكردن بوو لەسەر دۆزينەوەى رێگەيە لە نێوان سووريا و بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئەو كارەساتە.
مليۆنان پەنابەرى سوورى لە باشوورى توركيا دەژين، وڵاتانى ئەوروپا و حكومەتى توركيا رۆڵى لە هاوكارى ئەو پەنابەرانە هەيە، كە لەگەڵ دراوسێ توركەكانيان لە ناوچە زيانلێكەوتووەكان دەژين، بەڵام ئەو بوومەلەرزە زيانى زۆرى لە باكوورى سوورياش داوە.
كەمێك دواى ئەو كارەساتە كيرياكۆس ميتسۆتاكيس پەيوەندييەكى تەلەفۆنى لەگەڵ رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارى توركيا ئەنجام دا، ئەەش دواى نزيكەى ساڵێك لە ململانێكيانى نێوانيان كە لە مانگى ئايارى ساڵى رابردوو دەستى پێكرد.
سەرۆك وەزيرانى يۆنان هاوسۆزى وڵاتەكەى بۆ گەلى توركيا دەربڕيووە، جەختيشى لەسەر ئەوە كردەوە، يۆنان ئامادەيە هاوكارى بۆ توركيا رەوانە بكات، دواى ئەو پەيوەندييە تەلەفۆنييەش لە لاپەڕەى فەرمى خۆى لە تويتەر ئاماژەى بەوە كرد ، لەگەڵ سەرۆك كۆمارى توركيا بەناوى گەلى يۆنانييەوە هاوسۆزييم گەياندۆتە ئەردۆغان، ئامادەيى يۆنانيشم بۆ رەوانەكردنى هاوكاريى بۆ توركيا نيشانداوە.
ئەو كارەساتە لە چركەساتێك روويداوە سەرجەم ناكۆكيييە سياسييەكانى نێوان ئەنقەرە و ئەسينا تێدەپەڕێنێت، ئەگەر بۆ ماوەيەكى كاتيش بێت.
رۆژنامەى نيويۆرك تايمز دۆخى ئێستاى توركيا و يۆنان وەك دۆخى بوومەلەرزەكەى مانگى ئەيلوولى (1999) سەير دەكات.
رۆژنامەكە ئاماژە بەوەش دەكات نزيكەى چارەگە سەدەيەك پێش ئێستا بوومەلەرزەيەكى وێرانكەر لە توركياى دا، يەكێكى بچووكتريش لەوەى توركيا لە يۆنانى دا، لەو كاتەوە ئەو رووداوە كاريگەرى لەسەر كەمكردنەوەى ناكۆكييە كۆنەكانى نێوان ئەو دوو وڵاتە هەبوو.
رۆژنامەكە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە پەيوەندييەكانى نێوان توركيا و يۆنان لەدواى ئەو بوومەلەرزە بە ماوەيەكى كەم بەهێزبۆوە، بەگوێرەى ئامارەكان ئەو بوومەلەرزەى ساڵى (1999) كە لە شارى ئيزميت، لە باشوورى ئيستەنبۆڵ روويدا، (17) هەزار كەس بوونە قوربانى.
ئيسرائيل زۆر بەخێرايى لەدواى ئەو كارەساتە ئامادەيى خۆيى بۆ هاوكارى توركيا راگەياند، ئەو هاوكارييانەشى بە ئامانجى بەهێزكردنەوەى پەيوەندييەكانى نێوانيان ناوبرد.
هەرچەندە ماوەى دوو ساڵە پەيوەندييەكانى نێوانيان بەرەو ئاساييبوونەوە دەچێت، ئەمساڵيش ئەو پەيوەندييانە زۆر بەهێزترە، هەرچەندە هەنگاوێكى لەو جۆرە ئەگەرچى سنووردارە، بەڵام بە تێپەڕينى كات لەماوەى مامناوەند و دوورمەودا كاريگەرى راستەقينەى سياسى دەبێت.
ئەو بوومەلەرزە بەهێزەى توركيا بووە هۆى ئەنجامدانى پەيوەندى تەلەفۆنى نێوان سەرۆكى توركيا و عەبدولفەتاح سيسى، سەرۆكى ميسر، لەو پەيوەندييەدا سەرۆكى ميسر پرسە و سەرۆخۆشى خۆى ئاراستەى قوربانيانى ئەو بوومەلەرزە كرد.
ئەوەش لەدواى ديدارى نێوانيان لە پەراوێزى يارييەكانى مۆنديالى جيهانى لە مانگى تشرينى دووەمى ساڵى رابردوو يەكەم پەيوەندى تەلەفۆنى نێوانيانە، زۆرێكيش ئەو پەيوەندييە پەيوەستە بە سياسەت و ديپلۆماسييەكانى كارەساتەكان.
ئەو پەيوەندييە تەلەفۆنييەى سەرۆكى ميسر و توركيا دواى ئەوە بوو وەزارەتى دەرەوەى ميسر رەوانەكردنى هاوكارييەكانى لەدواى پەيوەندى تەلەفۆنى نێوان سامح شوكرى، وەزيرى دەرەوەى ميسر لەگەڵ مەولوود چاوشئۆغلۆ، وەزيرى دەرەوەى توركيا ئەنجام داو هيواى چاكبوونەوەشى بۆ بريندارەكانى توركيا خواست.
هەرچەندە حكومەتى سويد پەيوەندييەكانى لەگەڵ توركيا بەهۆى مەرجەكانى توركيا لەسەر ئەو وڵاتە بۆ وەرگرتنى لە ناتۆ و پاشان سووتاندنى قورئان لەبەردەم باڵيۆزخانەى توركيا لە ستۆكهۆڵم و هەڵواسينەى بووكەڵەيەك لەشێوەى ئەردۆغان ناكۆك بوون، بەڵام دەسەڵاتدارانى سويد دەستپێشخەرييان كرد و پرسەنامەيان راگەياند و ئامادەيى هاوكارييان دەربڕى.
لێدوانە فەرمييەكانى سويد ئاماژە بەوە دەكەن ستۆكهۆڵم هاوبەشى توركيايە، لە ماڵپەڕى سەرۆكايەتى يەكێتى ئەوروپا ئامادەيى بۆ هاوكارى پێويست نيشاندا، ئەوەش ئەگەرى هەيە ئاڵۆزييە سياسيەكان هەندێك كەم بكاتەوە.
لە لايەكى ترەوە ناريندرا مۆدى، سەرۆك وەزيرانى هندستان رايگەياند، تيمێكى (50) كەسى لە هێزە نيشتيمانييەكان بۆ بەدەمەوە چۆنى ئەو كارەساتە بە هاوكارى (60) فەرمانبەر بۆ كاركردن لە نەخۆشخانەى مەيدانى رەوانەى توركيا كردووە.
ئەو كاروانەى لە رێگەى ئاسمانييەوە گوازراوەتەوە سەگى راهێندراوى تايبەت و هاوكارى پزيشكى ئامێرى دۆزيينەوە و پێداويستى ترى لەگەڵە.
مۆدى ناكۆييەكانى لەگەڵ توركيا لەبيركرد، كە هەوڵدەدات سەركردايەتى جيهانى ئيسلامى بگرێتە دەست، كە يەكێك لە ناكۆكييەكانە لەگەڵ توركيا، هاوكات لەگەڵ ئەوەش توركيا هاوكارى پاكستان دەكات لە پرسى كشمير، كە ئەردۆغان چەندين جار لە وتارەكانى لە نەتەوە يەكگرتووەكان جەختى لەسەر پاڵپشتييە كردەوە، لە لايەكى ترەوە هندستان توركيا بە پاڵپشتى رێكخراوە توندڕەوەكانى دژبەخۆى تۆمەتبار دەكات.
لەبەرانبەريشدا هندستان لە ململانێكانى نێوان توركيا و قوبرس و يۆنان پاڵپشتى نەيارەكانى ئەنقەرە دەكات، لە (2019) سەردانى بۆ توركيا هەڵوەشاندەوە، لەبەرانبەردا ديدارى لەگەڵ وەزيرانى دەرەوەى يۆنان و قوبرس ئەنجام دا.
بەگوێرەى لێدوانى چاودێران هاوكارييەكانى هندستان بۆ توركيا كاريگەرى لەسەر بەهێزكردنەوەى پەيوەندييەكانى هەردوو وڵات دەبێت، مۆدیش هیواخوازە ئەو پەیوەندیانە بەهێز ببنەوە.
حكومەتى فەرەنسا رايگەياند، نەخۆشخانەيەكى مەيدانى بە شێوەيەكى پێشكەوتوو لەگەڵ تيمێكى پزيشكى تايبەت بە دووراوە لە ناكاوەكان بۆ نەشتەرگەرى خێرا رەوانەى پارێزگاى ئەيادمانى توركيا دەكات، ئەو هەوڵانەش بۆ هاوسۆزى لەكاتێدايە ناكۆكى قووڵ لەنێوان هەردوو وڵات هەيە.
سلێمان ساڵح، نووسەرى ميسرى ئاماژە بە هەمان رۆڵ دەكات كە توركيا بۆ رووبەڕووبوونەوەى پەتاى كۆڕۆنا لە رێگەى قۆستنەوەى پيشەسازى پێشكەوتوو بۆ رووبەڕووبوونەوەى ئەو پەتايە و شێوازى خۆپارێزى و دابينكردنى ئەو بەرهەمان بۆ زۆر وڵات ئەنجامى دا.
توركيا وێنەيەكى پێشكەوتووى لە پێشەكەشكردنى بەرهەمان بۆ بەدەمەوە چوونى گەلان هەيە، كە لەسەر بنەماى هێزى نەرمە.
بەدەر لەخۆپارێزيانەى هەندێك سەبارەت بە پاڵنەرەكانى ديپلۆماسيەتى كارەساتەكان و ئامادەيى هاوكارى بۆ وڵاتان بە ژێر پەردەى سياسەت و ئايدۆلۆژيا و ئامانجى دوورمەودا، بەڵام لەكۆتاييدا پێويستييە ناچارى و خێرايە وڵاتان بۆ تێپەڕاندنى كارەساتەكان پێويستيان پێى هەيە، ئەو هەڵسوكەوتە هەرچى نيشانەى پرسيار خۆى لەسەر فەرزبكات، بەڵام هەڵسوكەوتێكى باشە.
ئەگەر هەيە ئەو هاوسۆزييە ناوچەيى و نێودەوڵەتييە لەگەڵ ئەو كارەساتەى توركيا، ببێتە هۆكارێك بۆ بونيادنانى سيستەمێكى نوێى نێودەوڵەتى، رەهەندى مرۆيى لەسەرووى هەموو شتێك دانێت، مافى ژيانێكى پيرۆزانە ببەخشێت، ناكۆكييە سياسييەكان لە چوارچێوەيەكى تەنگ دابنێت، ژيانى نەتەوەكان بكات بەهێڵى سوور.
سەرچاوە: خەلیج جەدید
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment