چیا محەمەد هەرکى: بۆ کۆبوونەوەى پارتى و یەکێتى لیژنەیەکى هاوبەش پێکهێنراوە کوردستانی

چنار خۆشناو ـ تایبەت بە نوچەنێت:

یاریدەدەری مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای هەولێر ئاشکراى دەکات، "پارتى و یەکێتى لەو نزیکانە کۆدەبنەوە، هەروەها لیژنەیەکى هاوبەش لە هەردوولا پێکهاتووە."

ئەمڕۆ سێشەممە (سێى/کانوونى دووەم/2023) چیا محەمەد هەرکی، یاریدەدەری مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای هەولێر لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێتى ڕاگەیاند، "پارتى و یەکێتى ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەنجامدانى کۆبوونەوە، سەرکردایەتیی هەردوولا لە هەوڵدان بۆ ئەوەی کێشە سیاسییەکان چارەسەر بکەن، لە ڕابردووش پارتى سەردانى لایەنەکانى کردووە، یەکەم سەردانیشییان بۆ لای یەکگرتوی ئیسلامی بوو."

سەبارەت گۆڕانکارییەکانى نێو حکومەتى هەرێم، چیا محەمەد هەرکى دەڵێت، "لەسەر ئاڵوگۆڕی پۆستە وەزارییەکان هەوڵ دەدەن بيگەنە ڕێککەوتن، یەکێک لەو وەزارەتانە وەزارەتی پێشمەرگەیە کە لەسەری رێککەوتوون، ئامانجیش لە کۆبوونەکەى پارتى و یەکێتى بۆ ئەوەیە تاوەکو لەسەر ناکۆکییەکان بگەنە ڕێککەوتن."

 یاریدەدەری مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەشڵێت، "سەرۆک بارزانی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە دەبێت پارتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بەهێز بێت، بۆیە پارتی هەردەم لە هەوڵی دەستپێشخەریدایە بۆ لێک نزیکبوونەوە و چارەسەرکردنی هەموو کێشەیەک لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا،  بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەک پێکهێندراوە لە هەردوولا بۆ بەستنی ئەم کۆبونەوەیە، لیژنەکەش لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پێکهاتوون."

چیا محەمەد هەرکى دەربارەى کۆنفرانسى لق و ناوچەکانى پارتى بە دوورى دەزانێت لەو نزیکانە ئەنجام بدرێت و هەروەک بە نوچەنێتى ڕاگەیاند، "كۆنفرانس دوادەکەوێ لەوانەیە بکەوێتە دواى هەڵبژاردن، بەڵام لە نێو ئۆرگانەکانی پارتی گۆڕانکاری کراوە، گۆڕانکاری تریش ماون لە لق و مەکتەبەکان، بەڵام کاتی دەوێت."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین