ئێران سزاى لەسێدارەدان بۆ دەستگيراوان دەردەكات ئێران

نوچەنێت

دەستەڵاتدارانى ئێران بەو نزيكانە دەست دەكات بە دادگايى كردنى خۆپيشاندەران، چاوەڕوان دەكرێت بۆ كۆنتڕۆڵكردنى خۆپيشاندەران حكومى لەسێدارەدان بەسەر سەدان خۆپيشاندەر بسەپێنێت.

رۆژى شەممە (12/تشرينى دووەم/ 2022) ماڵپەڕى (حوڕە) بڵاويكردەوە دەسەڵاتدارانى ئێران بە تۆمەتى دژايەتيكردنى خودا دەست دەكەن بە دادگاييكردنى خۆپيشاندەران، بەو هۆيەوەش سەدان كەس چاوەڕوانى لەسێدارەدان دەكەن.

بە تۆمەتى كاركردن لە بەرژەوەندى دەزگاى هەواڵگريى ئەمەريكا، دادگاكانى لە چەند رۆژى رابردوو سزاى لەسێدارەدانيان بۆ ئەو دوو رۆژنامەنووسە دەركرد كە بۆ يەكەمجار چيرۆكى گيان لەدەستدانى ژينا ئەمينى كچە كوردى رۆژهەڵاتى ئێرانيان ئاشكرا كرد.

بەگوێرەى ئاژانسى هەواڵى (هرانا) لەگەڵ دەستپێكردنى خۆپيشاندانەكان، تا ئێستا زياتر لە (15) هەزار كەس دەستگيركراون و سەدان كەسيش كوژراون.

هادى عينايەت، پسپۆڕ لە ياساى ئێران دەڵێت، "هەندێك لە گيراوەكان بە سزاى مادى ئازاد دەكرێن، ئەوانەى تريش رەوانەى دادگاى تاوانەكان دەكرێن، زيندانييە سياسيەكان دەگوازرێنەوە بۆ دادگا نهێنييەكانى شۆڕش، كە بۆ پارێزگارى لە كۆمارى ئيسلامى ئێران دامەزراون."

سەبارەت بە چۆنييەتى دادگاييكردنيش لە دادگا نهێنيەكان، ئەو پسپۆڕە ئێرانييە ئاشكرايكرد، لەبرى دەستەى دادوەرى يەك دادوەر ئامادە دەبێت، ئەو كەسانەى لە دادگا نهێنيەكان كاردەكەن پياوانى ئاينين، ياخود ئەوانەن لە زانكۆ حكومييەكان راهێنانيان پێكراوە.

لە بەشێكى ترى قسەكانى عينايەت گوتى، "زۆر بەكەمى لەدادگاكانى ئێران زيندايانى سياسى ئەوەيان هەيە پارێزەريان هەبێت، تەنانەت ناتوانن ئەو بەڵگانەش ببينن كە لە دژيان پێى تۆمەتباركراون."

لەلايەكى ترەوە حوسێن رەئيسى، پارێزەرى پێشوو لە ئێران كە ئێستا لە زانكۆى كاڕلتۆن مامۆستايە رايگەياند، "وەزارەتى هەواڵگريى و دەزگاى هەواڵگريى سەر بە سوپاى پاسداران بەشدارن لە لێكۆڵينەوە و كۆكردنەوەى بەڵگەكان، ئەوەش پێشێلكردنى ياساى ئێرانە."

لەناوەراستى مانگى ئەيلوولى ئەمساڵ ژينا ئەمينى كچە كوردى تەمەن (22) ساڵ لە لايەن پۆليسى رەوەشتەوە دەستگيركرا پاشان لە نەخۆشخانەيەكى تاران گيانى لەدەست دا، تا ئێستا خۆپيشاندانەكان دژ بەو گيان لەدەستدانى ئەو كچە كوردە بەردەوامە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین