سه‌رۆك وه‌زیرانى ئیتاڵیا سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌كات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ئاژانسى هه‌واڵى ئیتاڵى بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، جۆرجیا میلۆنى سه‌رۆك وه‌زیرانى ئیتاڵیا ئه‌مشه‌و به‌ره‌و عێراق ده‌كه‌وێته‌ رێى بۆ ئه‌وه‌ى شاندى سه‌ربازى وڵاته‌كه‌ى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌سه‌ر بكاته‌وه‌.

ئاژانسى هه‌واڵى ئیتاڵیا "AKI" ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 22/ كانوونى یه‌كه‌م/2022 بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌مشه‌و جۆرجیا میلۆنى سه‌رۆك وه‌زیرانى ئیتاڵیا به‌ره‌و عێراق به‌ڕێده‌كه‌وێ، بۆئه‌وه‌ى شاندى سه‌ربازى وڵاته‌كه‌ى كه‌ له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژ به‌ داعش له‌ عێراقن، به‌ بۆنه‌ى جه‌ژنه‌كانى سه‌رى ساڵ به‌سه‌ر بكاته‌وه‌. چاوه‌ڕوان ده‌كرێت سبه‌ى هه‌ینى سه‌ردانى هه‌ولێر بكات.

ئاژانسه‌ ئیتاڵییه‌كه‌ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ میلۆنى له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانى حزبه‌كه‌ى گوتوویه‌تى، "ئه‌مشه‌و به‌ره‌و عێراق به‌ڕێده‌كه‌وم، بڕیارم داوه‌ به‌ بۆنه‌ى جه‌ژنى له‌دایكبوون دیدارى ئه‌و سه‌ربازانه‌ بكه‌م كه‌ له‌ ئه‌ركى پاراستنى ئاشتى به‌شدارن".

میلۆنى جگه‌ له‌مه‌یش گوتویه‌تى، ئێوه‌ ده‌زانن ئیتاڵیا ئه‌ركى فه‌رمانده‌یى ناتۆ له‌ عێراق له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت و چوار تا پێنج وه‌زیرى تریش به‌ره‌و ئه‌و شوێنانه‌ ده‌چن كه‌ سه‌ربازى ئێمه‌ى لێیه‌، ئه‌مه‌یش ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ زیاتر له‌ ئێمه‌ قوربانى ده‌ده‌ن".

جۆرجیا میلۆنى وه‌ك رۆژنامه‌نووس و كه‌سایه‌تییه‌كى سیاسى ناسراوه‌ ، له‌ ساڵى 1977 له‌دایكبووه‌ و چه‌ندان پۆستى باڵاى بینیوه‌ و له‌ 22 ى تشرینى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵ بووه‌ته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى ئیتاڵیا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین